کۆنسوڵی ئیمارات لە هەولێر: نزیکەی 90٪ـی بەرهەمی پەتاتەی هەرێمی کوردستان هەناردە دەکرێت

08-08-2023
حەیدەر دۆسکی
بەرهەمی پەتاتەی هەرێمی کوردستان
بەرهەمی پەتاتەی هەرێمی کوردستان
نیشانەکردن پەتاتە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ئەمساڵ 650 هەزار تۆن پەتاتە لە هەرێمی کوردستان بەرهەمهێنراوە، ئیمارات بەشێکی زۆری ئەو بەرهەمە هاوردەی وڵاتەکەی دەکات و کۆنسوڵی وڵاتەکەش لە هەولێر دەڵێت هەناردەکردنی پەتاتە لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ ئیمارات بەردەوام دەبێت.
 
بوونی بەرهەمی باش، وایکردووە لە وەرزی هەڵگرتنەوەی بەرهەمی پەتاتەی ئەمساڵدا، هەمووان بە هەرەوەزی خەریکی کار بن. خاوەنی زەوییەکیش کە پەتاتەی چاندووە، پلانی ساڵی داهاتووی دادەنێت و دەڵێ بەنیازە 10 تەغاری دیکە زیاتر بچێنێت.
 
حەسەن مەهدی، جووتیارە و دەڵێ "پار نزیکەی 20 تەغارمان چاندبوو (هەر تەغارێک 11 دۆنم زەوییە)، ئەمساڵ کردوومانە بە 23 تەغار، ئەگەر حکومەت پشتیوانیمان بکات و کرێی سەر زەوی لەسەرمان هەرزان بکات و بەهای مادەی بەهێزکەری کیمیایی زیاد نەکات، زۆر باش دەبێت و جووتیار زیاتر دەچێنن، من خۆم دەیکەمە 35 تەغار." 
 
دەشتی ناڤکۆر لە سنووری قەزای بەردەڕەش، دیارترین شوێنی بەرهەمهێنانی پەتاتەیە لە سنووری پارێزگای دهۆک، ئەمساڵ زیاتر لە 25 هەزار دۆنم زەویی دەشتەکە بە پەتاتە چێنراوە و بەرهەمی زیاتر لە 300 هەزار تۆن بووە.
 
بەهۆی باشیی کوالێتیی بەرهەمی پەتاتەی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ وڵاتی ئیمارات رێککەوتن کراوە کە بەشێکی زۆری بەرهەمەکە بۆ پێداویستیی ئەو وڵاتە و زنجیرە خواردنگەکانی ماکدۆناڵدز لە ئیمارات، هەناردە بکرێت.
 
کەریم سلێمان، بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، رۆژی دووشەممە (7-8-2023) بە رووداوی گوت "ئەو گرێبەستەی ئەمڕۆ واژۆکراوە، بۆ ئەوەیە لە رۆژانی داهاتوودا پێنج هەزار تۆن پەتاتە هەناردەی ئیمارات بکەین، بێگومان ئەگەر زنجیرەی خواردنگەیەکی بەناوبانگی (وەک ماکدۆناڵدز) ئەو بەرهەمە بکڕێت، واتا کوالێتیی بەرهەمەکە زۆر باشە."
 
کۆنسوڵی ئیمارات لە هەولێر، باسی ئەوە دەکات، هەناردەکردنی پەتاتە لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت.
 
ئەحمەد ئیبراهیم، کۆنسوڵی ئیمارات لە هەولێر بە رووداوی گوت "پشت بەخوا پەتاتەی هەرێمی کوردستان بەڕێژەی 80 بۆ 90٪ـی هەناردە دەکرێت، ئەمە نیشانەی ئەوەیە ئیماراتی عەرەبی دەخوازێت پەیوەندییەکی بازرگانیی باشتری لەگەڵ بازرگانانی هەرێمی کوردستاندا هەبێت."
 
بەرهەمی ئەمساڵی پەتاتەی هەرێمی کوردستان نزیکەی 650 هەزار تۆنە، لەکاتێکدا ئەو بەرهەمە لە ساڵی 2009ـدا تەنیا دوو هەزار تۆن بوو، زیادبوونی ئەو بەرهەمەش وایکردووە لە پێویستیی نێوخۆ زیاتر بێت و هەناردە بکرێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

12-11-2024 2

نێچیرڤان بارزانی: پیرۆزبایی لە حکومەت و گەلی ئازەربایجان دەکەم بۆ میوانداریکردنی لووتکەیەکی سەرکەوتوو

سەرۆکی هەرێمی کوردستان سوپاسی سەرۆکی ئازەربایجان دەکات لە بەرامبەر بانگهێشتکردنی بۆ کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکان تایبەت بە کەشوهەوا ناسراو بە کۆپ 29، کۆنفرانسەکەش بە سەرکەوتوو و باش رێکخراو ناودەبات.