رووداو - کەرکووک
یادگار نووری، پەرستاری تەمەن 22 ساڵانی نەخۆشخانەی گشتیی کەرکووک، دوای سێ رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە، بە تای خوێنبەربوون گیانی لەدەستدا.
یادگار لە 17ـی ئەم مانگە، کاتێک لەگەڵ نەخۆشێکی هەڵگری تای خوێنبەربوون مامەڵەی دەکرد، تووشی نەخۆشییەکە بوو. ئەو پەرستارە گەنجە یەکێکە لە قوربانییەکانی بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون لە کەرکووک کە نیگەرانییەکی زۆری لای دانیشتووان و بەرپرسانی تەندروستیی شارەکە دروستکردووە.
نەجات ئەحمەد، مامی یادگار بە رووداوی گوت: "کاژێر یەکی شەو جارێک دڵی لە لێدان کەوت، ئێمە وامانزانی تەواو بووە، بەڵام دوای هەوڵێکی زۆر گەڕایەوە ژیان. کاژێر سێی بەرەبەیان بۆ جاری دووەم دڵی لە لێدان کەوت و وێڕای هەموو هەوڵەکان، سوودی نەبوو و گیانی لەدەستدا."
بەپێی زانیارییەکان، یادگار و سێ هاوپیشەی دیکەی، نەخۆشێکیان لە داقووقەوە بۆ نەخۆشخانە گواستووەتەوە. رۆژی پێنجشەممە یەکێک لەو کارمەندانە گیانی لەدەستدا و دووانەکەی دیکەش ئێستا لەژێر چاودێریی پزیشکی دان.
زیاد سابیر، نوێنەری ڤێتنەریی کەرکووک دەڵێت: "ئێمە ئەم ساڵ 28 تیممان پێکهێناوە بۆ رشتن و خاوێنکردنەوەی نەخۆشخانەی کەرکووک، 16 تیمی وەڵامدانەوەی خێرامان هەیە بۆ بوونی حاڵەتی لەناکاو. لێژنەیەکی هاوبەشیشمان هەیە لە ئیدارەی خۆجێی و قایمقامیەت و شارەوانی و ڤێتنەری بۆ رێگریکردن لە سەربڕینی ئاژەڵ لەسەر شەقامەکان."
دوای تووشبوونی ئەو چوار کارمەندە، تیمەکانی قایمقامیەتی کەرکووک تەواوی ئەو گۆشتفرۆش و دووکانانەیان داخست کە بە زێدەڕۆیی و بەبێ رێنمایی تەندروستی گۆشتیان دەفرۆشت.
یەحیا عەبدوڵڵا، سەرۆکی لیژنەی هەڵگرتنی زێدەڕۆیی بە رووداوی گوت، "ئەمانە کاری گۆشتفرۆشی دەکەن و رێکارەکانیان نایاساییە. لەم دوو سێ رۆژەش تای خوێنبەربوون بڵاوبووەتەوە، بۆیە ئێمە چەندین جار ئەم دووکاندارانەمان ئاگادارکردووەتەوە دەبێت مۆڵەتی تەندروستییان هەبێت و لەم سنوورەش نابێت ئەو کارە بکەن، چونکە هەموو دووکانەکانیان زێدەڕۆیە."
بەپێی دوایین زانیارییەکان، بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکانی بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون لە کەرکووک، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لە وەزارەتی تەندروستیی عێراقەوە رەوانەی نەخۆشخانەکانی سنووری کەرکووک کراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ