رووداو دیجیتاڵ
سێ دۆست و ناسیاوی مەندەلین و گلەییان زۆرە، هەیە وەک مام فەهدی تەمەن 72 ساڵ تاڵی و سوێری زۆری بەدەست سیاسەتەوە چێشتووە، بەڵام دیسانیش دەڵێن هەڵبژاردن کلیلی چارەسەریانە.
فەهد عەبدولکەریم، خانەشینە و دەڵێت: "دەچین بۆ هەڵبژاردن، ئێمە کوردین و کەسێکی باش هەڵدەبژێرین کە هاوکاریی مەندەلی بکات و کاری بۆ بکات."
عەبدولسەلام ئیسماعیلیش ناسیاوی فەهدە و دووکاندارە، دەڵێت، "هەر کەسێک بێت هەڵی دەبژێرن، مەرجی ئەوان ئەوەیە کە هاوکاریی مەندەلی بکات."
حوسێن عەلی، پۆلیسە و دەڵێت، خۆی و خێزانەکەی دەچن بۆ هەڵبژاردن و دەنگ بە یەکێک لە بەربژێرە کوردەکان دەدەن.
ئەگەر قەزاکانی خانەقین و مەندەلی لە دیالە پێگە و سەنگی دەنگی کورد بن، خوورماتووی لکێندراو بە سەلاحەدینیش، تاکە قەزای کوردییە کە حیزبە کوردستانییەکان چاویان بڕیوەتە دەنگی دەنگدەرانی، بەڵام پەرتەوازەیی و پێکهێنانی هاوپەیمانێتییان لەگەڵ عێراقییەکان، نیگەرانیی هاونیشتمانییانی لێکەوتووەتەوە.
مەندیل ئیبراهیم، دانیشتووی خورماتووە و خانەنشینە، بە پەندێکی باوی کوردی بیری بەربژێر و حیزبەکان دەهێنێتەوە کە بەهێزی لە یەکگرتندایە. "ئێستا من چوار دار دەبڕمەوە و هەر چواری دەبەسم بەیەکەوە، تۆ بۆت دەشکێت؟ ئەگەر تاک تاک بێت دەیشکێنی، ئەگەر بەیەکەوە بن نایشکێنی."
لە کەرکووک دوای 18 ساڵ و نەینەوا، سەلاحەدین و دیالە دوای 10 ساڵ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بەڕێوەدەچێت. ئەگەر ئەوکات لیستی هاوبەش و یەکدەنگیی کورد بۆ بوونە دووەم هاوکار بووبێ، ئێستا شیعە باڵادەستتر و سوننە یەکگرتووتر لە هەڵبژاردنەکاندا بەشدارن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ