بەڕێوەبەری بنکەیەکی تەندروستی لە هەولێر: رێژەی کوتان بە ڤاکسینی ئەنفلەوەنزا زیادبووە

9 کاژێر له‌مه‌وپێش
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی

لەگەڵ هاتنی وەرزی سەرما و سەرەتای وەرزی پاییز، تووشبوون بە نەخۆشییە درمییەکان {گوازراوەکان} زیاددەبێت بەتایبەت ئەنفلەوەنزا، بەپێی سەرچاوە جیهانییە تەندروستییەکانیش باشترین رێگەی پێشگیری لێیان؛ ڤاکسینە.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 23ـی تشرینی یەکەمی 2024 د. سۆزان سەمەد، بەڕێوەبەری بنکەی تەندروستیی برایەتی لە هەولێر بە رووداوی راگەیاند، خۆشبەختانە کەسانێکی زۆر ڤاکسینی ئەنفلەوەنزا لەم وەرزەدا لێدەدەن و تەنیا لە یەک قۆناخدا زیاتر لە هەزار ڤاکسینیان وەرگرتووە.
 
د. سۆزان سەمەد دڵنیاییدا لە سەلامەتی و کوالێتیی ڤاکسینەکان و گوتی، بۆ هەموو کەسێک سەلامەتن و لە بنکەکە هەر لە منداڵەوە بگرە تاوەکو کەسانی سەروو 65 ساڵانیش دێن بۆ کوتان.
 
بە گوتەی د. سۆزان، ڤاکسینەکە بۆ خانمانی دووگیان سەلامەتە و رۆژانە بەردەستە.
 
هاوکات فەریق عەبدولرەحیم، بەرپرسی بەشی کوتان لە گەرمیان هەر ئەمڕۆ بە رووداوی راگەیاند، دوو هەزار و 400 ژەمی ڤاکسینی ئەنفلەوەنزایان وەرگرتووە و تاوەکو ئێستا دوو هەزار و 200ـیان بەسەر بنکە تەندروستییەکانی ناوچەکەدا دابەشکردووە.
 
ئەو جەختی لەوەشکردەوە کە ڤاکسینەکان هیچ مەترسییەکیان لەسەر نییە و بە رێگەی زانستی پارێزراون.
 
شێرکۆ حەسەن، بەرپرسی بەشی کوتان لە بنکەی تەندروستیی شێروانە لە کەلار دەڵێت، لە دوو هەفتەدا هەزار کەس ڤاکسینی ئەنفلەوەنزایان وەرگرتووە و لە هەموو تەمەنێک هەن.
 
لەم بارەیەوە هاوار خورشید، بەڕێوەبەری کارگێڕیی بنکەی تەندروستیی نەورۆز لە هەولێر گوتی، بەشێکی زۆری ئەوانەی دێن ڤاکسینەکە وەردەگرن بەساڵاچووانن و ئێستا بەراورد بە ساڵانی رابردوو کەسانێکی زیاتر دێن بۆ وەرگرتنی ڤاکسین.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە