رووداو-هەولێر
سەرپەرشتیاری پێشانگەی نێودەوڵەتیی پیشەسازی و بیناسازی لە ھەولێر رایگەیاند، بڕیارە 24 تاوەکو 26ـی مانگ پێشانگەی نێودەوڵەتیی پیشەسازی و بیناسازی لە پارکی سامی عەبدولڕەحمان دەکرێتەوە و زیاتر لە 200 کۆمپانیا بەشدارییان کردووە.
سۆران قادر، سەرپەرشتیاری پێشانگەی نێودەوڵەتیی پیشەسازی و بیناسازی لە ھەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تاوەکو ئێستا "بە عێراقەوە شەش وڵات بەشدارییان لە پێشانگەکە کردووە" و کەمترین کۆمپانیای بەشداربوو کۆمپانیا نێوخۆییەکانن.
بە گوتەی سەرپەرشتیاری پێشانگەی نێودەوڵەتیی پیشەسازی و بیناسازی لە هەولێر، تاوەکو ئێستا 210 کۆمپانیا لە پێشانگەیەکە بەشدارن، کۆمپانیا تورکییەکان زۆرترین بەشداربوون، "چونکە ئەو رێکخراوەی کارەکانی پێشانگەیەکە بەڕێوەدەبات تورکییە".
سەبارەت بە عێراق و هەرێمی کوردستان 30 کۆمپانیا بەشدارییان کردووە و رەنگە لە چەند رۆژی داهاتوو گۆڕانکاری بەسەردا بێت، لەبارەی کەمیی بەشداریکردنی کۆمپانیایە ناوخۆییەکان سۆران قادر گوتی، "یەکێک لە هۆکارەکان نرخی شوێنەکەیە، بەشێکیان دەڵێن حەز دەکەن بەشداری بکەن، بەڵام دەیانەوێت شوێنەکە بەخۆڕایی پێیان بدرێت، ئەوەش ناکرێت، ئێمە داوامان لە رێکخراوەکە کردووە بۆ ئەوەی نرخی شوێنەکە بۆ کۆمپانیا ناوخۆییەکان کەمتر دیاریبکەن و ئەوەش جێبەجێکراوە."
لە رووی دابینکردنی هەلی کار سۆران قادر گوتی، لە رووی هەلی کارەوە سوودێکی زۆری هەیە، ئێستا زیاتر لە 200 کەس سەرقاڵی کارکردنن بۆ پێشانگەکە، ئەوە بۆ خۆی هەلی کارە، "یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانمان ئەوەیە ئەو کۆمپانیایانە لە هەرێمی کوردستان لق بکەنەوە، چونکە دوای ئەو هەنگاوە پێویستیان بە کارمەند دەبێت و بەوەش هەلی کار رادەگەیێنن. ئێستا دەبینین چەندین کۆمپانیای تورکی و ئێرانی لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن، کارمەندانیان 90٪ کوردە، ئەوە ئامانجی ئێمەیە".
بە گوتەی سەرپەرشتیاری پێشانگەکە ئەوان چاوەڕوانن لە رۆژانی داهاتوو ژمارەیەکی زیاتر لە کۆمپانیاکان بەگوێرەی ئەو شوێنانەی کە ماوەتەوە بەشداربن، دەڵێت "مەبەستمانە زۆرترین کۆمپانیا بەشداربن بۆ ئەوەی کێبڕکێ دروست بێت و نرخی کاڵا و شتومەک کەمتر ببێتەوە، چونکە تاوەکو ژمارەی کۆمپانیاکان لە هەرێمی کوردستان زیاتر بێت، نرخ زیاتر نزمدەبێتەوە و کێبڕکێ زیاتریش دروست دەبێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ