رووداو - دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی دەڵێت، لەماوەی شەش رۆژدا نزیکەی چوار هەزار کەس بەهۆی سکچوون و رشانەوە لە نەخۆشخانەکانی سلێمانی خەوێندراون؛ گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیش دەڵێت، نەخۆشییەکە لە هەموو کوردستان هەیە، بەڵام بەراورد بە سلێمانی، تووشبوون بە سکچوون و رشانەوە لە هەولێر و دهۆک کەمترە.
رۆژی یەکشەممە، 19-6-2022، دکتۆر سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند: "لەماوەی شەش رۆژی رابردوودا نزیکەی چوار هەزار کەس بە نەخۆشیی سکچوون و رشانەوە لە نەخۆشخانەکانی سلێمانی خەوێندراون؛ خۆشبەختانە لە نەخۆشخانەکان چارەسەری پێویستیان بۆ کراوە."
رۆژی یەکشەممە، 19-6-2022، دکتۆر ئاسۆ حەوێزی، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەراورد بە پارێزگای سلێمانی، تووشبوون بە سکچوون و رشانەوە لە پارێزگای هەولێر و دهۆک کەمترە؛ ئێمە لە وەزارەتی تەندروستی بەدواداچوون دەکەین؛ رێنماییمان لەڕێگەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی خۆپاراستنی تەندروستی لەبارەی سکچوون و رشانەوە بڵاوکردووەتەوە."
سەبارەت بە هۆکارەکانی زۆربوونی سكچوون و رشانەوە، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی گوتی: "هۆکارەکان زۆرن. ناتوانین بڵێین ئەوەی هەیە کۆلێرایە، بەڵام مەترسییەکە ئەوەیە چەند ساڵێک لە سلێمانی کۆلێرا هەبووە و لەنێوان پێنج شەش ساڵ جارێک سەرهەڵدەداتەوە."
رۆژی پێنجشەممە، 16-06-2022، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری تەندروستی لە وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان پلانی خۆی بۆ رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی کۆلێرا و کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکانی سکچوون و رشانەوە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، رێکاری تووند بۆ ئەو مەبەستە دەگرنەبەر.
لە نووسراوێکدا کە بۆ بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە، گەرمیان، راپەڕین و کۆیەی ناردووە و واژۆی دکتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستانی لەسەرە، وەزارەتی تەندروستی پێنج خاڵی خستووەتەڕوو کە ئەمانەن:
یەکەم: پێکهێنانی لیژنەی سەرپەرشتیاری لە هەر بەڕێوەبەرایەتییەک بۆ دانانی رێوشوێنی پێویست و گونجاو بۆ رێگەگرتن لە سەرهەڵدان و بڵاوبوونەوەی پەتای سکچوون و رشانەوە.
دووەم: هاوئاهەنگی و ئەنجامدانی کۆبوونەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان.
سێیەم: زیادکردن و بەهێزکردنی تیمەکانی تەندروستی و سزادان و داخستنی سەرپێچیکار بە تایبەتی چێشتخانە و کافتریاکان و ئەو شوێنانەی کە مەترسیی بڵاوبوونەوەی ئەو نەخۆشییەیان لێدەکرێت.
چوارەم: خۆئامادەکردن لە رێگەی هێزی کار، پێداویستیی پزیشکی و دەرمان بۆ هەر ئەگەرێکی نەخوازراو لەکاتی سەرهەڵدان و بڵابوونەوەی نەخۆشیی سکچوون و رشانەوە.
پێنجەم: بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی تەندروستی بۆ هاووڵاتییان لەڕێگەی چڕکردنەوەی چالاکییەکانی هۆبەکانی پتەوکردنی تەندروستی لەڕێگەی کەناڵەکانی میدیا یان سۆشیاڵمیدیا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ