رووداو - شنگال
32 هەزار خێزانی داعش لە کەمپی هۆلەوە دەگوازرێنەوە گوندی عەمەلای سەر بە زوممار و لە کەمپێکدا نیشتەجێ دەکرێن کە 65 کیلۆمەتر لە شنگالەوە دوورە. هەموو کوردە ئێزدییەکان دژی ئەوەن ژنە داعشەکان ببرێنە دەڤەری ئەوان.
کەمپی عەمەلا لە رۆژئاوای زوممار و کارەکانی گەیشتوونەتە دوایی.
محەممەد ئەحمەد، موختاری زوممارە و دەڵێت، "ئێمە بە یەکجارەکی رەتی دەکەینەوە. بە راستی ئێمە گەلێک قوربانیمان داوە. ئێمە قبووڵی ناکەین جارێکی دیکە داعش بێنە ناومان."
حەمدۆك عەبيد، موختاری گوندی عويناتە و دەڵێت، "ئێمە بە یەکجاری ئەو بڕیارە رەت دەکەینەوە کە ئەندامانی داعش بهێنرێنە گوندی عەمەلا."
حکومەتی خۆجێیی موسڵ لەگەڵ وەزارەتی کۆچ و کۆچبەراندا هەوڵیان داوە تاوەکو ئەو خێزانانە بگەڕێننەوە.
محەممەد قاسم، قايمقامی قەزاي تەلەعفەر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هەر کە بڕیاری دروستکردنی ئەو کەمپە درا، یەکسەر دەستی پێکرا بۆ خێزانە داعشەکان. ئێمە و خەڵکی زوممار ئەو بڕیارە رەت دەکەینەوە و لەم رۆژانەدا کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی سازدەکەین."
بەشێکی زۆری ئەوانەی دەخرێنە کەمپەکەوە خەڵکی موسڵ، قەزای بەعاج و تەلەعفەرن. ئەو کەمپە 65 کیلۆمەتر لە شنگالەوە دوورە و، بە بۆچوونی بەشێكی زۆری کوردانی ئێزدیی شنگال مەترسییەکی گەورە دەکەوێتە سەر ناوچەکەیان.
بەشێک لە کەسوکاری قوربانییەکان دەڵێن کە ئەوان ئەو ئەندامانەی داعش دەناسنەوە کە دەستیان لە کوشتن و راوەدوونانی کوردانی ئێزدیدا هەبووە.
مەحموود شنگالی، کەسوکاری قوربانییە و دەڵێت، "من چوومەتە کەمپی هۆل و نزیکەی 31 هەزار داعشی عێراقیی لێبوو. من هەموو ئەوانە دەناسمەوە کە هەڵیانکوتایە سەر کۆمەڵگەی ئێمە."
لە ساڵی 2014دا داعش شەش هەزار و 417 کوردی ئێزدییان بێسەروشوێن کرد و، مەترسیی ئەوە هەیە کە جارێکی دیکە داعش لە دەوروبەری شنگال سەرهەڵبداتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ