رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی لقی هەولێری هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بڕیارە سێ هەزار تۆن پەتاتە هەناردەی سعودیە بکەن و ئەمڕۆ لە قۆناخی یەکەمدا 100 تۆن دەنێرن؛ دەڵێت، "ئەمە یەکەم بڕە هەناردەی سعودیە دەکرێت. پێشتر پێنج هەزار تۆن هەناردەی ئیماراتیش کراوە."
رۆژی دووشەممە 23-10-2023 گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی لقی هەولێری هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "سەرەتا 100 تۆن پەتاتەمان وەکو نموونە بۆ سعودیە نارد بۆ ئەوەی بزانین رەزامەندی دەدەن تاوەکو بڕی زیاتر هەناردە بکەین یان نا. بە خۆشحاڵییەوە رازی بوون و ئەمڕۆ لە قۆناخی یەکەمدا بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری گشتی وەزارەتی کشتوکاڵ و بازرگانی، 100 تۆن پەتاتە هەناردە دەکەین."
بەگوتەی گەیلان حاجی سەعید، ئەمە یەکەم بڕی پەتاتەیە هەناردەی سعودیە دەکرێت؛ پێشتر پێنج هەزار تۆنیان هەناردەی ئیمارات کردووە و دەڵێت، "بڕیاردراوە سێ هەزار تۆن پەتاتە بۆ سعودیە بنێرین. هەفتەی داهاتوو کۆمپانیا سعودیەکە دێتە هەرێمی کوردستان و بە ئامادەبوونی کۆنسوڵ، گرێبەستی کۆتایی واژۆ دەکەین و ئیدی رۆژانە هەناردەکردن بەردەوام دەبێت تاوەکو بڕی دیاریکراو دەنێرین."
بەرهەمی ئەمساڵی پەتاتەی هەرێمی کوردستان نزیکەی 650 هەزار تۆنە، لەکاتێکدا لە ساڵی 2009ـدا تەنیا دوو هەزار تۆن بوو.
گەیلان حاجی سەعید دەشڵێت، "هەوڵدەدەین بازاڕ بۆ بەرهەمەکان پەیدابکەین و کاردەکەین بۆ ئەوەی کۆمپانیاکان بە یەکدی بناسێنین، چی لە بواری هاوردە بێت یان هەناردە، بەتایبەتی ئەوانەی لە نێوخۆ هەن بۆ ئەوەی بازاڕیان لە دەرەوە بۆ بدۆزینەوە."
بە گوتەی سەرۆکی لقی هەولێری هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان، هەناردەکردنی پەتاتە بۆ وڵاتان کاریگەری لەسەر کەمکردنەوەی لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان نابێت و دەڵێت، "لە عێراق بە گشتی و هەرێمی کوردستانیش، زیاتر لە پێداویستی ناوخۆ پەتاتەمان هەیە و دەبێت هەموو هەوڵێک بدەین بینێرنە دەرەوەی وڵات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ