لووتکەی تەندروستیی جیهانی لە رۆما بەڕێوەدەچێت

21-05-2021
بژار زوبێر @BBashqaly
نیشانەکردن کۆرۆنا ڤاکسین لووتکەی تەندروستی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ئەمڕۆ هەینی لە شاری رۆمای پایتەختی ئیتالیا، سەرکردەی وڵاتان و بەڕێوەبەرانی رێکخراو و کۆمپانیا تەندروستیە نێودەوڵەتییەکان باس لەوە دەکەن لە ماوەی رابردوودا چی لە پەتای کۆرۆنا فێربوون و پێویستە لە داهاتوودا بۆ رووبەڕووبوونەوەی پەتاکانی دیکە چی بکرێت. 
 
کۆبوونەوەکە لە کاتێكدایە، پەتای کۆرۆنا هێشتا بەرۆکی جیهانی بەرنەداوە. لە سەرانسەری جیهاندا ژمارەی تووشبووانی پەتاکە بۆ سەرووی 165 ملیۆن بەرزبووەتەوە کە زیاتر لە 3 ملیۆن و 400 هەزاریان گیانیان لەدەستداوە. 
 
تێدرۆس ئەدهانۆم، بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی تەندروستیی جیهانیش هۆشداری دەدات دەکرێت ئەمساڵ لە ساڵی رابردوو خراپتربێت. 
 
ئەدهانۆم گوتی: "کۆرۆنا بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە 3.3 ملیۆن کەس و ئێمە بەرەو ساڵی دووەمی پەتاکە دەڕۆین کە وا دیارە زۆر خراپتر دەبێت لە یەکەمیان. رزگارکردنی ژیانی خەڵک و گوزەرانیان لە رێگەی رێکارە تەندروستیەکان و کوتان پێکەوە تاکە رێگەیە بۆ رزگاربوون لەم پەتایە."
 
بەگوێرەی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆرۆنا بووەتە هۆی هەژاربوونی 114 ملیۆن و 400 هەزار کەس لە سەرانسەری جیهاندا. 
 
نوێترین راپۆرتی ئەو رێکخراوە دەڵێت، نایەکسانی لە دابەشکردنی ڤاکسیندا گەورەترین بەربەستە لە بەردەم بووژانەوەی ئابووریی جیهان. 
 
تاوەکو ئێستا ملیارێک و 650 ملیۆن قورچکە ڤاکسین لە سەرانسەری جیهان دابەشکراون، بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەشی هەرە زۆری بۆ وڵاتە دەوڵەمەندەکان بووە.
 
لە کاتێکدا وڵاتە دەوڵەمەندەکانی وەک بەریتانیا، چین و ئەمریکا نزیک دەبنەوە لەوەی 70٪ خەڵکەکەیان ڤاکسین وەربگرن، تاوەکو ئێستا تەنانەت 5٪ی خەڵکی وڵاتانی ئەفریقا ڤاکسینیان وەرنەگرتووە. 
 
سەرکردەکانی وڵاتانی ئەفریقا داوا لە وڵاتانی خاوەن ئابووری پێشکەوتوو دەکەن هاوکارییان بکەن تاوەکو لە نێو وڵاتەکانیان ڤاکسین بەرهەمبهێنن.
 
ماکی سال، سەرۆکی سەنیگال دەڵێت: "ئێمە بەرپرسیاریەتییەکی هاوبەشمان هەیە، ئەویش بریتییە لەوەی دەبێت خۆمان زەمینە بڕەخسێنین تاوەکو خەڵکەکەمان ڤاکسین وەربگرن، چونکە وڵاتە پێشکەوتووەکان هیچ گەرەنتی ئاساییشی تەندروستییمان پێنادەن. روونە کە ئەگەر ئێمە بەم جۆرەی ئێستا بەردەوامبین و تەنیا ٪2 تاوەکو ٪3ی ئەفریقیەکان ڤاکسین وەربگرن، ئەوا ڤایرۆسی گۆڕاوی زۆر ترسناکتر لە کیشوەری ئەفریقا پەیدا دەبێت."
 
سعودیە ئامادەیی خۆی راگەیاندووە کە بایی یەک ملیار دۆلار وەبەرهێنان لە کەرتی تەندروستیی ئەفریقادا بکات.
 
لێکۆڵەرەکانی زانکۆی ئۆکسفۆرد و کۆمپانیای ئەسترازێنیکاش دەڵێن، جیهان پێویستی بە 66 ملیار دۆلارە تاوەکو ڤاکسینی کۆرۆنا بە هەموو دانیشتووانەکەی بگات. 
 
ئەو لێکۆڵەرانە داوا لە ئەمریکا، بەریتانیا، کەنەدا، ئیتاڵیا، فەرەنسا، ژاپۆن و ئەڵمانیا دەکەن لە کۆبوونەوەی لووتکەیاندا کە لە مانگی حوزەیران بەڕێوەدەچێت، دابینکردنی 43 ملیار دۆلار لەو بڕە پارەیە بگرنە ئەستۆ. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 د. سۆما مەسعوود و نموونەیەک لە قاپ و کەوچکی پلاستیکی.

پسپۆڕێک: بە کەوچکی پلاستیکی خۆراکی گەرم نەخورێت

پسپۆڕێکی کیمیای ئەندامی ئاشکرای دەکات، بەرکەوتنی گەرمی بە مادە پلاستیکییەکان، ژەهریان لێ دروستدەبێت، هەر بۆیە پێشنیازدەکات کە بە کەوچکی پلاستیکی خۆراک نەخورێت و هۆکارەکەش رووندەکاتەوە.