هۆشداری بە خەڵک دەدرێت منداڵە ساواکان ماچ نەکەن

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

هەندێکجار زانین بەڵایە، رەنگە دوای خوێندنەوەی ئەم راپۆرتە هەرگیز منداڵە ساواکەت ماچ نەکەیتەوە.
 
د. کاران راج، پزیشکێکی نەشتەرگەریی بەریتانییە، بەم دواییانە لە تیکتۆک ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا هۆشداریی بە خەڵک دا منداڵە ساواکانیان ماچ نەکەن، چونکە ئەوە کارێکی مەترسیدارە و تەندروستی و ژیانی کۆرپەکە دەخاتە مەترسییەوە.
 
بە لەبەرچاوگرتنی ئەو هەموو کۆمێنتەی بۆی نووسراون، بۆمان دەردەکەوێت کە خەڵکێکی زۆر ئاگاداری ئەو راستییە زانستییە نین و بۆ زۆریان شتێکی نوێیە.
 
زۆربەمان حەز دەکەین منداڵی ساوا بۆن بکەین و ماچی بکەین. پار، رێکخراوێکی خێرخوازیی بەریتانیا بەناوی The Lullaby Trust راپرسییەکی کرد و دەریخست 54%ی دایکان و باوکان بەلایانەوە ئاساییە دۆست و کەسوکار منداڵە ساواکانیان ماچ بکەن، چونکە نازانن بەو کارە دەیخەنە بەر مەترسیی گواستنەوەی نەخۆشی.
 
بەڵام بۆچی ماچکردنەکە هێندە مەترسیدارە؟
 
منداڵی ساوا کە لەدایک دەبێت، هێشتا سیستمی بەرگریی لەشی بە تەواوی گەشەی نەکردووە، بۆیە مەترسیی تووشبوونیان بە نەخۆشی زۆر زیاترە.
 
لە سێ مانگی سەرەتادا، سیستمی بەرگریی منداڵی ساوا خانەی بەرگریی کەمتری هەیە، کە ئەوانەن لە زکماکدا بۆی دروستبوون، وەکو خانەی نیترۆفیل و مۆنۆسیت، واتە دەکرێت ئەو نەخۆشییانەی کەسێکی پێگەیشتوو بە سووکی دەیانگرێت یان هەر هەستی پێنەکات، هەڕەشە لە ژیانی ساواکە بکات.
 
یەکێک لە نموونەکان، ڤایرۆسی هێرپسە. کاتێک کەسێکی پێگەیشتوو تووشی دەبێت، نیشانەکانی هەڵامەت و سەرماگرتنی لێ دەردەکەون، بەڵام ئەگەر منداڵێکی ساوا تووشی ببێت، دەکرێت خێرا بە سەختی نەخۆش بکەوێت و پێویست بکات لە نەخۆشخانە بمێنێتەوە.
 
ئەگەر ڤایرۆسەکە تەنیا تووشی چاو، دەم یان پێستی منداڵە ساواکە ببێت، ئەوا رەنگە بە وەرگرتنی دژە ڤایرۆس چاکببنەوە؛ بەڵام ئەگەر ڤایرۆسەکە لە هەناو و ئەندامەکانی دیکەی لەشی بدات، ئەوا نەخۆشییەکە زۆر سەختتر دەبێت و دەکرێت بگاتە ئاستی مردن.
 
منداڵانی ساوا لەژێر مەترسیی بەکتریاکانیشدان. ئەو بەکتریایانەی کە پێگەیشتووان بەرگەی دەگرن، بۆ ساوایان کێشەیەکی گەورەن و دەیانخەنە سەرەمەرگ، یەکێک لە نموونەکان بەکتریای جۆری دوومی (streptococci)یە، کە دەبێتە هۆی نەخۆشیی لاوازبوونی کتوپڕی جووڵەی دەست و پێی منداڵان.
 
ئێستا کە ئەمە دەزانیت، رەنگە لە خۆت بپرسیت، "چۆن شەرم نەکەم و بە خەڵک بڵێم ماچی منداڵە ساواکەم نەکەن؟"
 
ئەگەر میوانەکەت بە راست منداڵەکەتی خۆش دەوێت، دەبێت لێت دڵگران نەبێت. پسپۆڕانی پزیشکی دەڵێن، باشترین شت بۆ دەربڕینی خۆشەویستی بۆ ساوایان، بێ ئەوەی بیانخەینە مەترسییەوە، ئەوەیە کە ماچی دەم و رووخساریان نەکەین، بەڵکو ماچی شوێنەکانی دیکەیان بکەین، وەکو پێیەکانیان.
 
هەروەها لەوەش باشتر ئەوەیە، ئەوەی منداڵەکە هەڵدەگرێت یان ماچ دەکات، دەستی باش شۆردبێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەو قولاپەی لە گەرووی کچە 15 ساڵانەکە دەرهێنرا. وێنە: نەخۆشخانەی فێرکاریی رزگاری.

لە نەخۆشخانەی رزگاری لە هەولێر قولاپێک لە گەرووی کچێکدا دەرهێنرا

نەخۆشخانەی فێرکاریی رزگای لە هەولێر وێنەی دەرزییەک بڵاودەکەنەوە کە لە گەرووی نەوجەوانێکدا دەرهێندراوە، نەخۆشانەکە ئاشکرای دەکات، نەخۆشەکە کچە و تەمەنی 15 ساڵە.