رووداو دیجیتاڵ
دواجار پەرلەمانی عێراق پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجەی پەسند کرد. بە فەرمی هەڵەبجە بووە نۆزدەیەمین پارێزگا لە عێراق و چوارەمین لە هەرێمی کوردستان. فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە کاردانەوەکانیاندا دڵخۆشیی خۆیان دەردەبڕن و جەخت لە گرنگیی یەکڕیزیی فراکسیۆنە کوردستانییەکان دەکەنەوە و دەڵێن، "بە یەکڕیزی بەم شێوەیە دەتوانین دەستکەوتی زۆر بەدەستبهێنین".
دوای تەواوبوونی دەنگدانەکە، هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەمە دیارییەکی بچووکە بۆ هەڵەبجە، وەک فراکسیۆنە کوردستانییەکان لەگەڵ شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بۆ ئەو بابەتە سەردانی فراکسیۆنە جیاجیاکانی نێو پەرلەمانمان کرد".
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی گوتی: "لەگەڵ ئەوەی بەشێک لە فراکسیۆنەکان کێشەیان دروستکرد، بەڵام دواجار سوپاس بۆ خودا پرۆژەیاساکە تێپەڕێندرا و هەڵەبجە بووە 19یەمین پارێزگای عێراق."
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی سوپاسی ئەو فراکسیۆنانەی کرد، کە هاوهەڵوێست بوون لەگەڵیان و گوتیشی، "بەشێکیان کە رێگرییان کرد، ئەوانیش هەر یەک بابەتێکی تایبەتی خۆیان هەبووە، بەڵام دواجار هەڵەبجە بووە پارێزگا".
بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە 10 ساڵ زیاترە لە هەرێمی کوردستانەوە کاری بۆ دەکرێت، بەڵام هەر جارە و بە هۆکارێک لە بەغدا شکست بە هەوڵەکە هێندراوە.
سروە عەبدولواحید، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، هەموو فراکسیۆنە کوردستانییەکان یەکدەنگ بوون. فراکسیۆنەکەیان ماوەیەکی زۆرە کاری لەسەر بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە کردووە، ئەمڕۆ دواجار ئەم ئاواتەی خەڵکی هەرێمی کوردستان، بەتایبەت خەڵکی هەڵەبجە بەدی هات.
سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ ئاماژەی بەوەکرد، لەکاتی پڕۆسەی دەنگدان گرفت و کێشە هەبوو، بەڵام بەسەریدا زاڵ بوون و دەنگدانەکە تێپەڕی.
رۆژی 24ـی کانوونی دووەمی 2013، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی هەرێمی کوردستان، نێوەڕۆکی پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجەی بە نووسراوی ژمارە (12034) ئاراستەی نووری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی عێراق کرد، بەڵام ناکۆکیی نێوان شیعەکان و سوننەکان، بووە هۆکار بۆ ئەوەی هەڵەبجە نەبێتە پارێزگایەکی نوێ.
سیپان شێروانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە رووداوی گوت: "بە هەوڵی فراکسیۆنە کوردستانییەکان بەتایبەتی شاخەوان عەبدوڵڵا و موحسین مەندەلاوی، جێگرانی سەرۆکی پەرلەمان لەگەڵ هەندێک فراکسیۆنی شیعە و سوننە لەگەڵیان بوون بۆ پەسندکردنی، سەرەڕای هەوڵی زۆر درا، کە بەربەست و کێشە دروست بکەن، بەڵام لە کۆتاییدا ئەمە دیارییەکی بچووکی سەرجەم فراکسیۆنە کوردستانییەکانە لەم خولەی پەرلەماندا، بۆ کەسوکاری شەهیدانی هەڵەبجە.
پەرلەمانتارەکەی پارتی جەختی لەوە کردەوە، "ئەوەی لە هەموو گرنگترە یەکڕیزییە، ئەگەر یەکڕیز بین، وەکو ئەوەی ئێستا دەستکەوت لەدوای دەستکەوت بەدەستدەهێنین، هەرکاتێکیش پەرتەوازەبووین، هەموو شتێکمان لەدەستداوە".
بەپێی خەمڵاندنی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان، ژمارەی دانیشتووانی هەڵەبجە ئەم ساڵ دەگاتە 125 هەزار کەس.
موسەننا ئەمین، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "سوپاس بۆ خودا یاساکە تێپەڕی و دڵخۆشین کە لە ئەنجامدا دەنگدانەکە کرا. ئێستا هەڵەبجە بە یاسایی پارێزگایە".
پەرلەمانتارەکەی یەکگرتوو باسی ئەوەی کرد، هەندێک هاتن کێشەی تەلعەفەریان دروست کرد، بۆ ئەوەی ببێتە پارێزگا، لەکاتێکدا تەلعەفەر کێشەی لەسەرە، نوێنەری نەینەوا لەسەری ناکۆکن. ناکرێت تەلعەفەر تێکەڵی هەڵەبجە بکرێت، هەر ئەمە بووە هۆی ئەوەی ژمارەیەک پەرلەمانتار بچنە دەرەوە.
موسەننا ئەمین، کە نوێنەری هەڵەبجەیە ئاماژەی بەوەکرد، دەبووایە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دەنگ لەسەر تەلعەفەر بدات، وەزارەتی پلادانان راپۆرتی بۆ دەربکات و ئەنجوومەنی وەزیران پەسندی بکات و وەکو پڕۆژەیاسای رەوانەی پەرلەمانی بکات ئەوسا دەتوانرا لەگەڵ هەڵەبجە دەنگی لەسەر بدرێت لەکاتێکدا ئەمانە هیچیان نەکراون.
موسەننا ئەمین پیرۆزبایی لە هەموو خەڵکی کوردستان کرد و گوتی، "ئەمە داننانە بە جینۆسایدی میللەتەکەمان، چونکە هەڵەبجە جینۆساید کراوە، ئەمە زۆر گرنگە".
چرۆ حەمەشەریف، نوێنەری هەڵەبجە لە پەرلەمانی عێراق کە بە جلی کوردییەوە بەشداری کۆبوونەوەکەی کرد، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هەردوو جێگری سەرۆکی پەرلەمان بەتایبەتی شاخەوان عەبدوڵڵا رۆڵێکی گرنگی هەبوو. گوتیشی، "راستە کێشە دروست بوو، بەڵام دواجار تێپەڕی". هیوای خواست کورد هەمیشە بەم شێوەیە یەک دەنگ و یەک رەنگ بن.
پارێزگاکە لە قەزایەک و چوار ناحیە پێکهاتووە؛ قەزای ناوەندیی هەڵەبجە و ناحیەکانی خورماڵ، بیارە، بەمۆ و سیروان.
شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا سوپاسی سەرۆک و سەرجەم پەرلەمانتارانی فراکسیۆنە کوردستانییەکان کرد، کە هاوکار و پشتیوانیان بوون لە تێپەڕاندنی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە.
شاخەوان عەبدوڵڵا گوتی: "پڕۆژەکە ماوەیەکی زۆرە کاری لەسەر دەکرێت. چەندجارێک خرایە بەرنامەی کار،کە دەگەیشتە دەنگدان کێشەی بۆ دروست دەکرا."
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بەداخە لەوەی هەندێک فراکسیۆن هەندێک پاساویان هەیە، کە لەگەڵ ئاستی قوربانییانی هەڵەبجە ناگونجێت و گوتی، نابێت هەڵەبجە لەگەڵ قەزایەکی دیکە بگونجێنن، بابەتی هەڵەبجە بابەتێکی مەعنەوییە، ئەمە کەمتەرخەمییە بەرامبەر بە هەڵەبجەییەکان.
شاخەوان عەبدوڵڵا گوتیشی "بەداخەوە هەندێک فراکسیۆنی سیاسی کە دۆستی ئێمە بوون، کاتێکدا لەگەڵ فراکسیۆنە کوردستانییەکان سەردانمان کردوون، بەڵێنیاندابوو کە دەنگی بۆ بدەن و تەنانەت ئامادەییان دەربڕی لەبری ئێمەش لەنێو پەرلەمان قسە بکەن، بەڵام بەداخەوە بە پاساوی جۆراوجۆر ویستیان دانیشتنەکەی پەرلەمان تێکبدەن".
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی، سوپاسی هەموو ئەو پەرلەمانتارانەی کرد، کە لە دەرەوەی فراکسیۆنە کوردستانییەکانەوە دەنگیان بە پارێزگابوونی هەڵەبجە دا و گوتی: "هەندێک پەرلەمانتار و هێز هەڵوێستێکی شەرەفمەندانە و نیشتمانیانەیان نواند و لەگەڵ ئێمە مانەوە".
سروە محەممەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتیی کە جلی کوردی لەبەرکردبوو بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، 178 پەرلەمانتار لە کۆبوونەوەکەدا بەشداربوون. گفتوگۆیەکی زۆر لەنێوان فراکسیۆنەکان و پەرلەمانتاران کرا، بۆ ئەوەی چەند قەزایەکی دیکە بکرێتە پارێزگا، "لە کۆتاییدا رێگەمان بە پەرلەمانتاران نەدا بچنە دەرەوە و داوامان کرد نەچنە دەرەوە تاوەکو لە کاتێکی دیکە هاوکارییان بکەین".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ