پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێب لە هەولێر کۆتاییهات؛ پڕفرۆشترین کتێبە کوردییەکان کامانە بوون؟

19-04-2025
رەنجە جەمال
رەنجە جەمال
کچێک کتێبێک دەخوێنێتەوە
کچێک کتێبێک دەخوێنێتەوە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

17مین پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێب لە هەولێر کۆتایی هات، 350 وەشانخانە لە 22 وڵات بەشدارییان لە پێشانگەکەدا کرد کە 61 وەشانخانەیان کوردی بوون.
 
رەنجە جەمال، پەیامنێری رووداو، بەدواداچوونی بۆ فرۆشی وەشانخانە کوردییەکان کردووە. زیرەک سەلام، کارمەندی ناوەندی فام بۆ کتێب دەڵێت: "لە ناوەندی فام پڕفرۆشترین کتێب 'ناوی تۆ ئیمزای منە'ی تەڵعەت تاهیرە کە لە ژانەری شیعردایە. پێشبینی دەکەین پڕفرۆشترینی ئەدەبی بێت، نزیکەی هەزار دانەی لێ فرۆشراوە."
 
لە ناوەندی ئاستانەدا کتێبێکی مێژوویی-ئایینی زۆرترین خوازیاری هەبووە. زریان حەسەن، بەڕێوەبەری ناوەندی ئاستانە دەڵێت: "لە ناوەندەکەمان، کتێبی 'سەڵاحەدینی ئەیوبی لەنێوان زوهد و سەرکردایەتیدا'، کە باس لە تایبەتمەندییە ئایینی و قیادییەکانی سەڵاحەدین دەکات، پڕفرۆشترین کتێبمان بووە."
 
حەسەن ئاوێر، بەڕێوەبەری ناوەندی ئاوێر باس لە کتێبێکی سیاسی دەکات: "پڕفرۆشترین کتێبمان 'شاراز' بووە، کە زیاتر لە 700 دانەمان لێ فرۆشتووە. کتێبەکە سیاسی و رۆشنبیری گشتییە."
 
موخلیس یونس، خاوەنی کتێبخانەی تەفسیر ئاماژە بە کتێبێکی هەنووکەیی دەکات: "پڕفرۆشترین کتێبمان 'دڕک و مێخەکی یەحیا سینوار'ە."
 
وەرزێر جەزا، خاوەنی ناوەندی گۆڵدن بووک باس لە کتێبێکی خەیاڵی دەکات: "لە گۆڵدن بووک پڕفرۆشترین کتێب 'رێساکانی چارتن' بووە، کە زیاتر لە هەزار دانەی چاپی نەما و تەواو بوو. رۆمانێکی خەیاڵی فانتازییە."
 
کتێبێکی ئایینیش بازاڕێکی گەرمی هەبوو لە پێشانگەکەدا. عەلی تاهر، خاوەنی کتێبخانەی هیدایە دەڵێت: "لە کتێبخانەی هیدایە لەم پێشانگەیە زیاتر لە دوو هەزار دانە لە کتێبی 'ناسینی هاوەڵان' مان فرۆشت، کە لە شەش بەرگ پێکهاتووە."
 
لە پێشانگەی ئەمساڵدا، لەنێو کۆبەرهەمەکاندا، زۆرترین خواست لەسەر هەژار موکریانی و مەسعوود محەممەد هەبوو. رێدار ئەحمەد، بەرپرسی چاپەمەنی لە دەزگای خاڵ دەڵێت: "کۆبەرهەمەکان پێشوازیی باشیان لێکراوە. ئەگەر لە کۆبەرهەمەکەی هەژار موکریانی هەزار دانەشمان لێ چاپبکردایە، پێشانگاکە نەدەگەیشتە کۆتایی تەواو دەبوو."
 
سەرەڕای ئەوەی کە رێکخەرانی پێشانگاکە هیچ داتا و ئامارێکی فەرمییان نەخستووەتەڕوو، بەڵام پێشانگەکە بەردەوام پڕ بوو لە سەردانیکار. 
 
یوسف مەنتک، سەرپەرشتیاری ستاندی کوردستان لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێبی فرانکفۆرتی ئەڵمانیا پێشنیازێک دەخاتەڕوو: "لە پێشانگەی کتێبی فرانکفۆرت، لە پێشانگەی کتێبی لایبزیک و لە پێشانگەی کتێبی فەرەنسا، کە لە 11 بۆ 13ی مانگ لە گراند پاڵاس بەڕێوەچوو، هەموو داتاکان هەن و بە دیجیتاڵی دەکرێن و تۆماردەکرێن."
 
بە درێژایی 11 رۆژی پێشانگەکە، چەندین پانێڵی جیاجیا لەبارەی وەرگێڕان و زمان بە بەشداریی رۆشنبیرانی کورد و بیانی بەڕێوەچوو کە پێشوازییەکی باشیان لێکرا.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە