CDC: خەوی رێکی شەوانە تەمەن درێژدەکات

23-10-2024
ئیسماعیل خالس نادر
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

ناوەندی کۆنتڕۆڵ و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان لە ئەمریکا دەریدەخات CDC، خەوی رێکی شەوانە هۆکارێکی تەمەندرێژییە.
 
ناوەندەکە ئاماژە بەوەدەکات، زیاتر لە 25%ی گەورەساڵانی ئەمریکا رێنماییەکانی ئەکادیمیای ئەمریکی بۆ خەوتن AASM و کۆمەڵەی توێژینەوەی خەو جێبەجێناکەن.
 
کۆمەڵەی خەو لە ئەمریکا وەڵامی چەند پرسێک دەرباری خەوتن دەداتەوە کە ئەمانەن؛
 
ئایا 6 کاژێر خەوتن بەسە؟
 
بە گوێرەی ئەکادیمیای ئەمریکی بۆ خەوتن، کاژێری پێویست بۆ خەوتن حەوت بۆ نۆ کاژێرە لە شەوێک، کەمخەوی ئەگەری تووشبوون بە قەڵەوی، شەکرە، بەرزە پەستانی خوێن و نەخۆشییەکانی دیکەی دڵ و خوێنبەرەکان زیاددەکات. 
 
چەند کاژێر خەو پێویستە؟
 
CDC روونیدەکاتەوە، نەوجەوانان 8 بۆ 10 کاژێر خەویان پێویستە و گەورەساڵانی تەمەن 18بۆ 60 ساڵ پێویستە شەوانە لانیکەم حەوت کاژێر بخەون، لەکاتێکدا گەورەساڵانی سەرووی 60 ساڵ پێویستیان بە نزیکەی نۆ کاژێر خەوتن هەیە.
 
چۆن بگەین بە خەوێکی قووڵ؟
 
بەپێی کۆمەڵەی خەو لە ئەمریکا باشترە کاژێرەکانی خەوتن بەسەر یەکەوەبێت و بە گوێرەی خشتەیەکی دیاریکراوبێت، هەروەها دەبێت چالاکی و کارەکانی رۆژانە بە جۆرێک رێکخراوبن کە نەبنە هۆی درەنگ خەوتن. 
 
چەند پێشنیازێک بۆ خەوێکی باشتر لە لایەن AASM؛ 
 
- دوورکەوتنەوە لە کافاین و کحول چونکە دەتوانن دەستوەردان لە گەیشتن بە خەوی قووڵ بکەن. 
- هێشتنەوەی ژوور بە تاریکی و بێدەنگی بۆ یارمەتیدانی بەرهەمهێنانی میلاتۆنین کە یارمەتی باشترکردنی خەو دەدات.
- وەرزشکردن بە بەردەوامی، و دڵنیابوون لە تەواوکردنی هەر چالاکیەکی جەستەیی قورس لانیکەم دوو کاژێر پێش خەوتن.
- دوورکەوتنەوە لە لاپتۆپ، مۆبایل یان تابلێتەکەت لانیکەم کاژێرێک پێش خەوتن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە