د. عەبدولـلەتیف ئەحمەد لەبارەی هاوسەرگیریی میسیارەوە: هەر کەسێک دەزانێت ئەگەر نەیکات تووشی زینا دەبێت با بیکات

02-09-2022
ئاکار بەختیار @Akarbakhtyar
نیشانەکردن رووداو سپەیس
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

د. عەبدولـلەتیف ئەحمەد، کەسایەتی ئایینی لە هەرێمی کوردستان ئەنجامدانی هاوسەرگیریی میسیار بە "باش" نازانێت و دەڵێت، "کەسێک ئەگەر ناچار نەبێت، نەیکات." هەروەها شارەزایەکی ئایینی ئیسلام گوتی، "هاوسەرگیریی میسیار ئەسڵەکەی دروستە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان بە خراپی مامەڵەی لەگەڵدا کراوە."
 
رۆژی پێنجشەممە 01-09-2022، لە رووداو سپەیس کە بڕوا کیانی، سەرنووسەر لە رووداو دیجیتاڵ پێشکێشی کرد باس لە هاوسەرگیریی میسیار لە هەرێمی کوردستان کرا، بە بەشداریی د. عەبدولـلەتیف ئەحمەد، کەسایەتی ئایینی لە هەرێمی کوردستان و د. ئادەم بێدار، شارەزا لە ئایینی ئیسلام و چالاکڤانی بنیادنانی ئاشتی و کەمینەکان. 
 
میسیار دەستەواژەى سەردەمە بۆ جۆرە هاوسەرگیرییەک بەکار دەهێندرێت کە لە کۆندا بە "هاوسەرگیریی رۆژانە" ناونراوە، چونکە ئەوکات ژن و پیاوەکە تەنیا لە رۆژدا یەکتریان دەبینی، بەو واتایەى مانەوەى شەوى تێدا نەبوو. 
 
د. ئادەم بێدار: هاوسەرگیریی میسیار هاوسەرگیرییەکی ئاساییە
 
د. ئادەم بێدار، شارەزا لە ئایینی ئیسلام و چالاکڤانی بنیادنانی ئاشتی و کەمینەکان لە سپەیسی رووداو بەشداریکرد و بە گرنگیزانی ناوەندەکانی فەتوا و مامۆستایانی ئایینی بە "روونی" هەڵوێست و دیدگای شەرع بۆ هاوسەرگیریی میسیار بخەنەڕوو.  
 
زۆرێک لە ناوەندە ئیسلامییەکان کە بەدواداچوونیان بۆ کردووە، وەک د. ئادەم بێدار دەڵێت، هاوسەرگیرییەکی "ئاساییە"، دوو کەس بەیەکەوە بە رەزامەندی خۆیان رێکدەکەون کە ژیانی هاوژینی پێکبهێنن. 
 
ئەو شارەزایەی ئایینی ئیسلام باس لە جیاوازییەکانی نێوان پێکهێنانی ژیانی هاوژینی ئاسایی و میسیار دەکات و دەڵێت، تەنیا جیاوازیى لەگەڵ هاوسەرگیرییەکى ئاسایى ئەوەیە: ژنەکە لە مارەیى، خەرجى رۆژانە، خەوتنى شەوانە (مبیت) و فەراهەمکردنى شوێنى حەوانەوەى خۆش دەبێت. 
 
د. عەبدولـلەتیف ئەحمەد، کەسایەتی ئایینی لە هەرێمی کوردستان بەشدارێکی دیکەی سپەیسەکەی رووداو بوو و گوتی، چەند جۆرێک هاوسەرگیری لە هەرێمی کوردستاندا تێکەڵکراون و هەمووشیان لە ژێرناوی میسیارەوە شەرعییەتی پێدەدرێت. 
 
1- هاوسەرگیری "سیغە یان موتعە"؛ ئەم هاوسەرگیرییە کاتییە و پێویستی بە جیابوونەوە نییە و بێ گومان حەرامە. 
 
2- هاوسەرگیری بەبێ ئامادەبوونی "وەلی ئەمر"؛ کە تەنیا لەلایەن ئەبو حەنیفەوە حەڵاڵکراوە، بەڵام فەرموودەی پێغەمبەری ئیسلام (د. خ) هەیە کە حەرامە. 
 
بەگوتەی د. عەبدولـلەتیف ئەحمەد، ئەم دوو جۆرە هاوسەرگیرییە سەر بۆ "بەدڕەوشتی" دەکێشێت، چونکە شەرعییەت بە "بەدڕەوشتییەکە" دەدەن لە ژێر ناوی میسیاردا. 
 
هاوسەرگیریی میسیار ئەگەر بە رەزامەندی "وەلی ئەمر" بوو، کاتی نەبوو، راگەیێندرا و ئاشکراکرا، مارەیی تێدا دیاریکرا و حەقی میرات جێگیرکرا، بۆ کاتی "پێویستیی" رێگەی پێدەدرێت، د. عەبدولـلەتیف ئەحمەد وایگووت. 
 
هۆکارەکانی هاوسەرگیریی میسیار وەک د. عەبدولـلەتیف ئەحمەد دەڵێت 
 
- ئافرەتان داوای مارەیی زۆر دەکەن. 
 
- ئافرەتەکە تاوەکو گەنجە رازی نییە هاوسەرگیریی لەگەڵ پیاوێکدا بکات کە هاوسەری دیکەی هەیە، بەڵام دواتر کە تەمەنی بەرەو سەرەوە دەچێت رازی دەبێت بە هاوسەرگریی میسیاریش. 
 
- کۆمەڵگە هەندێکجار بە چاوێکی ناشرین سەیری ئەو پیاوانە دەکات کە دوو هاوژین یان زیاتریان هەیە و بەوجۆرە لێیان دەڕوانرێت کە ئارەزووبازن بۆیە پیاوەکە بە دزییەوە هاوسەرگیریی میسیار دەکات. 
 
مەرجەکانی هاوسەرگیرییەکی تەندروست و شەرعی بریتییە لەوەی کچ و کوڕەکە دیاری بکرێن، رێگریی شەرعی بوونی نەبێت، هەردوولا و "وەلی ئەمر" رازی بن، دوو شاهید بوونی هەبێت و مارەیی دابنرێت؛ د. عەبدولـلەتیف ئەحمەد گوتی، هەر هاوسەرگیرییەک تەواوی ئەم مەرجانەی تێدا نەبێت، دانامەزرێت. 
 
لەبارەی مارەکردن و بەڕێوەبردنی هاوسەرگیریی میسیار لەلایەن هەندێک لە مامۆستایانی ئایینی گوتی، "بە پارە دەیکەن، گوێیان لێی نییە و لە خودا ناترسن."  
 
رۆژی 31-08-2022، ئەنجوومەنی باڵای فەتوای هەرێمی کوردستان لە روونکردنەوەیەکدا گوتی، "ئێمە لە ئەنجوومەنی باڵای فەتوای یەکێتیی زانایان سەرنجی موسڵمانان و هاووڵاتییان بۆ ئەو راستییە رادەکێشین، کە ئەو زەواجە پێچەوانەی عورفی کۆمەڵگەی کوردییه و بۆ کۆمەڵگەی ئێمە گونجاو نییە و بە پەسندی نازانین بەهۆی نەگونجانی لەگەڵ مەقاسيدەکانی هاوسەرگیری لە ئیسلامدا."
 
د. عەبدولـلەتیف ئەحمەد ئەنجامدانی هاوسەرگیریی میسیار بە "باش" نازانێت
 
د. عەبدولـلەتیف ئەحمەد باسی لە روونکردنەوەکەی ئەنجوومەنی باڵای فەتوای هەرێمی کوردستان کرد و گوتی، "عورف لە شەرعدا کاری پێدەکرێت.. ئەگەر لە شەرعدا بابەتێک دیارینەکرابوو، عورف دیاری دەکات."
 
د. عەبدولـلەتیف ئەحمەد پێیوایە، ئەگەر لیژنەکە فەتواکەیان بەم جۆرە دابووایە "بەقووەتتر" دەبوو: "سەرەتا بڵێن هاوسەرگیریی میسیار مەرجەکانی تێدابێت و تێکەڵ نەکرێت بە هاوسەرگیریی بێ "وەلی ئەمر" و "موتعە" دروستە، بەڵام چونکە لە هەرێمی کوردستان بە هەڵە مومارەسەی بابەتەکە کراوە و فیتنەی بەدوادا هاتووە و کۆمەڵگە بەرەو هەوەسبازی دەبات، بۆیە رێگەی پێنادرێت، رێگریی لێدەکرێت و پەسند ناکرێت لە شەرعدا."
 
"ئایا هاوسەرگیریی میسیار شەرعییە یان نا" د. عەبدولـلەتیف ئەحمەد لە وەڵامدا گوتی، "سەرەتا حەڵاڵە، بەڵام کە سەردەکێشێت بۆ حەرام و ئەنجامەکانی خراپن و زیانی بۆ کۆمەڵگە دەبێت رێگەی پێنادرێت." 
 
لەبارەی خواستی ئافرەتان بۆ ئەنجامدانی هاوسەرگیریی میسیار، ئەو کەسایەتییە ئاینییە گوتی، خواستەکە "زۆر زۆرە." 
 
د. عەبدولـلەتیف ئەحمەد ئەنجامدانی هاوسەرگیرییەکە بە باش نازانێت و دەڵێت، "کەسێک ئەگەر ناچار نەبێت، نەیکات." 
 
بەدواداچوونی رووداو بۆ هاوسەرگیریی میسیار؛ باس لە کەیسی پەرلەمانتارێک دەکات 
 
رۆژی پێنجشەممە 25-08-2022، هۆرڤان رەفعەت، پەیامنێری رووداو بەدواداچوونێکی لەبارەی پرۆسەی هاوسەرگیریی میسیار لە هەرێمی کوردستان ئەنجامدا و بەپێی بەدواداچوونەکە، ئەو هاوسەرگیرییە روو لە زیادبوونە.  
 
هۆرڤان رەفعەت، پەیامنێری رووداو باس لە کەیسی پەرلەمانتارێکی کورد دەکات کە هاوسەرگیریی میسیاری کردووە بەبێ ئاگاداریی هاوژینی یەکەمی و دەڵێت، چەند مانگێک بەمجۆرە بەردەوام بوون دواتر هاوژینی یەکەمی پێی زانیبوون و لای دادوەر داوای 60 هەزار دۆلار [شەش دەفتەر دۆلار]ـی لێکردبوو وەک قەرەبووی ئەوەی کە بێ ئاگاداریی هاوسەرگیرییەکەی کردبوو. 
 
د. ئادەم بێدار: هاوسەرگیریی میسیار ئەسڵەکەی دروستە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان بە خراپی مامەڵەی لەگەڵدا کراوە 
 
بەگوتەی د. ئادەم بێدار، هاوسەرگیریی میسیار "ئەسڵەکەی دروستە" لە شەریعەتی ئیسلامدا، بەپێی ئەو فەتوای د. یوسف قەرزاوى، د. عەلى جومعە، خانەى فەتواى میسر، ئیبن باز، بەڵام لە هەرێمی کوردستاندا بە "خراپی مامەڵەی لەگەڵدا کراوە و ئەم خراپییە وایکردووە بەشێک لە مامۆستایانی ئایینی بڵێن، حەرامە یان بڵێن، لە کاتی زەڕوڕدا حەڵاڵە." 
 
یاساى بارى کەسى لە هەرێمى کوردستان لە ساڵى 2008دا هەموار کرایەوە، لە هەموارەکەدا کۆمەڵێک مەرج بۆ فرەژنى دانران. د. ئادەم بێدار دەڵێت، فرەژنى "زۆر قورس" کراوە. دەشڵێت: بەهۆی قورسییەکان لە فرەژنیدا وەک چارەسەرێک لە هاوسەرگیریی میسیار دەڕوانرێت. بەشێک لە ژنان رازین پیاوەکەیان بە میسیار هاوژینێکی هەبێت، بەڵام بە بەردەوامی هاوژینێکی نەبێت. 
 
تاوەکو ئێستا لە پرسی هاوسەرگیریی میسیاردا یاساکانی باری کەسێتیی عێراق و هەرێمی کوردستان، بە رێگەپێدان یان پێنەدان خۆیان بەدوورگرتووە. شێخ ئاریان بەرزنجى بە د. ئادەم بێداری گوتووە، دوو جار هەوڵیداوە بە یاسایى بکات، جارێکیان لە ساڵى 2007 و جارى دووەمیش لە 2019، ئەو کە ناوى لە میسیار ناوە "هاوسەرگیریى سەردەم" رەشنووسێکى ئامادەکردووە و هەردوو جارەکە پێشکێشى پەرلەمانى کوردستانى کردووە، لەگەڵ فراکسیۆنەکانیش قسەى کردووە، وەک ئەوەى دەیڵێت، ئەوان لەگەڵ ئەوەن میسیار یاساى بۆ دەربکرێت، بەڵام لەبەر کاردانەوەى خەڵک بە ئاشکرا پشتگیرییەکەیان دەرنابڕن.  
 
بۆ خوێندنەوەی گوتارێکی د. ئادەم بێدار لەبارەی هاوسەرگیریی میسیار کلیک بکە 
 
رێنماییەکانی د. عەبدولـلەتیف ئەحمەد بۆ ئەو کەسانەی هاوسەرگیریی میسیار دەکەن 
 
د. عەبدولـلەتیف ئەحمەد باسی لەوە کرد، "ئەگەر هاوسەرگیریی میسیار هەموو مەرجە شەرعییەکانی تێدابوو دروستە، بەڵام لەوانەیە 1%ـی خەڵک بەمجۆرەبن و ئەوانی دیکە بۆ موتعە یان بێ "وەلی ئەمر" یان بە نهێنی دەیکات و ئەوانەش هیچی دروست نییە." دەشڵێت، "هەر کەسێک دەزانێت ئەگەر هاوسەرگیریی میسیار نەکات تووشی زینا دەبێت با بیکات بە رەچاوکردنی مەرجەکانی." 
 
د. عەبدولـلەتیف ئەحمەد رێنمایی ئەو کەسانە دەکات کە دەیانەوێت هاوسەرگیریی میسیار بکەن و دەڵێت: هەر کەسێک بە نیازە هاوسەرگیریی میسیار بکات، فێڵ لە خۆی نەکات، وانەزانێت کە خۆی قەناعەتی بە خۆی کرد شتەکە حەڵاڵ دەبێت، تاوەکو "وەلی ئەمر" ئامادە نەبێت و هاوسەرگیرییەکە رانەگەیێندرێت هاوسەرگیرییەکە دانامەزرێت.   

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی سەرژمێری لە هەولێر، وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

وەزارەتی پلاندانان بۆ هاونیشتمانییانی ناوچە کێشەلەسەرەکان: بەشداربن لە پڕکردنەوەی فۆرمی وردی سەرژمێری

وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند لەماوەی سێ رۆژی قۆناخی دووەمی سەرژمێری، زیاتر لە 100 هەزار کەس پەیوەندیی تەلەفۆنییان بە سەنتەری پەیوەندییەکانی ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی سەرژمێری لە دەستەی ئاماری هەرێم کردووە، "کە زۆربەیان کاریان لەسەرکراوە."