بانگەشەی هەڵبژاردن لە گەڕەکەکانی هەولێر جیاوازە: لە شوێنە هەژارنشینەکان گەرموگوڕترە

13-10-2024
پەیام سەربەست
پەیام سەربەست @paya_m_
بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە گەڕەکەکانی هەولێر
بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە گەڕەکەکانی هەولێر
نیشانەکردن هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

کەمتر لە 60 کاژێری ماوە بۆ کۆتاییهاتنی وادەی بانگەشەی هەڵبژاردن، لە هەولێر تێبینی ئەوە دەکرێت؛ لە گەڕەکە هەژارنشینەکان، بانگەشە گەرموگوڕترە وەک لەو گەڕەکانەی کەسانی دەوڵەمەند تێیدا نیشتەجێن. 
 
پێگەی ئیکۆنۆفاکت کە پێگەیەکی ئەمریکییە لە ساڵی 2016 لێکۆڵینەوەیەکی لەسەر دەنگدەرانی ئەمریکا بۆ هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2016 کردبوو، لە ئەنجامەکەیدا دەردەکەوێت؛ زیاتر لە 90٪ـی دەنگدەران ئەو کەسانە بوونە کە داهاتی رۆژانەیان زۆرە و زیاتر لە 150 دۆلار.
 
لە هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا توێژینەوە و راپرسییەک نەکراوە لەسەر ئەوەی زۆربەی دەنگدەران خەڵکی دەوڵەمەندن یان هەژار، بەڵام ئەوەی بە بانگەشەی هەڵبژاردنەکانەوە دەردەکەوێت ئەوەیە؛ بانگەشە لەو گەڕەک و ناوچانەی هەژارنشینن، زۆر گەرموگوڕترە وەک لەو گەڕەکانەی خەڵکی دەوڵەمەند تێیدا نیشتەجێن.
 
گەڕەکی سەرکارێز، کە یەکێکە لە گەڕەکە هەژارنشینەکانی باشووری رۆژئاوای هەولێرە، خانووی بچووک لەنێو کۆڵانە تەنگ و درێژەکان ریزیان بەستووە، سەرەڕای هەموو جەنجاڵییەکانی ئەم گەڕەکە، پۆستەر و وێنەی بەربژێرانی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، ستوون و دیوارەکانیان داپۆشیوە.
 
مۆبایلەکەی مام محەممەد، کە دانیشتووی گەڕەکەکەیە، لە رۆژانی بانگەشەدا پشوو بەخۆیەوە نابینێت. 
 
محەممەد عومەر بە رووداوی گوت "بەڕاستی ئەو گەڕەکەی ئێمە کۆمەڵایەتییە، کە بانگەشەی هەڵبژاردن کرا، ئەو خەڵکە بە گشتی رادەکات، وەک جەژنە و تەلەفۆن بۆ یەکدی دەکەن، لێرە 600 بۆ 700 خێزانم بەسەرکردووەتەوە لەو رۆژەی باسی هەڵبژاردن کراوە."
 
گەڕەکە دەوڵەمەندنشینەکانی هەولێر، پێچەوانەن، بێدەنگ و کش و مات دەردەکەون.
 
بازرگانێک بەناوی محەممەد خانۆ، کە دانیشتووی فیچەر ستییە لە هەولێر، پێیوایە لەم گەڕەکانەش خەڵک پەرۆشی دەنگدانن، بەڵام بۆ بانگەشە کەمتر بڕوایان بە پۆستەر هەڵواسین و هاتوهاواری بانگەشە هەیە.
 
محەممەد دەڵێ "پرۆسەکە چەند ئارامتر بێت، یارمەتیدەرە بۆ منی دەنگدەر کە بە ئاسانی بتوانم ئەو بەربژێرەی خۆم لەنێو مێشکی خۆمەوە بەپێی ئەو فیلتەرانەی لەنێو مێشکی منە، هەڵیبژێرم."
 
بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردنی کۆمەڵی دادگەری دەڵێت حیزبەکان و کاندیدەکان دەنگدەرانی خۆیان دەناسن. 
 
بێستوون حەمە ساڵح، بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردنی کۆمەڵی دادگەری بە رووداوی گوت "بێگومان ئێمە، یان هەر لایەنێک لە هەر شوێنێک دەنگدەرەکانمان یان ئەندامەکانمان زیاتر بن، لەوێ زیاتر دەبین."
 
لە ساڵی رابردوودا ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو راپرسییەکی لەنێوان دوو هەزار و 412 هاونیشتیمانی کرد، لە ئەنجامی راپرسییەکەدا دەرکەوت 'هەرچەندە لە ژینگەی گوندنشینەوە بەرەو ناوەندی شارەکان دێین، خواستی بەشداری لە هەڵبژاردن کەم دەبێتەوە.'
 
ئەکرەم عەبدولجەبار، کۆمەڵناس لەمبارەیەوە دەڵێ ئەمە "پەیوەندیی بە لایەنی ئابوورییەوە هەیە، بەشێک لەو خەڵکانەی لە گەڕەکە کۆمەڵایەتی و هەژارنشینەکان دەژین، زۆر بانگەشە بۆ حیزبێک، لایەنێک و کاندیدێک دەکەن، بەو هیوایەی دواتر کۆمەڵێک شایستەی دارایی و ئیمتیازات بەدەستبهێنن، بۆیە دەبینی بەربژێرەکان بەڵێنی هێندە گەورە و قەبە بە خەڵک دەدەن، کە ئەو کەسانەی لەو شوێنانە دەژین، زیاتر دەکەونە ژێر کاریگەریی ئەو بەڵێنانە بەراورد بەو کەسەی لە شوێنە دەوڵەمەندەکانە."
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە