رووداو دیجیتاڵ
رۆژێک دوای سووتانی 50 دووکانی بازاڕی لەنگەیە، مام مەجید بەسەر پاشماوەی دووکانە سووتاوەکەی کوڕەکەیدا دەگەڕێ. کوڕەکەی مام مەجید بایی 6 هەزار دۆلار کەلوپەلی لەنێو ئەم دووکانەدا سووتا و لە خەمدا لە ماڵەوە کەوتووە.
مەجید رەزا دەڵێت، "کوڕەکەم فەقیرە و بەڕۆژووە و نەخۆشە لە ماڵێ کەوتووە لە خەمدا، ناخۆشە، هێندە زەرەر ناکاتە نینۆکێکی خۆی، بەس هەر ناخۆشە ئەو هەموو کەلوپەلە بە یەکجار لە ماوەی 10 خولەک بایی 5 بۆ 6 هەزار دۆلار بڕوات زۆر ناخۆشە".
لەدوای ئاگرەکە تیمێکی پۆلیس و مەفرەزەیەکی بەرگریی شارستانی بە درێژایی دوێنێ شەو چاودێری بازاڕی لەنگەیان کردووە، چاوەڕێدەکرا ئەمڕۆ دەست بە هەڵمەتی پاککردنەوەی دووکانە سووتاوەکان بکرێت، بەڵام کارەکە ئەنجام نەدرا چونکە بۆ پاککردنەوەی بازاڕەکە پێویست دەکات چینکۆی بنمیچەکان لاببردرێت و بەشێک لە دووکانەکان بڕوخێندرێن.
بەگوێرەی سەرچاوەیەک دووەم رۆژی جەژن شارەوانی دەست بە پاککردنەوەی دووکانەکان دەکات.
دیدار لەگەڵ چوار برای دووکانیان لەم بازاڕە هەیە و لە دووکانی هەموویان هیچ شتێک بە سەلامەت دەرنەچووە، کە باسی زیانیان بۆ کردم بە نزیکەیی 150 هەزار دۆلاریان زەرەر کردووە.
دیدار سوارە، دووکانداری لەنگەی هەولێر دەڵێت، "چاوەڕێی ئەوە دەکەین شارەوانی بێت ئەم کەپرەی سەرەوەمان بۆ هەڵبگرێت، هەندێک لەو دووکانانە دەبێت ئێمە بیڕۆخێنین چونکە داکەوتووە، سبەی و دووسبەی کڕیار بێتە بنی خوانەخواستە خراپتری لە دوا دەبێت، دووکان بەربێتەوە و خەڵک لە بنی بێت ئینجا ئێستا زەرەرەکە هەبووە با ئەوەشی بێتە سەر".
ئاگرەکەی بەرەبەیانی دووشەممە بە 3 کاژێر کۆنترۆڵ کرا و تائێستا لێکۆڵینەوە لە هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە بەردەوامە و قەبارەی زیانەکان بە فەرمی رانەگەیێندراوە.
محەممەد ئیبراهیم، دووکاندارێکی دیکەی لەنگەیە و ئاماژە بەوە دەکات، تەنیا هاتووە سەیری دۆخەکە دەکات، "دەڵێن دەوام نییە و جارێ خاوێنی ناکەنەوە".
عەلی ئیسماعیل دوقکاندارێکی دیکەیە و باس لەوە دەکات، "دەزانی چۆنە؟ هەر وەکو بڵێی راهاتووین، ئەو رۆژەی هاتم هیچ خۆم تێکنەدا کە نەگەیشتمە ئێرە، دووکانی ئەو هاوڕێیەشم سووتا بەس هیچ خۆم تێکنەدا چیبکەم راهاتووین، لە دووکانەکەشم نزیکبوو بە نزیکەیی دوو دووکانمان بەین بوو دەگەیشتە دووکانی من".
لەنگەی هەولێر بازاڕێکی میللیە و ژمارەی دووکانەکانی 2400 دووکان دەبن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ