رووداو دیجیتاڵ
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان قسەی کەسێک بەناوی جەمال مستەفا تکریتی رەتدەکاتەوە، کە "لێدوانی ناڕاست"ـی بەناوی مەسرور بارزانییەوە بڵاوکردووەتەوە.
لە راگەیێندراوێکدا، ئەمڕۆ دووشەممە، نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "کەسێک بەناوی جەمال مستەفا تکریتی کە زاوای دیکتاتۆری پێشووی عێراقە، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی (شەرقولئەوسەت) دا نکوڵی لە کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبجە دەکات کە لە لایەن رژێمی بەعسی پێشووی عێراقەوە ئەنجامدرا".
دەشڵێت، ئەو کەسە بۆ قسەکانی "بەڵگە بە لێدوانێکی هەڵبەستراو بۆ رێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەهێنێتەوە کە گوایە گوتوویەتی (دوو فڕۆکەی ئێرانی هەڵەبجەیان کیمیاباران کردووە)".
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی حکومەت رەتیدەکاتەوە و ئاماژە بەوە دەکات، "ئەم لێدوانە هیچ بنەمایەکی نییە و دروستکراوە و سەرۆکی حکومەت هیچ کاتێک لێدوانی وای نەداوە".
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا، نووسینگەکە باس لەوە دەکات، "ئەنجامدەرانی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە زۆر دیار و ئاشکران و هەموو بەڵگەکان هەن کە ئەنجامدەرەکەی رژێمی پێشووی عێراقە".
جەمال مستەفا تکریتی هاوسەری حەلا، کچی بچووکی سەدام حوسێنە. بە پلەی موقەدەم یەکێک لە بەرپرسانی تیمی پاراستنی سەدام حوسێن بوو. هەروەها لێپرسراوی دۆسیەی هۆزەکان بوو لە نێو حکومەتەکەی بەعسدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ