چۆن دەزانیت خەمباری یاخود تووشی خەمۆکی بوویت؟

دوێنێ کاژێر 04:45
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی

چارەسەرکارێکی دەروونی ئاشکرای دەکات، کەسی خەمبار دەتوانێت هێشتا چێژ لە چالاکییەکانی ژیانی رۆژانە وەربگرێت و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی بپارێزێت، بەڵام ئەمە لە تووشبووانی خەمۆکی بە پێچەوانەوەیە.
 
هەستیار عەلی، چارەسەرکاری دەروونی لە سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، ''خەمباری، کاردانەوەیەکی سرووشتی و کاتییە بەرامبەر بە رووداوێکی دیاریکراو، وەکو لەدەستدانی کەسێکی خۆشەویست یان شکستێکی گەورە؛ ئەم هەستە بە شێوەیەکی سرووشتی بەرەبەرە کەمدەبێتەوە و کەسەکە دەگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی خۆی''.
 
لەبارەی خەمۆکییەوە دەڵێت، ''نەخۆشییەکی دەروونییە کە زۆر قووڵ و درێژخایەنترە و بۆ چارەسەر پێویستی بەسەردانی پسپۆڕی دەروونی یاخود هەندێکجار چارەسەرکاری دەروونی هەیە''.
 
ئەمانە نیشانەکانی خەمۆکین؛
 
1- هەستکردن بە بێبەهایی و نائومێدیی بەردەوام.
2- لەدەستدانی حەز، ئارەزوو و خولیا بۆ هەموو جۆرە چالاکییەک.
3- گۆڕانکاری لە شێوازی خەوتن و خواردنی کەسەکە، واتە پرۆگرامی خەوی تێکدەچێت و گۆڕانکاری بەسەر خواردنیدا دێت، تەنانەت هەندێكجار کێشی زیاد و کەمدەکات.
4- بیرکردنەوە لە خۆکوشتن.
5- کێشەی سەرنجدان و بڕیاردانی بۆ دروستدەبێت.
 
ئەو چارەسەرکارە ئاماژە بەم جیاوازییانەی خوارەوە دەکات لەنێوان خەمباری و خەمۆکی؛
 
1- خەمباری هۆکارێکی دیاریکراوی هەیە، بەڵام خەمۆکی دەکرێت بێ هۆکار کەسێک تووشی ببێت.
2- خەمباری کاتییە و چەند رۆژ یان چەند هەفتەیەک دەخایەنێت، بەڵام خەمۆکی مانگێک یان ساڵانێک بەردەوام دەبێت.
3- خەمباری کەمتر کاریگەریی لەسەر ژیانی رۆژانە هەیە، بەڵام خەمۆکی زۆربەی لایەنەکانی ژیان پەکدەخات.
4- چارەسەر بۆ خەمباری پێویستی بە پشتگیریی کۆمەڵایەتی و کات هەیە، بەڵام بۆ خەمۆکی پێویستی بە چارەسەری پزیشکی، دەرمان و رێنوێنیی دەروونی هەیە.
5- لە خەمباریدا کەسەکە هێشتا دەتوانێت چێژ لە ژیان وەربگرێت، بەڵام لە خەمۆکیدا کەسەکە چێژ لە هیچ شتێک وەرناگرێت.
 
لەکۆتاییدا گوتی، گرنگە لە لایەن پسپۆڕانی دەروونییەوە ئەم جیاوازییانە بە باشی روونبکرێنەوە بۆ ئەوەی تێکەڵەیەک و ناڕوونییەک دروست نەبێت لە لای هاونیشتمانی کە نەتوانێت جیاوازییەکی تەندروست بکات لە نێوان خەمباری و نەخۆشیی خەمۆکی.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە