رووداو دیجیتاڵ
مێرووی جۆری کریکێت سنووری ناحیەی ئەلقووشی لە دەشتی نەینەوا تەنیوە، مێرووەکە لە کاتی رۆژ و گەرمادا بڵاودەبنەوە و لە کاتی شەو و سەرمادا ون دەبن. بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ئەلقووش دەڵێت، "ناتوانین مێرووەکە قەڵاچۆ بکەین" و داوایان لە لە لایەنەکانی دیکەی وەک تەندروستی کردووە رێکارێکی هاوبەش بۆ قەڵاچۆکردنیان بگرنەبەر.
مێرووەکان هەموویان یەک رەنگ و یەک قەبارەن، بە شەقام، ماڵ و دووکانەکانی بەشێک لە گوندەکانی ئەلقووش بڵاوبوونەتەوە. زۆرترین شوێن تێیدا بڵاوبووەتەوە کۆمەڵگەی خەتارێیە.
گوندنشینانی سنوورەکە بۆ خۆپاراستن لە مێرووەکان دەرگەی ژوور و ماڵەکانیان بەستووە. کاوە عیدۆ، دانیشتووی کۆمەڵگەی خەتارێ، لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو، گوتی: "جێگەی سەرسووڕمانە ئەو جۆرە مێرووە یەکەم جارە پەیدا دەبن، رەنگیان رەشە، تۆزێک دەفڕن و دەکەون. مەترسی زۆری لەسەر جووتیار و گوندنشینان دروستکردووە. مەترسی هەیە بچێتە نێو خواردن، جلوبەرگ، خواردن دابنێی بۆ ماوەیەکی کەم نامێنێت و دەیخۆن. ژمارەیان زۆر زۆرە، لە گەرما دەردەکەون و لە سەرما نامێنن".
جووتیارانی ئەو سنوورە ترسیان لێ نیشتووە و وایکردووە زەوییەکانیان نەکێڵن.
پزیشکێکی ڤێتێرنەری و هاوکات دانیشتووی گوندی سرێچکا لە ئەلقووش کە مێرووەکە لە گوندەکەی ئەوانیش بڵاوبووەتەوە، رەتیدەکاتەوە مێرووەکە زیان بە بەرهەمی کشتوکاڵی بگەیێنێت. میرزا سلێمان، لە بەرپرسیار، گوتی: "بڵاوبوونەوەی مێرووەکە نائاساییە، بەڵام زیانی بۆ کشتوکاڵ نییە و جووتیاران دەتوانن زەوییەکانیان بکێڵن".
پەیامنێری رووداو چووەتە بەشێکی ئەو گوندانەی کە مێرووەکەی تێیدا بڵاوبووەتەوە. زەردەشت خەتاری، بە نایف رەمەزان، پەیامنێری رووداوی گوت: "ئەگەر هەزاریان بکوژی، دوو هەزاری دی پەیدا دەبن، بۆنیان زۆر پیسە و دەچنە ناوماڵ و ژووری خەوتنیش".
سامی ئۆراها، جووتیارێکی ئەلقووشە و باخە زەیتوونەکەی تووشی ئافات بووە و دەڵێت: "هیچ ساڵێک بەمشێوەیەم نەبینیوە ئەمساڵ ئەم مێرووە هاتووە، زەیتوونی باخەکەم هەمووی بەهۆی مێرووەکەوە هەڵوەریوە و تێكچوون".
نزیکەی مانگێکە مێرووەکە لە سنووری ئەلقووش بڵاوبووەتەوە. کشتوکاڵی ئەلقووش جۆری مێرووەکە بە "دەگمەن" ناودەبات و هەوڵی کەمکردنەوە و قەڵاچۆکردنی دەدات.
سریان سەفەر، بەرێوەبەری کشتوکاڵی ئەلقووش، لە بەرپرسیار، گوتی: "شوێنی بڵاوبوونەوەی ئەو مێرووە باشووری کیشوەری ئاسیایە و نزیکەی 600 جۆری هەیە، لەو ناوچانە بڵاودەبنەوە کە شێدارن. هۆکاری بڵاوبوونەوەیان مامناوەندی کەشوهەوایە و بەژمارەیەکی زۆرەوە دەردەکەون. زیانی زۆریان نییە چونکە تاوەکو ئێستا هیچ جووتیارێک سکاڵای نەگەیاندووەتە لامان، دەبێ ماڵەکان بەباشی خۆیان بپارێزن و دەرگەکانیان دابخەن. رەچاوی چۆنێتی فڕێدانی خاشاک بکەن. ئێمە ناتوانین قەڵاچۆیان بکەین، یەکەمجارە بەوشێوەیە بڵاوبێتەوە، پێویستە لەگەڵ فەرمانگەی تەندروستی هاوئاهەنگی بکەین".
بە گوتەی کشتوکاڵی ئەلقووش، تاوەکو ئێستا "نەسەلمێنراوە" مێرووەکە زیان بە مرۆڤ بگەیێنێت.
کریکێت مێروویێکی هەمەچەشنەخۆرە و زیاتر رووەک دەخوات. ئەو رۆژانەی کەشوهەوا ساردبێت کەمتر دەردەکەون بەراورد بەو رۆژانەی پلەی گەرما بەرزە. بەپێی شارەزایانی زیندەوەرزانی، گۆڕانی کەشوهەوا هۆکارێکی پەیدابوونی ئەو جۆرە مێرووەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ