لە ئەمریکا نزیکەی 90 ملیۆن کەس بەهۆی گەرماوە ژیانیان لە مەترسیدایە

05-07-2024
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما لە ئەمریکا نزیکەی 90 ملیۆن کەس ژیانیان لە مەترسیدایە، کەشناسیی نیشتمانیی ئەمریکی دەڵێت: رەنگە پلەی گەرما بگاتە 46 پلەی سیلیزی.
 
کریستینا کۆفێ و کچە بچووکەکەی بەهۆی گەرماوە لە کەناراوێکی ئەمریکا خێوەتێکیان هەڵداوە. دەیانەوێت خۆیان فێنکبکەنەوە.
 
کریستینا کۆفێی، هاووڵاتیی ئەمریکی دەڵێت: ''ئەگەر هەڵە نەبم، گوێم لێدەبێت کە گەرما دەبێتە 111 پلەی فەهرەنایتی دانیشتن لە ماڵەوە بەم گەرمایە بەدبەختییە تەنانەت ئەگەر فێنککەرەوەش دابگیرسێنیت، بۆیە بڕیارماندا بێینە دەرەوە و هەندێک هەوا هەڵبمژین، هیچ نەبێت خۆشی لە گەرمای دەرەوە وەربگرین نەک ناوەوە''.
 
خزمەتگوزاریی کەشناسیی ئەمریکی دەڵێت، نزیکەی 90 ملیۆن کەس بەهۆی گەرماوە ژیانیان لە مەترسیدایە، لەو ژمارەیەش زۆرینەیان منداڵ و بەساڵاچوون.
 
بەپێی ئاژانسی کەشناسیی نیشتمانی وڵاتەکە، پێشبینی دەکرێت پلەی گەرما لە هەندێک ناوچە بگاتە 46 پلەی سیلیزی.
 
ناوەندی کۆنتڕۆڵ و پێشگیری لە نەخۆشییەکان لە ئەمریکا رایدەگەیێنێت، ئەگەر هەر کەسێک نیشانەکانی 'ئارەقکردنەوە، سەرسووڕان، هێڵنج، وشکبوونەوەی جەستە و خێرا لێدانی دڵ و بوورانەوە'ـی تێدا دەرکەوت دەستبەجێ کەسەکە بگەیەندرێتە فریاکەوتنەکان، چونکە نیشانەن بۆ گەرمابردن و جەڵتەی گەرما.
 
زەوی بە جۆرێک گەرم بووە کە کەشوهەوای وڵاتان پێچەوانە بووەتەوە، دانیشتوویەکی ئەمریکا، ئەفغانستانی پێ فێنکترە لە ئەمریکا.
 
هیلال زاهیلوال، دانیشتووی ئەمریکایە و دەڵێت: ''ئەم گەرمایە هەستێکی زۆر ناخۆشە بۆ من، چونکە زۆر ئاشنا نیم بەم گەرمایەی سێ ساڵە لە ساکریمۆنتۆ هەیە، لەبەر ئەوەی من لە ئەفغانستان و کابوول دەژیام کە زۆر سارد بوو و زستانی بەفراوی بوو، گەرمای هاوینەکەشی وەکو ئێرە نەبوو''.
 
بەپێی بەشی فریاکەوتنی نیوجێرسیی ئەمریکا، پار زیاتر لە 11 هەزار کەس بەهۆی لێکەوتەکانی گەرماوە گیانیان لەدەستداوە.
 
پسپۆڕانی بەشی فریاکەوتنیش دەڵێن، لەم گەرمایە جلوبەری قۆڵدرێژ، کڵاو و چاویلکە بەکاربهێندرێن و بایەخیش بە ئاوخواردنەوەی بەردەوام بدرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە