شاندەکانی ئێران و ئەمریکا لە پایتەختی عومان کۆدەبنەوە؛ هەردوولا دەڵێن، دەیانەوێت رێکبکەون

12-04-2025
سینا سۆما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، شاندی ئەو وڵاتە بە مەبەستی دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا بەرەو مەسقەت، پایتەختی عومان بەڕێکەوتووە.
 
رۆژی شەممە 12ی نیسانی 2025 ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، شاندی ئێران بە سەرۆکایەتیی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە بۆ دانوستاندن لەگەڵ شاندی ئەمریکا بەرەو عومان بەڕێکەوتووە.
 
ئیسماعیل بەقایی دەڵێت، "سوورین لەسەر ئەوەی لە هەموو تواناکان بۆ پاراستنی دەسەڵات و بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی ئێران کەڵک وەربگرین."
 
ئامانجی شاندەکە کۆبوونەوە و رێککەوتنە لەگەڵ ئەمریکا لەبارەی ناکۆکییەکانی نێوان هەردوو وڵات، بەتایبەت لە بابەتی پرۆگرامی ئەتۆمیدا.
 
لە لایەنی ئەمریکاش، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە دانوستاندنەکەی لەگەڵ ئێران بەشدار دەبێت.
 
بڕیارە ئەمڕۆ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بە نێوەندگیریی بەدر بوسەعید، وەزیری دەرەوەی عومان لە مەسقەت لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران کۆببنەوە.
 
شەوی چوارشەممە 9ی نیسانی 2025 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، دەیانەوێت لەگەڵ ئێران رێککەون و رێگەیان پێنادەن ببنە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
 
سەرۆکی ئەمریکا گوتیشی، "ئەگەر پێویست بە رێگەی سەربازی بکات، ئەوا رێگەی سەربازی دەگرینەبەر. ئاشکراشە ئیسرائیل بەشدارییەکی زۆری لەوەدا دەبێت و سەرکردایەتیی دەکات."
 
عەلی شەمخانی، راوێژکارێکی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران لەبارەی گفتوگۆکانەوە گوتی، تاران رێککەوتنێکی "راستەقینە و دادپەروەری" لەگەڵ ئەمریکا دەوێت.
 
عەلی شەمخانی هەڕەشەی ئەوەشی کرد، ئەگەر بەرپرسانی واشنتن لە هەڕەشەکانیان بەردەوام بن ئەوا پشکنەرانی وێستگە ئەتۆمییەکان کە سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانن لە وڵاتەکەی دەردەکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە