راپۆرتێکی ئەمریکی: لە 2022دا حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامبوو لە پەرەپێدانی پێکەوەژیانی ئاشتییانە

02-05-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

کۆمیسیۆنێکی سەربەخۆی ئەمریکا کە تایبەتە بە ئازادیی ئایینی، لە نوێترین راپۆرتی ساڵانەیدا، وێڕای چەند رەخنەیەک، ستایشی رۆڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بواری پەرەدان بە پێکەوەژیانی ئاشتییانە دەکات، هەروەها رەخنە لە حکومەتی فیدراڵیی عێراق دەگرێت و دەڵێت، نەیتوانیوە پێشێلکارییەکانی حەشدی شەعبی دژی پێکهاتە ئایینییەکان جڵەو بکات. 
 
کۆمیسیۆنی ئەمریکا بۆ ئازادیی ئایینیی نێودەوڵەتی، رۆژی دووشەممە، 01-05-2023، راپۆرتێکی لەبارەی رەوشی ئازادیی ئایینی لە ساڵی 2022 بڵاوکردەوە. راپۆرتەکە دەڵێت: "پار حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامبوو لە برەودان بە پێکەوەژیانی ئاشتییانە،" هەروەها بەردەوامبووە لە "پێگەی خۆی وەک پەناگەیەک بۆ زیاتر لە دوو ملیۆن ئاوارە و پەنابەری عێراقی و سووریایی لە پەیڕەوانی ئایینی جیاجیا، کە بەهۆی ململانێی چەندین ساڵە و هەڕەشەکانی داعشەوە پەنایان بردووەتە بەر هەرێمی کوردستان."
 
وێڕای ئەوەش، راپۆرتەکە چەند رەخنەیەکیش ئاراستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات، لەوانەش گوایە هەندێ کریستیانی بە بنەچە خەڵکی دەشتی نەینەوا، نیگەرانن لەوەی حکومەت نەیتوانیوە "کێشە درێژخایەنەکان چارەسەر بکات، وەک نەبوونی یارمەتیی دارایی و پشتیوانیی دیکە لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ قوتابخانە ئاشوورییەکان؛ جیاکاری لە دامەزراندن و فەرمانگەکاندا."
 
کۆمیسیۆنی ئەمریکا بۆ ئازادیی ئایینیی نێودەوڵەتی ئاماژە بەوە دەکات، بەشێک لە کریستیانەکان، حکومەتی هەرێمی کوردستان تۆمەتبار دەکەن بەوەی کە نەک تەنیا رێگەی بە دەستبەسەرداگرتنی "زەوی، بازرگانی و سامانی دیکەی" کریستیانەکان داوە، بەڵکو هەروەها "دەستپێشخەری"شی کردووە. 
 
بە گوێرەی راپۆرتەکە، بەشێک لە کریستیانەکانی نەینەوا، لە پاڵ داعش و حەشدی شەعبی، هەرێمی کوردستانیش بە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی دەربەدەربوونی خۆیان دادەنێن، کە وەک راپۆرتەکە دەڵێت، لە ئەنجامدا ژمارەیان لە "لەنێوچوون" نزیکبووەتەوە. 
 
لەبارەی کوردە ئاوارە ئێزدییەکانی نێو سنووری هەرێـمی کوردستانیش، راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات، هێشتا لەبەردەم مەترسیی ئاگر و جۆرەکانی دیکەی مەترسییەکاندان. 
 
ئازادیی ئاییینی لە عێراق "خراپتر" بووە
 
راپۆرتەکە رەخنەی زیاتر لە حکومەتی ناوەندیی عێراق دەگرێت و دەڵێت، "لە ساڵی 2022، بارودۆخی ئازادیی ئایینی لە عێراق بەردەوامبوو لە خراپبوون، ئەوەش لە ئەنجامی تووندبوونی دابەشبوونی سیاسیی لە نێو حکومەتی فیدراڵیی عێراق و لێکەوتە پەکخەرەکانی لەسەر بەڕێوەبردنی وڵات". 
 
"ناسەقامگیریی حکومەت بووە هۆی زیادبوونی ناکۆکیی لە نێو موسڵمانە شيعە و سوننەکاندا و بەرەوپێشچوونی ئەو دەستپێشخەرییانەشی پەکخست کە دەکرا لە پێشخستنی ئازادیی ئایینی یارمەتیدەربن،" ئەمە وەک راپۆرتەکە باسی دەکات. 
 
راپۆرتەکە وەک هەنگاوێکی ئەرێنی تیشک دەخاتە سەر ئەو یاسایەی کە کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو حکومەتی فیدراڵیی عێراق دەریکرد بۆ داننان بە مافی کوردی ئێزدی بۆ خاوەندارێتیکردنی زەوی و خانووەکانیان، کە 47 ساڵ لەمەوبەر بە بڕیارێکی دەسەڵاتی پێشووی عێراق لێی بێبەشکرابوون. 
 
بەڵام کۆمیسیۆنەکە دەڵێت، ئەو یاسایەی کە ساڵی 2021 لەلایەن پەرلەمانی فیدراڵییەوە لە ژێر ناونیشانی "رزگاربووانی ئێزدی" پەسەندکرا، "وەکو پێویست جێبەجێ نەکرا."
 
هەروەها رەخنە لە بەغدا و هەولێر دەگرێت بەوەی کە نەیانتوانیوە رێککەوتنی شنگال بۆ سەقامگیرکردنی قەزاکە و رەخساندنی کەشێکی ئارام بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان جێبەجێ بکەن. 
 
"حکومەت، حەشدی شەعبی جڵەونەکرد"
 
بە گوێرەی راپۆرتەکە، ساڵی رابردووش بەغدا شکستخواردوو بووە لە جڵەوکردنی هێزەکانی حەشدی شەعبی و دەڵێت، "ئەم هێزانە لە خاڵەکانی پشکنین لێپێچینەوەیان لەگەڵ خەڵکدا کردووە، دەستگیریانکردوون، شوێنبزریانکردوون، دەستدرێژییان کردووەتە سەریان و تووندوتیژیی جەستەییان بەرامبەر کردوون، هەروەها موسڵمانانی سوننە مەزهەب و پێکهاتە ئایینییە کەمینەکانی دیکەیان کردووەتە ئامانج، لەوانەش کریستیان و ئێزدییەکان."
 
لە دەوروبەری شاری موسڵ لە دەشتەکانی نەینەوا، کە شوێنی ژیانی چەندین پێکهاتەی ئایینین و لەلایەن حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە ناکۆکیی لەسەرە، راپۆرتەکە دەڵێت، حەشدی شەعبی "خاڵەکانی پشكنینی بە شێوەیەکی تووند بەکارهێناون،" هەروەها "دەستی بەسەر زەوی و بازرگانیی کریستیانەکاندا گرتووە و بە جۆری دیکەی هەراسانکاری رێگرییان لە گەڕانەوەی کریستیانەکان بۆ ناوچەکە کردووە و بوونەتە هۆی زیادبوونی ئاوارەبوون."
 
راپۆرتەکە دەشڵێت، تەنانەت سوپای عێراقیش "کەمینە ئایینییەکانی بەئامانجکردوون. وەک لە ئۆپەراسیۆنێکی مانگی ئایاردا کە لە دژی شەڕڤانانی ئێزدی ئەنجامدرا، بووە هۆی ئاوارەبوونی لانیکەم سێ هەزار ئێزدیی سڤیل کە گەورەترین کۆڕەویان بوو لە دوای ساڵی 2014ـەوە و هەر خۆیان بەهۆی ئاوارەبوونێکی دیکەی کەمێک لەوەوپێش و هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا تووشی گوشاری دەروونی ببوون."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دایە رەوشێ لەدایکبووی ساڵی 1887ـە

بەتەمەنترین کەس لە عێراق ژنێکی ئێزدیی 137 ساڵە؛ دەڵێ 300 منداڵ و نەوەی هەیە

رەوشێ قاسم، هاونیشتمانیێکی کوردی ئێزدییە، لە سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان دا دەرکەوت بەتەمەنترین کەسە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراقیش؛ وەک لە ناسنامەکەیدا دەردەکەوێت، ئەو لەدایکبووی ساڵی 1887ـە.