رووداو - تەندروستی
خولی دووەمی هەڵمەتی پێدانی ڤاکسینی دژ بە ئیفلیجیی منداڵان بۆ منداڵانی غەززە بەڕێوەدەچێت و ئەمجارە لەگەڵ پێدانی ڤاکسینەکە، دەرزیی ڤیتامین A بە منداڵان دەدرێت، بەرپرسێکی یونیسێف دەڵێت: ''ئەو ڤیتامینە بەرگریی جەستەی منداڵان بەهێزدەکات''.
لە 14ـی تشرینی یەکەمی 2024 دووەمین خولی هەڵمەتی کوتان بە ڤاکسینی ئیفلیجیی منداڵان لە غەززە دەستیپێکرد و رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێت، تاوەکو ئێستا 442 هەزار و 855 منداڵی خوار 10 ساڵان کوتراون.
رێکخراوەکە رایدەگەیێنێت، زیاتر لە 370 هەزار منداڵ ڤیتامین Aـیان وەرگرتووە وەکو بەهێزکەرێکی بەرگریی جەستە دژی ڤایرۆسی ئیفلیجی و نەخۆشییەکانی دیکەش.
سەرۆکی بەشی تەندروستی و خۆراک لە رێکخراوی ئاژانسی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەرانی فەلەستینی 'ئۆنروا' رایدەگەیێنێت، تەواوکەری خۆراکیی ڤیتامین A دەشێت 15٪ بۆ 25٪ ژیانی منداڵان لە مردن بپارێزێت.
میلانیا گالڤین، سەرۆکی بەشی تەندروستی و خۆراک لە ئۆنروا دەڵێت: پێشوازییەکی زۆر هەیە لەلایەن دایک و باوکانەوە بۆ کوتانی منداڵەکانیان، چونکە منداڵەکانیان بەر ئاو و ژینگەی پیسبوو دەکەون کە رەنگە تووشی نەخۆشیی مەترسیداریان بکات.
بەپێی مایۆکلینیک ئەم خۆراکانەی خوارەوە سەرچاوەی ڤیتامین Aـین؛
- سەوزەکان
- شیر
- جەرگی ئاژەڵ
- هێلکە
- ماسی
- گێزەر
- گۆشتی سوور
- برۆکلی
- تەماتە
- سپێناخ
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ