رووداو - خورماتوو
برای بچووک و ئامۆزای ئەو دوو شوانەی نیوەڕۆی رۆژی دووشەممە 08-01-2024 رفێندران، بە تەنیا لە ماڵەوە ماوەتەوە، خەڵکی گوندی خەشامنەیە لە خورماتوو و دەڵێت، ئاواتیان ئەوەیە شوانەکان بگەڕێنەوە. دایک و باوکی قەیسەر، کە یەکێکە لە شوانەکان بۆ هەواڵی کوڕەکەیان رۆیشتوونەتە لای پۆلیسی خورماتوو.
برای قەیسەر مەسعود، یەکێک لە شوانە رفێندراوەکان دەڵێت، "ئێمە نازانین چی بووە، مەڕەکانمان دەلەوەڕاند چەکدارەکان هاتن و ئەوانیان برد، ئاواتمان ئەوەیە بگەڕێنەوە."
مەڕدارانی ناوچەکە باسی مەترسیی چەکدارانی داعشیان دەکرد، بەڵام ترس وا دایگرتوون کە نەتوانن دەموچاویان دەربخەن.
محەممەد فازڵ شوانە و لەبارەی رفاندنی ئەو دوو شوانەوە دەڵێت، "ئەوانیان برد، بەڕاستی ئێرە زۆر ترسناکە، ئێمەش دەترسین، دوێنێ پێکەوە بووین تاوەکو عەسر، لەو دۆڵەی ئەوێدا بردیانن."
راوێژکارێکی ئەمنی لە پارێزگای سەڵاحەدین باس لەوە دەکات، چەند رۆژێکە جموجووڵی بەردەوامی داعش لە سنوورەکانی زەرگە، فەتحە، دۆڵی شای لە نزیک خورماتوو دەبیندرێت.
کاوە شێخانی، راوێژکاری ئەمنیی پارێزگای سەڵاحەدین گوتی، "لەدوای ساڵی 2003وە ئەو ناوچە نەتواندراوە بە تەواوی کۆنترۆڵ بکرێت. ئێستا چەکدارانی داعش بە نیزامی مەفارس یەعنی بوونیان هەیە، تەقریبەن لەو ناوچانە ماوەی جارێ دێن کردەوەی تیرۆریستی دەکەن، چی لەڕێگەی هێرشکردنە سەر هێز و سوپا و هێزە ئەمنییەکانەوە بێت، چی لەڕێگەی رفاندنی هاووڵاتییانەوە بێت."
خەشامنە گوندێکی تورکمان و عەرەبنشینە لە 30 کیلۆمەتری رۆژئاوای خورماتوو؛ گوندێکی گەورە کە ئێستا تەنیا سێ ماڵی تێدا ماوەتەوە و هۆکاری سەرەکیی چۆڵکردنی بۆ ناسەقامگیریی ناوچەکە دەگەڕێننەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ