خانەنشینیی کوردستان: رەنگە ئەم مانگە 1578 خانەنشین چوار مووچە بەیەکەوە وەربگرن

19-04-2025
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی کوردستان دەڵێت، ئێستا مامەڵەی خانەنشینی لە هەموو بەڕێوەبەرایەتییەکان رایی دەکرێت و ئەوەش وایکردووە، پرۆسەکە خێرا بێت. بەرپرسێکی خانەنشینیی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت: "چاوەڕێ دەکەین ئەم مانگە زیاتر لە هەزار و 500 خانەنشین چوار مووچە بەیەکەوە وەربگرن."
 
رۆژی شەممە، 19ـی نیسانی 2025، سادق شێخ عوسمان، گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "نزیکەی 16 هەزار خانەنشین لە سنووری پارێزگای سلێمانی هەن کە لەدایکبووی ساڵانی 1962، 1963 و 1964ـن. 10 هەزار بۆ 11 هەزاریان مامەڵەیان لە بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینیی سلێمانی دەکرێت و ئەوانی دیکەش لە ناوچەکانی دەوروبەری سلێمانی". 
 
گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی کوردستان دەڵێت، سەرەتا پڕۆسەی تەواوکردنی مامەڵەکە بە هێواشی بەڕێوەدەچوو، "بەڵام ئێستا دەسەڵات بە بەڕێوەبەرایەتییەکانی خانەنشینی لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان دراوە بۆ تەواوکردنی مامەڵەی خانەنشینی یەکگرتوو، ئەمەش پرۆسەکەی خێراتر کردووە".
 
هاوکات هەر ئەمڕۆ، بەرپرسێکی خانەنشینی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت: "ئەو کەسانەی لە کانوونی دووەمەوە خانەنشین بوون، بەشێکیان ئەم مانگە مامەڵەیان تەواو دەبێت کە ژمارەیان 1,578 کەسە و چاوەڕوانین چوار مووچە بەیەکەوە وەربگرن". 
 
بە گوتەی ئەو بەرپرسە، "زۆرترین مامەڵە لە پارێزگای سلێمانی تەواوکراوە کە 578 خانەنشینن، لە هەولێریش 500 و دهۆکیش 500 مامەڵە تەواو بوون". 
 
دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق رۆژی 22-11-2022 حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ بەجێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق، ژمارە 9ـی ساڵی 2014 پابەند کرد، بەڵام تاوەکو تەممووزی 2024 جێبەجێ نەکرا.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە