گالەری

 
رووداو دیجیتاڵ

بە مەبەستی ئاوێتەکردنی کولتووری فۆلکلۆری کوردی و فەرەنسی، ئینستیتیوتی فەرەنسی لە هۆڵی ئیڤێنت بۆکس لە شاری هەولێر کۆنسێرتێکی میوزیکی و سەمای رێکخست.
 
دەشتی عومەر، بەرپرسی بەشی کولتووری لە ئینستیتیوتی فەرەنسی لە هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەم کۆنسێرتە سێیەمین کۆنسێرتی ئەم ساڵە و بیرۆکەی سەرەکی لەوەوە سەرچاوەی گرتووە کە لێکچوونێکی زۆر هەیە لە نێوان سەمای فۆلکلۆری هەرێمی کوردستان و ناوچەی بریتۆنی فەرەنسا.
 
دەشتی عومەر دەڵێت، بۆ ئەم مەبەستە، سێ هونەرمەندی ناوچەی بریتۆنی فەرەنسا لەگەڵ سێ گەنجی هەرێمی کوردستان بانگهێشت کراون بۆ ئەوەی پێکەوە ئاوێتەیەکی میوزیکی و سەمای فۆلکلۆری کوردی و فەرەنسی پێشکێش بکەن.
 
کۆنسێرتەکە بە بەشداریی شەش میوزیکژەن بەڕێوەچوو، سێ فەرەنسی و سێ کوردن و ماوەی زیاتر لە کاژێرێکی خایاند. میوزیکەکە لەلایەن میوزیکژەنانەوە دەژەنرێت و گۆرانییەکانیش تەنیا بە زمانی فەرەنسی پێشکێش ناکرێت، بەڵکو ئاوێتەیەک دەبێت لە دوو زمانی جیاواز و یەک کولتوور.
 
ئینستیتیوتی فەرەنسی لە هەولێر، کە بەشێکە لە تۆڕی نێودەوڵەتیی ئینستیتیوتە فەرەنسییەکان، لە ساڵی 2012 لە ناوەندی شاری هەولێر دامەزراوە. ئامانجی سەرەکی ئەم ئینستیتیوتە بڵاوکردنەوەی زمانی فەرەنسی و پەرەپێدانی گفتوگۆی کولتووری و هونەری لە نێوان فەرەنسا و هەرێمی کوردستاندایە.
 
ئینستیتیوتەکە چەندین چالاکیی جۆراوجۆر پێشکێش دەکات، لەوانە: فێربوونی زمانی فەرەنسی و چالاکیی کلتووری و هونەریی رێکدەخات، وەکو نمایشی فیلم، کۆنسێرت، کۆنفرانس و پێشانگەی هونەری.