مەسرور بارزانی فەرمانی پێدانی زەوی بە 1628 فەرمانبەری کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەردەکات

07-04-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی بە نووسراوی فەرمیی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران کە ئاراستەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار کراوە، زەوی بەسەر 1628 فەرمانبەری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دابەش دەکرێت.
 
بەپێی راگەیێندراوی حکومەت، لە نووسراوەكەدا بە ژمارە (1188) لە رۆژی 7ی نیسانی 2025 ئەوە هاتووە، "لەسەر راسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كاری پێویست ئەنجام بدەن بۆ پێدانی زەوی بە فەرمانبەرانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، بە مەرجێك پێشتر سوودمەند نەبووبن و هەمان ئەو مەرجانەیان لەسەر جێبەجێ بكرێت كە لەسەر فەرمانبەرانی حكومەتی هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەكرێن."
 
لە خشتەكەدا ژمارەی فەرمانبەرانی هەریەك لە دەستەی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان، نووسینگەی هەڵبژاردنەكانی پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆك دیاری كراون كە 1628 فەرمانبەرن.
 
ئەمەش لە کاتێکدایە، رۆژی 06-04-2025 وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی هەرێمی کوردستان ناوی ئەو فەرمانبەرانەی سەر بە وەزارەتەکەی بڵاوکردەوە کە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان زەوییان پێدەدرێت.
 
هەروەها رۆژی 02-04-2025 وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان ناوی سەرجەم ئەو کەسانەی بڵاوکردەوە کە لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند دەبن، کە لە سەرجەم فەرمانگەکانی سەر بە وەزارەتەکە 6118 فەرمانبەر سوودمەند دەبن لە پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە