وەزارەتی ناوخۆ: بەناوی ئاوەدانكردنەوە یارمەتیی مادی ملیشیا نایاساییەكانی شنگال دەدرێت

11-04-2023
هێمن بابان رەحیم
نیشانەکردن شنگال
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەڵێت جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگال باشترین رێگەچارەیە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان و ئاساییکردنەوەی باردۆخی ژیانی ئاوارەکان و خەڵکی ناوچەکە. هەروەها وەڵامی قسەکانی وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراقیش لەبارەی ئاوارەکانەوە دەداتەوە و دەڵێت "کەوتووەتە موزایەدە بۆ مەرامی سیاسی".
 
رۆژی سێشەممە، 11-4-2023، وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان روونکردنەوەیەکی لەبارەی لێدوانەکانی ئیڤان فایەق جەبرۆ، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لەبارەی ئاوارەکان و گەڕانەوەیان بۆ زێدی خۆیان بڵاوکردەوە و قسەکانی رەتدەکاتەوە.
 
لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتەکەدا هاتووە "هەرێمی کوردستان چەندین ساڵە میوانداریی سەدان هەزار ئاوارەی ناوخۆی عێراق و پەنابەرانی وڵاتانی دەوروبەر دەکات و سەرەڕای بارودۆخی سەخت و قەیرانی داراییش، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەرکی سەرەکیی میوانداریکردنی دەیان کەمپی ئاوارەکان و پەنابەرانی لەئەستۆگرتووە و لەڕووی ئابوورییەوە تێچوونێكی زۆر كەوتووەتە سەر شانی حكومەتی هەرێمی كوردستان".
 
سەبارەت بە گەڕانەوەی ئاوارەکان کە ماوەی نۆ ساڵ دەبێت لە هەرێمی کوردستانن بۆ ناوچەکانی خۆیان، وەزارەتی ناوخۆ دەڵێت هەمیشە لەگەڵ گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە و سەربەرزانەی ئاوارە و پەنابەرانە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، "بۆ ئەو مەبەستەش جێبەجێکردنی رێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقی فیدراڵ باشترین نەخشەڕێگەیە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان و ئاساییکردنەوەی بارودۆخی ژیانی ئاوارەکان و خەڵکی ناوچەکە، لەگەڵ ئەوەشدا لێكتێگەیشتنی باش لەنێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵی بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ سەرجەم كێشەكان لە ئارادایە و ئەو چاوەڕوانییە هەیە كێشەی ئاوارەكان و گەڕانەوەی سەربەرزانەیان بۆ ناوچەكانیان چارەسەر بكرێت". 
 
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، وەڵامی وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراقیش دەداتەوە، کە رۆژی 5ـی ئەم مانگە لە هەڤپەیڤینێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاندبوو وەزارەتەکەی دەسەڵاتی بەسەر کەمپەکانی هەرێمی کوردستانەوە نییە و گێڕانەوەی ئاوارەکان پێویستی بە ئیرادەی سیاسییە.
 
وەزارەتی ناوخۆ دەڵێت "كەوتووەتە موزایەدە و بڵاوكردنەوەی قسەی نابەرپرسانە و بێ بنەما لەبابەتی ئاوارەكان و بەكارهێنانیان بۆ مەرامی سیاسی، ئەم جۆرە دنیابینی و  لێدوانانە شاردنەوەی خواستی ئاوارەكان و پەردەپۆشكردنی راستییەكانە و بەهیچ شێوەیەك خزمەتی دۆخی ئاوارەكان و ئاساییبوونەوەی ژیانیان ناكات".
 
لەبارەی هۆکارەکانی نەگەڕانەوەی ئاوارەکانیش بۆ شوێن و ناوچەکانی خۆیان، وەزارەتی ناوخۆ دەڵێت: "هۆكاری سەرەكیی نەگەڕانەوەی ئاوارەكان بە پلەی یەكەم بوونی كۆمەڵێك هێزی نایاساییە لە دەڤەری شنگال و جێبەجێنەكردنی رێككەوتنامەی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵە لەبارەی ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال. بەداخەوە هەتا ئێستا، بەناوی ئاوەدانكردنەوە، یارمەتیی مادی پێشكەشی هێز و ملیشیا نایاساییەكان دەكرێت، ئەگەر وەزیری كۆچ و كۆچبەران و هاوئاوازەكانی هێندە راستگۆن و پەرۆشی ژیانی ئاوارەكانن، با بێن كار بۆ ئاساییبوونەوەی دۆخی شنگال بكەن، ئەو كات هەم ئاوەدانكردنەوە ئاسانتر دەبێت، هەم ئەو ئاوەدانكردنەوەیە لە خزمەتی ئاوارەكان و ئاساییبوونەوەی ژیانیاندا دەبێت".
 
کۆتاییەکانی مانگی رابردوو، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ناوەندی هاوبەشی هاوئاهەنگی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاند لە هەرێمی کوردستاندا 931 هەزار ئاوارە و پەنابەر هەن، 665 هەزار کەسیان ئاوارەی عێراقین، جگە لەوەی 36 کەمپی ئاوارەکان هەن، بەڵام 74٪ـی ئاوارەکان لەنێو شارەکانی هەرێمی کوردستاندان.
 
رێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال لە تشرینی یەکەمی ساڵی 2020 واژۆکرا. رێککەوتنەکە لە چەند خاڵێک پێکهاتووە کە دیارترینیان دەرکردنی هەموو هێزە چەکدارەکانی حەشدی شەعبی و هێزەکانی نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ـیە لە شنگال؛ لەگەڵ راسپاردنی ئەرکی پاراستنی ئاسایشی شارەکە بە پۆلیس و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و هەواڵگریی فیدراڵی، هەروەها ئاوەدانکردنەوەی شارەکە و رەخساندنی زەمینە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی باخچەی ساوایانی بەیبوون.

لە ئێلیهـ دوای دانانی قەییوم مامۆستایانی کوردیی باخچەیەکی ساوایان وازدەهێنن

لە پارێزگای ئێلیهی باکووری کوردستان دوای ئەوەی بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی تورکیا قەییوم لەسەر شارەوانیی شارەکە دانرا، مامۆستایانی زمانی کوردی باخچەی ساوایانی بەیبوون وەک کاردانەوەیەک وازیان لە کارەکانیان هێنا.