پسپۆڕێکی نەخۆشخانەی شار: 80٪ـی ئەوانەی لە چاودێریی چڕدان گیرۆدەی هەوکردنی تووندی بێچارەسەرن

دوێنێ کاژێر 02:42
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

پسپۆڕێکی نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی ئاشکرای دەکات، زۆرینەی ئەوانەی بۆ ماوەیەکی زۆر لە یەکەی چاودێریی چڕ دەمێننەوە، تووشبووی هەوکردنن کە بە دەرمان چارەسەر ناکرێن، ئەمەش پێیان دەڵێن، ''بەهێزبوونی بەکتریاکان''.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 22-10-2024 د. سەفین عوسمان، پسپۆڕی مایکرۆبایۆلۆژی و نەخۆشییە گوازراوەکان لە نەخۆشخانەی شار بە رووداوی راگەیاند، لەکۆی 30 تەختی چاودێریی چڕ لە نەخۆشخانەکە، تەنیا پێنجیان بەتاڵن، هاوکات ئەوەشی باسکرد کە 80٪ـی کەیسەکانی چاودێریی چڕ بەهۆی ئەوەی کە تووشی بەهێزبوونی بەکتریاکان بوون، زۆر ماونەتەوە لە یەکەکە.
 
ئەو پسپۆڕە روونی دەکاتەوە، ئەوانەی تووشی هەوکردنی تووند بەهۆی بەکتریا بەهێزەکان بوون، زیاتر لە سێ مانگ لەنێو چاودێریی چڕدا ماونەتەوە و ئەو هەوکردنە وادەکات کە بە ماوەیەکی زۆر چاکببنەوە، چونکە بەشێکی زۆری دەرمانەکانی دژەبەکتریاکان کاریان تێناکات.
 
لەم بارەیەوە پسپۆڕێکی دەرمانسازی گوتویەتی، 60٪ـی بەکتریاکانی نێو نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان دەرمان کاریان تێناکات.
 
بە گوێرەی ناوەندی کۆنتڕۆڵ و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان CDC لە ئەمریکا، ساڵانە زیاتر لە پێنج ملیۆن کەس بەهۆی بەهێزبوونی بەکتریاکانەوە گیانلەدەستدەدەن. 
 
ناوەندەکە دەریدەخات، سەرسەختبوونی بەکتریاکان کێشەیەکی تەندروستیی جیهانیی مەترسیدارە، رێکخراوی تەندروستیی جیهانیش بە ''پەتای بێدەنگ'' ناوی دەبات. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە