بەرگریی شارستانی هەولێر: ئەو کۆگەیەی سووتا هیچ مەرجێکی سەلامەتیی تێدا نەبوو

13-06-2024
پەیام سەربەست
پەیام سەربەست @paya_m_
سووتانی کۆگەکە. وێنە: رووداو
سووتانی کۆگەکە. وێنە: رووداو
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ئاگری پاڵاوگەیەک لە کاژێر 8:30 شەوی چوارشەممە سێ تەقینەوەی بێ ئامانی بەدوای خۆیدا هێنا، خەڵکی دەوروبەری پاڵاوگەکە شەوی تاریکیان لێ بوو بە رۆژ. بەرگریی شارستانی دەڵێت، ئەو شوێنە هیچ مەرجێکی سەلامەتیی تێدا نەبوو. 
 
وەک هەر ئاگرێکی ئاسایی، کارمەندەکانی پاڵاوگەکە و تیمەکانی بەرگریی شارستانی پەلاماریاندا بۆ ئەوەی زوو کۆنترۆڵی ئاگرەکە بکەن، بەڵام نەوتی خاوی نێو پاڵاگەکە وەک تەقەمەنی زیاتر دەتەقیەوە و نەبوونی مەرجەکانی بەرگریی شارستانی و نزیکیی مەودای کۆگاکان لەیەکدی وایکرد ئاگر لە کۆگایەک بۆ کۆگایەکی دیکە تەشەنە بکات. لە ئەنجامدا سێ کۆگا بوون بە خۆڵەمێش. 
 
فاخر مورتکە، دانیشتووی گوندێکی دەورووبەری ئاگرەکەیە و دەڵێت: من ئێوارە هاتمەوە ماڵێ لەسەر کار بووم هاتمەوە ماڵ، گوتیان دەنگێک هات سەیرمان کرد ئاگر بڵند بوو. لێرە خۆی ئەمانە هەمووی ‌غازە. هەمووی لێرە کۆگای دەکەن. رۆژانە بە هەزاران تانکەر دەڕۆنە ژوورەوە و کۆگای دەکەن کە پلەی گەرمی زیاد بوو دەتەقێ."
 
ئاگرەکە یەکجار بەتین و گەورە بوو؛ 40 تیمی بەرگریی شارستانی بە مادەی فۆم هەوڵیاندەدا کۆنترۆڵی بکەن، بەڵام کڵپەی ئاگر 4 ئۆتۆمبێلی بەرگریی شارستانی و سێ تانکەری سووتەمەنی کرد بە خەڵووز. 
 
14 کارمەندی بەرگریی شارستانی تووشی سووتان و شکان و تەنگەنەفەسی بوون بۆیە دەرکەوت کۆنترۆڵکردنی سووتانی ئەو کۆگایانە زۆر ئەستەمە. تیمەکان پلانیان گۆڕی بەوەی وازبێنن تا کۆگاکان بەتەواوی دەسووتێن و بە دروستکردنی ساتری خۆڵ لە دەوروبەی کۆگاکان رێگری لە تەشەنەکردنی ئاگرەکە بۆ پاڵاوگەکانی تەنیشت و شوێنەکانی نزیکی ئاگرەکە بکەن. 
 
دواجار دوای 20 کاژێر بەرگریی شارستانی هەواڵی "کۆنترۆڵکردنی" ئاگرەکەی راگەیاند،
 
شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانی هەولێر گوتی: "دوو بریندار نەخۆشخانەیان جێهێشتووە و دووانیشیان حاڵەتەکەیان سەختە، ئەوانەی سووتاون دەمووچاو و دەستیان سووتاوە."
 
بە گوێرەی سەرچاوەیەکی فەرمی ئەو پاڵاوتگەیە نایاساییە و رووبەرەکەی نزیکەی 25 دۆنمە. سێ کۆگای گەورە لە شێوەی حەوز لە ژێر زەوی عەمباری زیاتر لە 20 هەزار نەوتی خاوی شێخانی کردووە.
 
نەوتی خاوی شێخان تایبەتمەندی هەبوونی h2S  بەرزی هەیە کە لەکاتی گڕگرتن کۆنترۆڵکردنی ئەستەمە. لەو پاڵاوگەیە، نەوتە خاوەکە دەکات بە مادەی دیکە وەک گازوایل و بەنزین و دەینێرن بۆ بازاڕەکانی کوردستان. بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، ئاگرەکەش لەوکاتە کەوتووەتەوە کە خەریکی بەتاڵکردنی نەوتە خاوەکە بوونە لە تانکەرەکان و کارەبا لە پاڵاوگەکە ئاڵوگۆڕی کردووە. پێشبینی دەکرێت تەنیا زیانی پاڵاوگەکە بێ سووتانی تانکەر و ئۆتۆمبێلەکان 8 بۆ 10 ملیۆن دۆلار بێت. 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە