رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستی کەرکووک دەڵێت، لە دوێنێوە 119 کەس بەهۆی خۆڵبارینەوە رەوانەی نەخۆشخانەکان کراون و چارەسەری پێویست بۆ هەموویان کراوە.
شەوی رابردوو شەپۆلێکی چڕی خۆڵبارین کەرکووکی گرتەوە. تەندروستیی کەرکووک رایگەیاندووە، پێش خۆڵبارینەکە ئامادەکاری کرابوو، ئەوانەشی بەهۆی هەناسەتووندییەوە رەوانەی نەخۆشخانە کراون، زۆرینەیان لەنێو شاری کەرکووک بوون.
سامان یابە، گوتەبێژی تەندروستیی کەرکووک، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەوانەی بەهۆی هەناسەتووندییەوە براونەتە نەخۆشخانە، چارەسەری پێویستیان بۆ کراوە، هیچ گیانلەدەستدانێکیش لەنێویاندا تۆمارنەکراوە.
بەهۆی خۆڵبارینەکەوە لە سنووری پارێزگای کەرکووک، 23 کەس براونەتە نەخۆشخانەی فێرکاریی ئازادی، 36 کەس بە هەمان هۆکار براونەتە نەخۆشخانەی فێرکاریی کەرکووک و 60 کەسیش لە قەزای داقووق رەوانەی نەخۆشخانەی گشتیی شارەکە کراون.
محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بەهۆی چالاکی بای باشووری رۆژئاوا، خۆڵێکی چڕ ناوچەکانی رۆژئاوای عێراقی گرتبوویەوە، کە کاریگەریی لەسەر پارێزگای کەرکووک و ئیدارەی گەرمیانیش هەبوو.
بەگوتەی ئەو کەشناسە، کاریگەریی خۆڵبارینەکە تاوەکو کاژێر 07:00ـی بەیانی ئەمڕۆ بەردەوام بووە و ئێستا کەشەکە سەقامگیر بووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ