پسپۆڕێکی دەم و ددان: کەمیی ڤیتامین D هۆکارێکی کلۆربوونی ددانە لەنێو منداڵان

11-07-2024
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی دەم و ددان رایدەگەیەنێت، ئازاری ددان بەهۆی کلۆربوونەوە باوترین کێشەیە دووچاری گەنجان دەبێتەوە و ناڕێکیی شێوازی ژیان بە هۆیەکی سەرەکیی دەزانێت بۆ کێشەکە.
 
د. وەرز هەڵگورد، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی دەم و ددان بە رووداوی گوت، کەمیی ڤیتامین D دەشێت لەنێو منداڵاندا هۆکاربێت بۆ کلۆربوونی ددان.
 
لەبارەی بۆشایی نێوان ددانەکان ئەو پسپۆڕە دەڵێت: دانانی تەلی ددان باشترین چارەسەری بۆشایی نێوان ددانەکانە، بەڵام بەپێی دۆخی کەسەکە دەشێت بە کیفی ددانیش چارەسەر بکرێت.
 
دەقی وەڵامەکانی د. وەرز هەڵگورد، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی دەم و ددان لەبارەی چەند کێشەیەکی دەم و ددان و پارێزگاریکردن لێیان؛
 
رووداو: ئێستا زۆرترین ئەو کێشانەی تووشی گەنجان دەبنەوە لەبارەی نەخۆشییەکانی دەم و ددان چین؟
 
د. وەرز هەڵگورد: زۆرترین ئەو کێشەیەی دووچاری دەم و ددان دەبێتەوە ئەمانەی خوارەوەن؛
 
- ئازاری ددان بەهۆی کلۆربوون؛ ئەگەر درێژەبکێشێت و چارەسەر نەکرێت، دەشێت هەوکردنەکە بگاتە دەمارەکانیش.
- نەخۆشییەکانی پووک؛ بەهۆی کێشانی جگەرە و نێرگەلە یاخود پاکنەکردنەوەی ددان بەباشی.
- جیڕکردنەوەی ددان؛ لەکاتی گوشاری دەروونی و دڵەڕاوکێدا دروستدەبێت، یاخود لەکاتی خەوتندا کەسەکە ددان جیڕدەکاتەوە و لە پاشانیش ددانەکە دادەخورێت.
- لێکەوتەکانی دانانی کیفی ددان ''ڤنییر'' یاخود ''کراون'' بە نازانستی؛ زۆرینەی پزیشکەکان بە نازاستی کیفی ددان دادەنێن و دەبینین کە ددانی چارەخوازەکە دوای ساڵێک یان دوو ساڵ تووشی شکستدەبێت.
- لێکەوتەکانی چاندنی ددان بە نازانستی؛ ئەگەر نەخۆشەکە جگەرەکێش بێت یاخود پزیشکەکە بە نازانستی کارەکە ئەنجامبدات. 
 
رووداو: چی وادەکات دەم و ددان تووشی هەوکردن بێت؟
 
د. وەرز هەڵگورد: ئێستا شێوازی ژیانی ناتەندروست و جۆری خۆراک هۆکارێکی سەرەکین بۆ هەوکردنی دەم و ددان، چونکە مادەکانیان لەسەر رووی ددان دەمێننەوە و ئەگەری کلۆربوون زیاددەکەن، خۆراکەکانیش وەکو؛ 'شیرینییەکان، خواردنەوە گازییەکان و خۆراکە خێراکان' هەروەها کەمیی مادەی فلۆراید لەنێو ددان هۆکارێکی دیکەی هەوکردنە، بۆیە باشتر وایە ناوە ناوە هەویری ددانی فلۆراید بەکاربێت. پاشانیش هەندێک کەس هەیە کە بە بۆماوەیی ددانی کلۆردەبێت یاخود بە پێچەوانەوە هەندێک کەس هەیە ددانیشی بە پاکوخاوێنی رادەگرێت، بەڵام هەر دووچاری کلۆربوون دەبێتەوە؛ کەواتە لە هەر بارێکدا پێویستە هەمیشە پاکوخاوێنیی دەم و ددان بە باشی رابگیرێت. تەنانەت کەمیی ڤیتامین D دەشێت لەنێو منداڵاندا هۆکاربێت بۆ کلۆربوونی ددان.
 
رووداو: چۆن پارێزگاری لە هەوکردنی دەم و ددان بکرێت؟
 
د. وەرز هەڵگورد: چەند رێگەیەکی کاریگەر هەیە بۆ پارێزگاریکردن لە دەم و ددان وەکو؛
 
- کەمخواردنی شیرینییەکان و خۆراکە خێراکان.
- شۆردنی ددانەکان؛ دووجار لە رۆژێکدا.
- بەکارهێنانی پەتی تایبەت بە ددان بۆ خاوێنکردنەوەیان.
- خواردنەوەی ئاو دوای خواردنی شیرینییەکان، ئەگەر نەتواندرا ددان بشۆردرێت.
- بەکارهێنانی هەویری ددانی دەوڵەمەند بە فلۆراید.
- کەمخواردنەوەی خواردنەوە گازییەکان.
 
رووداو: ئەگەر رۆژێک دەم و ددان نەشۆردرێت چ مەترسییەکی دەبێت؟
 
د. وەرز هەڵگورد: رۆژێک نەشۆردنی دەم و ددان وادەکات چینێک لە پیسی لەسەر ددانەکان کەڵەکە ببێت و ئەمەش ئەگەری کلۆربوون زیاددەکات، هەروەها دەبێتەهۆی بۆنی ناخۆشی دەم.
 
رووداو: بەشێکی خەڵک بەهۆی زۆریی بۆشایی نێوان ددانەکان، پاشماوەی خۆراک لەنێو ددانەکانیان دەمێنیتەوە، هۆکارەکانی دروستبوونی بۆشایی ددانەکان چینە؟
 
د. وەرز هەڵگورد: بە شێوەیەکی گشتیی چەند هۆکارێک هەن، بەڵام زۆرینەیان بۆماوەییە و کەسەکە لەگەڵ دروستبوونی ددانەکانی، بۆشایی دەکەوێتە نێوانیان، بەڵام ئەوانەی کە گاز لە نینۆکەکانیان دەگرن یان منداڵ کاتێک زمان دەخاتە نێوان ددانەکانی و پەنجە دەخاتە دەمی، دەشێت بۆشایی بخاتە نێوان ددانەکانی؛ جگە لەمانەش هەندێک هەوکردنی پووک و تەنانەت بەساڵاچوونیش دەشێت هۆکار بن بۆ کێشەکە.
 
رووداو: چارەسەرەکانی کەمکردنەوەی بۆشایی ددانەکان چین، و ئەگەر کەسێک بۆشایی ددانی هەبێت، باشترە چۆن ددانەکانی پاکبکاتەوە؟
 
د. وەرز هەڵگورد: باشترین چارەسەر بۆ بۆشایی نێوان ددانەکان، دانانی تەلی ددانە، بەڵام ئەوانەشی کە حەزیان لێنییە تەلی ددان دابنێن و دەیانەوێت بە کاتێکی کەم لە کێشەکە رزگاریان ببێت، دەتواندرێت کیفی ددان ''ڤنییر'' یان ''کراون''ـی بۆ بکرێت (ئەویش بەپێی جۆری کەیسەکە دەگۆڕێت).
 
لەبارەی پاککردنەوەشیان، بە شۆردنی ئاسایی بە فڵچە دەکرێت و باشترە کە فڵچەی تایبەت بە نێوان ددان بەکاربێت کە قەبارەی بچووکترە و بە باشی نێوان ددانەکان پاکدەکاتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە