پسپۆڕێکی خۆراک: مەرج نییە هەموو کەسێک سوود لە رێژیمی کیتۆ وەربگرێت

09-05-2023
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

پسپۆڕێکی خۆراک لە بارەی رێژیمی کیتۆوە دەڵێت: ''هەموو کەسێك بە رێژیمەکە کێشی دانابەزێت و پێویستە پێش پەیڕەوکردنی، راوێژ بە پزیشک و کەسانی شارەزا بکرێت.''
 
جیلوان محەممەد، پسپۆڕی خۆراک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو کەسانەی کێشەی تەندروستییان هەیە وەکو تووشبووی نەخۆشییەکانی 'پەنکریاس، جگەر، رژێنی پەریزاد و زراو' نابێت بەهیچ شێوەیەک کیتۆ بکەن. 
 
هەروەها لەبارەی رێژیمەکەوە گوتی، کیتۆ رێژیمێکی کەم کاربۆهیدراتیی پڕ چەورییە، واتا لەم رێژیمەدا رۆژانە بڕێکی زۆر لە خۆراکە چەورەکان دەخورێن و وەکو سەرچاوەی وزە بەکاردێن، بە گوێرەی زۆربەی توێژینەوەکان، کیتۆ جگە لە دابەزاندنی کێش؛ چەند سوودێکی تەندروستیی دیکەی هەیە.
 
لە بارەی ئەو خۆراکانەی لە رێژیمەکەدا ئاساییە بخورێن جیلوان محەممەد دەڵێت: ئەوانەی پەیڕەوی رێژیمەکە دەکەن ئاساییە 'گۆشت، مریشک، دووگ، هێلکە، پەنیر، ماست، ماسی، چەرەس، زەیتوون و زەیتی زەیتوون' بخۆن، هەروەها بایەخ بە تووەکان و رووەکە کەم کاربۆهیدراتییەکانیش بدەن وەکو 'برۆکلی، باینجان، بامیە، بیبەر، خەیار و تەماتە'.
 
هاوکات ئاماژەشی بەو خۆراکانەدا کە نابێت لە رێژیمی کیتۆدا بخورێن وەکو میوە و شیرینییەکان، خواردنەوە گازی و وزەبەخشەکان، چونکە بڕێکی زۆر کاربۆهیدراتیان تێدایە.
 
پسپۆڕەکەی خۆراک ئەوەش ئاشکرادەکات، رێژیمی کیتۆ بۆ هەموو کەسێک گونجاو نییە و کێشی هەموو کەسێک دانابەزێنێت، بۆیە باشترە پێش دەستپێکردن بە رێژیمەکە؛ راوێژ بە پزیشکی پسپۆڕ بکرێت. 
 
لە بارەی دەرکەوتنی کاریگەرییەکانی کیتۆوە پسپۆڕەکەی خۆراک گوتی، دوای چوونە حاڵەتی ''کیتۆسس'' بەدەردەکەون کە حاڵەتێکی زیندەچالاکیی جەستەیە؛ تێیدا جەستە چەوری لەبری کاربۆهیدرات وەکو سەرچاوەی وزە بەکاردێنێت، هەروەها دەشڵێت: هەندێک نیشانە وەکو زیادبوون تینووێیتی، وشکبوونەوەی دەم، کەمبوونەوەی ئارەزووی خواردن و زۆرمیزکردن دەکرێت نیشانەکانی چوونە ناو حاڵەتی ''کیتۆسس'' بن.
 
پسپۆڕەکە کاریگەرییە لاوەکییەکانی رێژیمەکە باسدەکات و رایدەگەیێنێت، ئەو کەسانە کیتۆ دەکەن دەکرێت هەست بە هەندێک کاریگەریی لاوەکی بکەن وەکو 'بۆنی ناخۆشی دەم، ماندووبوونی کورتخایەن، کێشەکانی هەرس لەسەرەتاکان، بێخەوی، سەرئێشە، بەردی گورچیلە، قژهەڵوەرین و کەمبوونەوەی ڤیتامین و کانزاکان'.
 
جیلوان محەممەد لەبارەی کیتۆوە زیاتر گوتی: ''رێژیمێکی خراپ نییە و تەنانەت چەند سوودێکی گرنگی هەیە، بەڵام بەبێ راوێژی پزیشکی پسۆڕ و شارەزایانی بواری خۆراک، نابێت پەیڕەوی ئەم رێژیمە بکرێت، چونکە دەشێت کێشەی تەندروستیی جیدی دروستبکات.''
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 د. سۆما مەسعوود و نموونەیەک لە قاپ و کەوچکی پلاستیکی.

پسپۆڕێک: بە کەوچکی پلاستیکی خۆراکی گەرم نەخورێت

پسپۆڕێکی کیمیای ئەندامی ئاشکرای دەکات، بەرکەوتنی گەرمی بە مادە پلاستیکییەکان، ژەهریان لێ دروستدەبێت، هەر بۆیە پێشنیازدەکات کە بە کەوچکی پلاستیکی خۆراک نەخورێت و هۆکارەکەش رووندەکاتەوە.