جیهان لە دۆزینەوەی یەکەم ڤاکسینی 'دژ بە ئەیدز' نزیک دەبێتەوە

11-07-2024
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

توێژەرانی باشووری ئەفریقا سەرکەوتنی دەرمانێک وەکو ڤاکسین دژ بە نەخۆشیی ئەیدز رادەگەیەنن و دەڵێن: لە ساڵێکدا دووجار لێبدرێت ئەوا 100٪ کاریگەری دەبێت.
 
ڤاکسینە نوێیەکەی ئەیدز ناوی لیناکاپاڤیر ''Lenacapavir''ـە و لەسەر پێنج هەزار خۆبەش لە ئۆگەندا و باشووری ئەفریقا تاقیکرایەوە و دەرکەوت، ئەوانەی دەرزییەکەیان لێداوە تووشی نەخۆشیی ئەیدز نەبوون.
 
تاقیکردنەوەکە لەسەر سێ دەرمانی دژە ڤایرۆس کرا کە بۆ تووشبووانی ئەیدز بەکاردەهێندرێن، لە ئەنجامدا دەرزیی لیناکاپاڤیر توانی پارێزگاری لە جەستەی کەسانی ئاسایی بکات و وەکو ڤاکسین دژی ڤایرۆسی HIV کە دەبێتەهۆی ئەیدز، کاربکات.
 
پڕۆفیسۆر لیندا گەیل، توێژەری سەرەکیی تاقیکردنەوەکە لە بەشی باشووری ئەفریقا دەڵێت: بەراورد بە دەرمانەکانی دیکە، لیناکاپاڤیر کاریگەریی زۆر زیاتر بووە و شەش مانگ جارێک لە ژێر پێستی خۆبەخشەکان دراوە کە 100٪ نەیهێشتووە تووشی ڤایرۆسەکە ببن. 
 
پڕۆفیسۆر لیندا گەیل دەشڵێت: ''خۆشبەختانە قۆناخی یەکەمی تاقیکردنەوەی دەرمانەکە لەسەر مرۆڤ بۆ پێشگیری لە ئەیدز سەرکەوتووبوو''.
 
کلیک لێرە بکە بۆ زانیاریی زیاتر لەسەر دەرمانەکە کە ساڵی رابردوو لەلایەن FDAـیەوە پەسندکرا بۆ تووشبووانی ئەیدز.
 
بە گوتەی ئەو پڕۆفیسۆرە، تاقیکردنەوەی داهاتوو لەسەر هاوڕەگەزخواز و رەگەزگۆڕاوەکان دەبێت.
 
ڤاکسینەکە لەلایەن کۆمپانیای گیلەید ساینس بەرهەمدەهێندرێت و ئێستا وەکو دژەڤایرۆس بۆ ئەو کەسانە بەکاردێت کە تووشی ئەیدز بوون، بەڵام لەم تاقیکردنەوەیە ئەوە دەرکەوتووە کە دەتوانرێت بۆ پێشگیری لە نەخۆشییەکە بەکاربهێندرێت.

ژمارەی تووشبووانی ئەیدز لە جیهان دا
 
بەپێی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان، تاوەکو ئێستا 85.6 ملیۆن کەس لە جیهان تووشی نەخۆشیی ئەیدز بوونە کە 40.4 ملیۆنیان بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە. لە ساڵی 2022دا لە جیهان 39 ملیۆن تووشبوو هەبووە، کە 53٪یان لە رەگەزی مێ بوون. 
 
رێکخراوە تەندروستییە جیهانییەکان دەیاندەوێت تاوەکو 2025 ژمارەی تووشبووان بگاتە 500 هەزار کەس، جگە لەوەش تاوەکو ساڵی 2030 بڕیاری بنبڕکردنی تەواوەتیی نەخۆشیی ئەیدز دراوە.
 
له‌ ‌ساڵی 1986 یه‌كه‌مجار له‌ عێراق نه‌خۆشیی ئەیدز ده‌ستنیشانكرا و 273 تووشبوو تۆماركران، تاوەکو ساڵی 2007 ژمارەی تووشبووان 475 کەس بوو، به‌ڵام له ‌ساڵی 2017 ژمارەی تووشبووان بووە 185 کەس. لە ساڵی 2018ـەش‌ گه‌یشته‌ 224 كه‌س.
 
بە گوێرەی ناوەندی کۆنتڕۆڵ و پێشگیری لە نەخۆشییەکان CDC لە ئەمریکا، ئەیدز بەم رێگەیانە دەگوازرێتەوە؛
 
- سێکسی ناتەندروست و سێکس لەگەڵ کەسی تووشبوو.
- لە دایکەوە بۆ کۆرپەلە لەماوەی دووگیانیدا. 
- لە دایکەوە بۆ کۆرپە لەکاتی شیرپێدان.
- گواستنەوەی خوێن لە کەسێکی تووشبوو.
- گواستنەوە ئەندامێکی جەستە لە کەسێکی تووشبوو.
- دووبارە بەکارهێنانەوە دەرزیی پیسبوو بە خوێنی کەسی تووشبوو.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە