لووتکەی تەندروستیی کوردستان دەستپێدەکات

02-10-2021
هونەر رێبوار
نیشانەکردن لووتکەی تەندروستیی کوردستان
A+ A-
 
رووداو- هەولێر

لە هەولێر لووتکەی تەندروستیی کوردستان بەڕێوەدەچێت، 1000 پزیشك و تەندروستکار بەشداردەبن، لە ماوەی سێ رۆژ لە 40 چالاکیدا "پانێڵ، وۆرکشۆپ و فۆکەس سێشن" چەندین مژاری گرنگی هەنووکەیی لە بواری تەندروستی کاریان لەسەردەکرێت.
 
بەگوێرەی ئەنجێندای لووتکەی تەندروستیی کوردستان گرنگترین مژارەکان بریتین لە ریفۆرمی سیستەمی تەندروستی، پەیوەندیی نێوان کەرتی تایبەت و گشتی، مافەکانی نەخۆش، رێککەوتنە نهێنییەکانی نێوان پزیشکان و کۆمپانیاکانی دەرمان، نەخۆشخانە فریاکەوتنەکان، چاودێریی بەرایی تەندروستی، سەلامەتیی خۆراک، دەرمانی قاچاخ و بێ کواڵیتی، رۆڵی میدیا لە هۆشیاریی تەندروستی، گرنگیی داتا تەندروستییەکان، نوێترین تەکنیکەکانی چارەسەری شێرپەنجە، بەڕێوەبردن و لەخۆگرتنی ئاوارەکان، یەکسانی رەگەزیی، تەندروستیی خانمان، کەمکردنەوەی مردنی منداڵان، بەهێزکردنی خزمەتگوزاری تەندروستیی پزیشكی خێزانی و پزیشكیی فریاکەوتن.
 
د. عەبدولفەتاح هەورامی، سەرپەرشتیاری زانستیی لووتکەکە دەڵێت، لووتکەکە لە رۆژانی 2-4ی ئۆکتۆبەر بەڕێوەدەچێت، جگە لە نزیکەی هەزار پزیشك و تەندروستکاری کوردستان، عێراق و وڵاتە دراوسێکان، 83 پسپۆڕی نێودەوڵەتی لە 29 وڵاتی دنیاوە بەشدارن و باسی ئەزموونی سەرخستنی کەرتی تەندروستیی وڵاتەکانیان دەکەن. 
 
سەرپەرشتیاری زانستیی لووتکەکە دەڵێت، لە یەکەم رۆژی لووتکەکەدا هەڵمەتی چاندنی هەزار نەمام لە هەولێر دەستپێدەکەن، وەکو ئاماژەیەک بۆ قەرەبووکردنەوەی پیسکردنی ژینگە لە ماوەی سێ رۆژی لووتکەکە.
 
زانکۆکانی هارڤەرد، ئۆکسفۆرد لەندەن بەشدارییەکی کارایان هەیە و لەنێو لووتکەکەدا بەشداری پانێڵ و وۆرکشۆپەکان دەکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە