رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی نەخۆشیی تای خوێنبەربوونەوە، لە کەرکووک کەسێک گیانی لەدەستدا و تووشبوونی کەسێکی دیکەش پشتڕاستکراوەتەوە، گومان لە دوو تووشبوونی دوو کەسی دیکەش دەکرێت.
سەرچاوەیەک لە نەخۆشخانەی کەرکووک، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دوو کەس لە نەخۆشخانەکەمان لەژێر چاودێریدا بوون، کە پشتڕاستکرابووەوە تووشی تای خوێنبەربوون بوون، شەوی رابردوو یەکێکیان گیانی لەدەستدا".
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە تەمەنی 30 ساڵە و گۆشتفرۆش بووە. کەسەکەی دیکەش ئاژەڵدارە.
هەر بە گومانی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون، لە کەرکووک دوو کەسی دیکە لەژێر چاودێریی پزیشک دان، بەڵام بەگوێرەی نەخۆشخانەی کەرکووک بۆ رووداو، هێشتا ئەنجامی پشکنینەکانیان پشتڕاستنەکراوەتەوە.
تای خوێنبەربوون نەخۆشییەکی ڤایرۆسیی هاوبەشە لەنێوان مرۆڤ و ئاژەڵدا و لە رێگەی گەنەوە بۆ ئاژەڵ بەشێوەیەکی سەرەکی دەگوازرێتەوە. ئاژەڵی ماڵی و کێوی وەک گوێزەرەوەی ڤایرۆسەکە بۆ مرۆڤ دادەنرێن. بڵاوبوونەوەی ئەم نەخۆشییە لە عێراقدا نوێ نییە و سەرەتاکەی بۆ ساڵی 1979 دەگەڕێتەوە.
نیشانەکانی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون لە مرۆڤدا بەپێی پسپۆڕانی بوارەکە ئەمانەن: سەرئێشە و ئازاری مل و سک، سووربوونەوەی چاو و سەر شان و سنگ، سکچوون و رشانەوە کە خوێنبەربوونی لەگەڵ دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ