رووداو - گەرمیان
بەشێک لە شۆفێران لە دەروازەی پەروێزخان دوو رۆژە مانیان گرتووە، بەرپرسانی ئێران پێی گوتوون، دەبێت گاز لە ئێران بکڕن، لیتری بە 485 دینار، لە کاتێکدا لە بەری کوردستان لیتری بە 520 دینارە.
عوسمان حەمەساڵح، شۆفێر دەڵێت، "بۆ نموونە، من تەنکیی سەیارەکەم 900 لیترییە، دەبێت 100 لیتری تیابێت بڕۆمە ناو خاکی ئێران، کە هاتمە ئەمدیویش گازم بەرنەکەوت، لەناو ئێران غەرامەی 800 لیترم بۆ دەکات."
شۆفێرانی دەروازەی نێودەوڵەتیی پەروێزخان لەگەڵ هەردوو دیوی دەروازەکە کۆبوونەوە، بەڵام تاوەکو ئامادەکردنی ئەم راپۆرتە، هیچ رێککەوتنێک نەکراوە و مانگرتنیش بەردەوامە.
حەمەی حەمەومین کەلاری، نوێنەری شۆفێرەکان دەڵێت، "ئێمە کۆبووینەوە، لیژنەیەکی حکومی و لیژنەیەکی سەندیکا رۆیشتینە ئەودیو. بەرپرسانی ئێران، جێگری قایمقام و بەرپرسی مەرزەکە، هەموویان هاتوون لەوێ ئامادە بوون، ئێران داواکارییەکی هەیە لێمان، کەوا هەر سەیارەیەک دەبێت 100 لیتر گاز بهێنێت، لەوە زیاتر بێت غەرامە دەکرێت، لە دیوی خۆیشیانەوە دەبێت تەنکییەکان پڕبکەین لە گاز؛ ئێمە ئەگەر پڕی نەکەین، هەر سەیارەیەک 800 لیتر غەرامە دەکرێت."
2700 شۆفێری بارهەڵگر و زیاتر لە 400 تانکەری گواستنەوەی نەوت ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئێران دەکەن، بەپێی زانیارییەکانی رووداو زیانی هەر رۆژێکی مانگرتنەکە نزیکەی یەک ملیار دینارە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ