رووداو- دیجیتاڵ
توێژینەوەیەکی پزیشکانی چینی دەریخستووە قەڵەوی لەنێو چینییەکان زۆر زیادیکردووە بە جۆرێک کە ئێستا زیاتر لە نیو ملیار خەڵکی وڵاتەکە کێش زۆر و قەڵەون.
کۆمیسیۆنی نیشتیمانی تەندروستی چینی راپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە تێیدا هاتووە زیاتر لە ٪50ی گەنجانی وڵاتەکە کێش زۆر و ٪16.4یان قەڵەون.
لەبارەی هۆکاری زیادبوونی قەڵەوی لەنێو چینییەکان، بەگوێرەی راپۆرتەکە کەمبوونەوەی ئەنجامدانی چالاکی جەستەیی و وەرزشکردن هۆکاری سەرەکی قەڵەوبوونی چینییەکانە.
بەپێی راپۆرتەکەی کۆمیسیۆنی نیشتیمانی چینی جگە لەو وەرزشنەکردن بەپێی پێویست، بەڵکو زۆر خواردنی گۆشت و لەبەرامبەردا کەمخواردنی سەوزە و میوەکان یەکێکی دیکەیە لە هۆکارەکانی زیادبوونی کێش.
وانگ دان، پسپۆڕی خۆراک لە شاری هاربین دەڵێت، گەنجانی ئێستا کەمتر وەرزش دەکەن و گوشارێکی دەروونی زۆریان لەسەرە و رۆتینی کارکردنیشیان ناتەندروستە.
چین تەنیا وڵات نییە کە تێیدا قەڵەوی زیادیکردبێت، لە سەرەتایی ئەمساڵ رێکخراوی تەندروستی جیهانی راپۆرتێکی بڵاوکردەوە و تێیدا باسی لەوەکردووە رێژەی قەڵەوی لە دوای ساڵی 1975ەوە سێ هێندە زیادیکردووە بە تایبەت لە وڵاتە هەژار و داهات مامناوەندەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ