رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، نووسراویان بۆ بانکی ناوەندیی عێراق کردووە بۆ ئەوەی 100 دۆلار بە 132 هەزار دینار کە نرخی فەرمی بانکی ناوەندییە لە حاجیان وەربگرێت؛ بانکی تی بی ئایش لەبارەی ئەو بابەتە لەسەر هێڵە و چاوەڕوانی وەڵامی بانکی ناوەندیی عێراق دەکات.
دوێنێ یەکشەممە بەشێک لە حاجییانی سنووری گەرمیان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا لەبەردەم بانکی بازرگانیی تی بی ئای لە سلێمانی، داوایان لە بەڕێوەبەرایەتیی حەج وعومرەی هەرێمی کوردستان کرد کە بە دینار، تێچووی حەج بە بانکەکان بدەن و بۆ هەر 100 دۆلار 130 هەزار دینار بێت.
رۆژی دووشەممە 08-05-2023 شێخ نیاز راغب نەقشبەندی، بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "لە عێراق لە هەر حاجییەک بەرامبەر 100 دۆلار 132 هەزار دینار وەردەگیرێت و دواتر بانکی ناوەندیی عێراق ئەو دینارانە بۆ دەستەی حەج و عومرەی عێراقی دەکاتەوە دۆلار، بەڵام ئەوەیان بۆ حاجییانی هەرێمی کوردستان نەکردووە".
بەڕێوەبەری دەستەی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان گوتیشی "نووسراومان بۆ دەستەی حەج و عومرەی عێراق کردووە بۆ ئەوەی داوا لە بانکی ناوەندیی عێراق بکات بە هەمان شێوەی حاجیانی عێراق مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا بکەن. لە رێگەی تی بی ئایەوە نووسراومان بۆ بانکی ناوەندیی عێراق کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا وەڵامیان نەداوینەتەوە. بانکی تی بی ئایش لەگەڵ بانکی ناوەندی عێراق لەسەر هێڵن و چاوەڕوانی وەڵامی ئەوانین".
یەکێک لە حاجیانی گەرمیان لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکە گوتی، تیچووی حەجی هەر کەسێک چوار هەزار و 500 دۆلارە کە نزیکەی 650 هەزار دینار زیاتر لە نرخی فەرمی بانکی ناوەندیی عێراق لە حاجییان وەردەگیرێت، بەکۆی گشتیش ناوی نزیکەی چوار هەزار حاجی هاتووەتەوە، واتە بە گشتی دوو ملیار و 400 ملیۆن دینار زیاتر وەردەگیرێت، بۆیە داوایان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە بێتە سەر هێڵ و ئەو گرفتەیان بۆ چارەسەر بکات.
شێخ نیاز نەقشبەندی دەڵێت، "ئەگەر بانکی ناوەندیی عێراق ئاگادارمان بکاتەوە کە دینارەکانمان بۆ دەکاتە دۆلار و بۆ هەر 100 دۆلارێک 132 هەزار دینار وەردەگرێت، ئەوە راستەوخۆ لەرێگەی بانکەکانەوە داوا لە حاجییان دەکەین کە بە دینار تێچووی حەجی ئەمساڵیان بدەن.
رۆژی دووشەممە 01-05-2023، وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا تێچووی ئەمساڵی حەجی راگەیاند و گوتی، "ئەوانەی ئەمساڵ مافی حەجکردنیان هەیە، سەردانی نووسینگەکانی حەج و عومرە بکەن بەمەبەستی تەواوکردنی مامەڵەکانیان و پێدانی بڕی تێچووی حەج کە بۆ ئەمساڵ بە رێگەی ئاسمانی 4500 و بە وشکانیش 3800 دۆلار دیاریکراوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ