بەرگریی ئەڵمانیا بۆ رووداو: داعش بە نهێنی خەریکی فراوانکردنی تۆڕەکەیەتی

27-10-2023
نیشانەکردن ئەڵمانیا داعش
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی بەرگریی ئەڵمانیا بە رووداوی راگەیاند، لە سەر داواکاریی هەولێر و بەغدا، مانەوەی هێزەکانیان لە هەرێمی کوردستان و عێراق درێژکردووەتەوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، داعش ئێستا بە نهێنی خەریکی فراوانکردنی تۆڕەکەیەتی و، رێگری دەکەن لە سەرهەڵدانەوەیان. 
 
گوتەبێژێک بەناوی وەزارەتی بەرگریی ئەڵمانیا رۆژی هەینی، 27-10-2023، لە وەڵامی ئیمەیڵێکی تۆڕی میدیایی رووداودا رایگەیاند، "بە هەبوونی هاوئاهەنگیی نزیک لەگەڵ حکومەتی بەغدا و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەولێر، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەردەوامە لە هەنگاونان بەرەو ئامانجی رێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی گرووپێکی تیرۆریستی کە خۆی بە دەوڵەتی ئیسلامی ناودەبات،" بەڵام دەشڵێت، "ئەو ئامانجە هێشتا بە تەواوی بەدینەهاتووە."
 
لە بارەی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستانەوە، گوتەبێژەکەی وەزارەتی بەرگریی ئەڵمانیا دەڵێت، "هەموو کەسێک، لە نێویاندا ئێمە، بە پەرۆشییەکی گەورەوە چاودێریی ئەم پڕۆسەی چاکسازییە دەکەین"،
 
ئاماژە بەوەش دەکات کە بەرلین دەیەوێت "بە هاوئاهەنگیی نزیک و بە گفتوگۆ" لەگەڵ هاوبەشەکانی، "لە بەهێزکردنی ئاسایش و خۆڕاگریی" هێزەکانی پێشمەرگەدا بەشدار بێت.
 
ئەو گوتەبێژەی وەزارەتی بەرگریی ئەڵمانیا رایگەیاند، پڕۆسەی چاکسازیی وەزارەتی پێشمەرگە "رووبەڕووی ژمارەیەک ئاڵنگاری دەبێتەوە،" دەشڵێت، "جێبەجێکردنی چاکسازییەکان پێویستی بە پشوودرێژی و چەندین هەنگاوی بچووکی یەک لەدوای یەکە."
 
18ـی تشرینی یەکەم، پەرلەمانی فیدڕاڵیی ئەڵمانیا ناسراو بە بۆندستاگ مانەوەی هێزەکانی کە لە نزیکەی 250 سەرباز و راوێژکار پێکدێن، لە هەرێمی کوردستان و عێراق تاوەکو 31ـی تشرینی یەکەمی 2024، درێژکردەوە. 
 
گوتەبێژەکەی وەزارەتی بەرگریی ئەڵمانیا بۆ رووداوی نووسیوە، "حکومەتی [فیدڕاڵیی] عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەم ساڵ داواکارییەکیان ئاراستەی [ئۆلاف] شۆڵتز، راوێژکاری فیدڕاڵیی کرد بۆ ئەوەی ئەڵمانیا درێژە بە مانەوەی [هێزەکانی] خۆی لە عێراق بدات."
 
ئەرکی ئەو هێزانە لە هەولێر، بە گوتەی گوتەبێژەکەی وەزارەتی بەرگریی ئەڵمانیا بۆ رووداو، بریتییە لە راوێژدان بە هێزەکانی پێشمەرگە، پشتیوانیکردن لە تیمی پزیشکیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش و بەڕێوەبردنی کەمپی سەربازیی هاوپەیمانان. 
 
دەقی پرسیارەکانی رووداو و وەڵامی گوتەبێژێک بەناوی وەزارەتی بەرگریی ئەڵمانیا:
 
رووداو: بۆچی هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستانن؟
 
گوتەبێژێک بەناوی وەزارەتی بەرگریی ئەڵمانیا: ئاسایشی ئەڵمانیا و ئەوروپا پەیوەندیی راستەوخۆی بە سەقامگیریی ناوچەکانی دیکەی جیهانەوە هەیە. لە روانگەی ئەڵمانیاوە، عێراق وڵاتێکی گرنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستە. بە هەبوونی هاوئاهەنگیی نزیک لەگەڵ حکومەتی بەغدا و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەولێر، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەردەوامە لە هەنگاونان بەرەو ئامانجی رێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی گرووپێکی تیرۆریستی کە خۆی بە دەوڵەتی ئیسلامی ناودەبات. ئەم ئامانجە هێشتا بە تەواوی بەدینەهاتووە. لەبەر ئەوەش، ئەڵمانیا پشتیوانیی سڤیل بە عێراق دەدات و یارمەتیی بەرەو پێشبردنی توانا سەربازییەکانی دەدات، بە شێوەیەکی سەرەکیش لە رێگەی دابینکردنی پاڵپشتی و راوێژ لە چوارچێوەی هەردوو ئەرکی نێودەوڵەتیی ئۆپەراسیۆنی پێداگریی پۆڵایینی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش و ئەرکی ناتۆ لە عێراق، داعش لە ئێستادا چالاکە و بە نهێنی تۆڕەکەی فراوانتر دەکات. حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەم ساڵ داواکارییەکیان ئاراستەی شۆڵتز، راوێژکاری فیدراڵی کرد بۆ ئەوەی ئەڵمانیا درێژە بە مانەوەی خۆی لە عێراق بدات. 
 
رووداو: ئەرکی هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان چییە؟
 
گوتەبێژێک بەناوی وەزارەتی بەرگریی ئەڵمانیا: لە هەرێمی کوردستان، وەک بەشێک لە ئۆپەراسیۆنی پێداگریی پۆڵایین، بۆندسڤیێر (هێزە چەکدارەکانی ئەڵمانیا) لە گرووپێکی راوێژکارانی فرەنەتەوە و پشتیوانیی پزیشکیی نێودەوڵەتیدا بەشدارن. لە پاڵ ئەوە، هێزە چەکدارەکانی ئەڵمانیا پاڵپشتی بە هاوبەشە فرەنەتەوەکانمان دەدەن، لەنێویاندا بەڕێوەبردنی کەمپی سەربازی. 
 
رووداو: ئەڵمانیا چۆن لە چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان، یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و هەنگاوەکانی وەزارەتەکە دەڕوانێت؟
 
گوتەبێژێک بەناوی وەزارەتی بەرگریی ئەڵمانیا: هەموو کەسێک، لە نێویاندا ئێمە، بە پەرۆشییەکی گەورەوە چاودێریی ئەم پڕۆسەی چاکسازییە دەکەین. دەمانەوێت بە هاوئاهەنگیی نزیک و بە گفتوگۆ لەگەڵ هاوبەشەکانمان، لە بەهێزکردنی ئاسایش و خۆڕاگریی هێزەکانی هەرێمەکە بەشدار بین. پڕۆسەی چاکسازی رووبەڕووی ژمارەیەک ئاڵنگاری دەبێتەوە. جێبەجێکردنی چاکسازییەکان پێویستی بە پشوودرێژی و چەندین هەنگاوی بچووکی یەک لەدوای یەک هەیە.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە