تەندروستیی کۆیە: بەهۆی نەبوونی ستاف نەخۆشخانەیەک و نۆ بنکەی تەندروستیمان داخستووە

24-03-2025
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

بەهۆی نەبوونی ستاف و خانەنشینبوونەوە نەخۆشخانەی فریاکەوتن و نۆ بنکەی تەندروستی لە سنووری کۆیە داخراون. جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی کۆیە دەڵێت، دۆخی کەرتی تەندروستیی کۆیە بەرەو داڕمان دەچێت و نزیکەی 12 ساڵە هیچ کەسێک بۆ سنوورەکەیان دانەمەزراوە.
 
د. شێروان جەلال، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی کۆیە میوانی بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو بوو، باسی لە دۆخی کەرتی تەندروستیی کۆیە کرد و گوتی، هەرچەندە لە رابردوودا بڕیاربوو کۆیە هاوشێوەی سۆران و زاخۆ بکرێتە ئیدارەی سەربەخۆ، بەڵام هەموو ئەوان کرانە ئیدارە، کۆیە نەبێت، ئەوەش کاریگەری لەسەر تەرخانکردنی بودجە و پرۆژەکانی سێکتەری تەندروستی هەبووە.
 
بەگوتەی جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی کۆیە، سنوورەکەیان لە هەموو روویەکەوە پەراوێزخراوە و لە دامەزاردندن و پرۆژەش بێبەش بووە، دەڵێت، "کەرتی تەندروستی کۆیە بە رێژەیەکی بەرچاو لە دواوەیە، لە ساڵانی رابردوو بەجۆرێک لە جۆرەکان دامەزراندن و پرۆژە و دروستکردنی مەڵبەندی تەندروستی بۆ شارەکان هەبووە، بەڵام کۆیە هیچی بۆ نەکراوە، لە 2013وە کارمەند و ستافمان خانەنشین دەبن و کەسمان بۆ دانامەزرێت."
 
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستی کۆیە، نزیکەی هەزار و 240 پزیشک و کارمەند و ستافی تەندروستیی هەیە. دکتۆر شێروان جەلال دەڵیت، دوایین جار 12 ساڵ لەمەوبەر 18 کەس بۆ تەندروستیی کۆیە دامەزراون.
 
دکتۆر شێروان لەبارەی خانەنشینبوونی کارمەندەکانیان، گوتی: "ئەم ساڵ بە یاسای پێشووی خانەنشینی هەرێمی کوردستان 318 کەس خانەنشین دەبوون، بەڵام لەدوای جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی فیدراڵی 110 کەسی دیکە خانەنشین بوون، کە بەڕێوەبەری گشتیشی تێدایە و واتا بەگشتیی 428 کەس پزیشک و کارمەندی تەندروستی خانەنشین بوون، ئەمەش گرفتی گەورەی بۆ دروست کردووین."
 
لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی کۆیە، دوو نەخۆشخانەی گشتی [کۆیە، تەقتەق] هەن لەگەڵ نزیکەی 60 بنکە و مەڵبەندی تەندروستی. جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی شارەکە دەڵێت: "بەهۆی خانەنشینبوونی کارمەندانەوە، نۆ بنکەی تەندروستمان داخراون، ئەگەر دۆخەکە وا بەردەوام بێت سێکتەری تەندروستی بەرەو داڕمان دەچێت، ئێمە ناچار بووین بنکەی گوندەکان دابخەین بۆ ئەوەی ناوشار بەردەوام بێت."
 
ئەو بەرپرسەی تەندروستی رەخنە لە دابەشکردنی پزیشکان دەگرێت بەسەر شارەکاندا بەوەی بە دادپەروەرانە نەکراوە و دەڵێت: "زۆرجار دابەشکردنی پزیشک بەسەر شارەکاندا بە شێوەیەکی زانستی نییە، بە هەڕەمەکی دابەش دەکرێت، لە زۆرینەی بوارەکان گرفتی نەبوونی پزیشکی پسپۆڕمان هەیە؛ پسپۆڕییەکانی مێشک و دەمار، سڕکردن، منداڵان و هەناوی."
 
دەشڵێت: "پسپۆڕی هەیە سۆران 9 پزیشکی هەیە، بەڵام ئێمە هەموو سنووری کۆیە و تەقتەق دوو یان سێ پزیشکمان هەیە."
 
نەبوونی کارمەند و ستاف وایکردووە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی کۆیە دابخرێت، جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی کۆیە دەڵێت، لەبەر نەبوونی ستاف و کارمەند نەخۆشخانەی فریاکەوتن داخرا، ئێستا نەخۆشخانەی شەهید دکتۆر خالید لە کۆیە ئیشی سێ نەخۆشخانە دەکات (فریاکەوتن، ژنان و منداڵبوون و راوێژکاریی گشتی).
 
لەبارەی دامەزراندنی کارمەندی تەندروستییەوە، ئاماژەی بەوەکرد، لە کابینەی حەوتەوە بڕیاربوو 150 کارمەندمان بۆ دابمەزرێت، هەتا ئێستا کەس دانەمەزراوە، لەکاتێکدا لەساڵانی رابردوو بۆ هەموو ناوچەکان نزیکەی 100 کەسیان بەگرێبەست بۆ دامەزرێندراوە.
 
ئەوەی جێی دڵخۆشیی تەندروستی کۆیە بێت، دەرمانە، دکتۆر شێروان جەلال دەڵیت: "پێشتر مانگانە 60 ملیۆن دینار بۆ دەرمانی هەموو سنووری کۆیە تەرخاندەکرا، ئێستا دۆخەکە کەمێک باشترە، بەهەوڵێکی زۆر کردوومانەتە 135 ملیۆن دینار، هەوڵدەدەین ئەو دەرمانانەی پێویستن لە ناوەندەکان بەردەستبن."
 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دکتۆر محەممەد جەعفەر، پزیشکی دەرمانساز.

پزیشکێکی دەرمانساز: نەخۆش مافی هەیە لەبارەی دەرمانەکانی، روونکردنەوەی تەواوی پێبدرێت

پزیشکێکی دەرمانساز بە پێویستی دەزانێت، لەکاتی پێدانی دەرمان بە نەخۆش، هەموو تایبەتمەندییەکانی دەرمانەکەی بۆ روونبکرێتەوە، بەتایبەت جۆر، کواڵیتی و ناوی کۆمپانیای بەرهەمهێنەری دەرمانەکە.