کۆمەڵەی دڵ لە ئەمریکا: تووشبووانی بەرزەپەستانی خوێن گرووپی مەترسیدارن بۆ گەرما

10-07-2024
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

کۆمەڵەی پسپۆڕانی نەخۆشییەکانی دڵ لە ئەمریکا هۆشداری دەداتە تووشبووانی نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن بەوەی کە لە کاتە گەرمەکانی هاویندا نەچنە دەرەوە و هەمیشە بایەخ بە خۆشێدارکردنەوە بدەن، پسپۆڕێکیش دەڵێت: مردن بە گەرما لەنێویاندا زیاددەکات.
 
نوێترین راگەیەندراوی کۆمەڵەی پسپۆڕانی نەخۆشییەکانی دڵ لە ئەمریکا ئاشكرای دەکات، تووشبووانی بەرزەپەستانی خوێن و ئەوانەشی کە رابردووی تووشبوون بە جەڵتەیان هەیە، پێویستە خۆیان لە گەرمای هاوین بپارێزن و هەمیشە لە کەشێکی فێنکدا بن.
 
بە گوێرەی ئاژانسی ژینگەپارێزیی ئەمریکا، لە 44 ساڵی رابردوودا زیاتر لە 14 هەزار ئەمریکی بە گەرما و لێکەوتەکانی، گیانیان لەدەستداوە، هاوکات زۆرینەشیان ئەوانەبوون کە نەخۆشییە درێژخایەنەکانیان هەبووە.
 
د. جۆزێف وو، سەرۆکی کۆمەڵەکە دەڵێت: ''ژمارەی مردن بەهۆی گەرماوە لەنێو تووشبووانی نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن لە دوو دەیەی داهاتوودا دوو ئەوەندە زیاددەکات''.
 
تەنانەت ئەو پسپۆڕە دووپاتی دەکاتەوە، تووشبووانی نەخۆشییە درێژخایەنەکان مەرجەکانی خۆپارێزی لە گەرما پەیڕەوبکەن بەم شێوەیە؛
 
- چوونەدەرەوە لە کاتە فێنکەکاندا وەکو بەیانیان، ئێوارە و شەوان.
- لەکاتی دەرکەوتنی نیشانەکانی گەرمابردن پزیشک ئاگاداربکەرەوە.
- منداڵ و بەساڵاچووان هەمیشە ئاوبخۆنەوە و نەچنە بەر گەرما.
- دووربکەورەوە لەو خۆراکانەی وشکبوونەوەی جەستە زیاددەکەن.
- ئەوانەی نەخۆشییە درێژخایەنەکانیان هەیە پابەندبن بە بەکارهێنانی دەرمانەکانیان و خۆیان لە کەشی گەرم بپارێزن.
- لەکاتی چوونە بەر گەرما کڵاو، چەتر، چاویلکە و جلوبەرگی قۆڵدرێژ بەکاربێت.
 
بەم رێگەیانە مەترسیی تووشبوون بە جەڵتەی دڵ کەمبکەرەوە و تەندروستیی دڵت بپارێزە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە