رووداو دیجیتاڵ
پرۆژەیاسای لێبووردنی گشتی لە هەرێمی کوردستان ئامادەیە و بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بە پەسندکردنی، زیاتر لە 2000 زیندانی ئازاد دەکرێن.
ئیحسان عەبدولڕەحمان بابان، بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ شەممە 12ی نیسانی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پرۆژەیاسای لێبووردنی گشتی ئامادەیە و لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانە. دوای کارابوونی پەرلەمان، پرۆژەکە رەوانەی پەرلەمان دەکرێت بۆئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت و پەسند بکرێت."
لە هەرێمی کوردستان 6 چاکسازی هەن؛ دوو لە هەولێر، دوو لە سلێمانی و دووانەکەی دیکە لە دهۆک. زیاتر لە 5700 سزادراو لەنێویاندا سزاکانیان بەسەر دەبەن.
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان، بە پەسندکردنی پڕۆژەیاسای لێبووردنی گشتی، زیاتر لە 2000 زیندانی سوومەند دەبن و ئازاد دەکرێن.
لە عێراق پڕۆژە یاسای لێبووردنی گشتی لە دانیشتنی رۆژی 21ی کانوونی دووەمی 2025 لە پەرلەمانی عێراق پەسند کرا و تاوەکو ئێستا زیاتر لە 1000 زیندانی ئازاد کراون. بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لێبووردنە گشتییەکەی عێراق، هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە و هەرێمی کوردستان یاسای لێبووردنی تایبەتی خۆی دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ