رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ رۆژی لە دایکبوونی نازدار، هونەرمەندی کوردە و بەم بۆنەیەوە بەرهەمێکی پێشکێش بە هەوادارانی کردووە و بەشێکی ئەم بەرهەمە بۆ یەکەمجار لەرێگەی تۆڕی میدیایی رووداو بڵاودەکرێتەوە.
نازدار، بە رووداوی راگەیاند، ڤیدیۆکلیپی 'رۆژبوونا من' لە ئاواز و تێكستی خۆیەتی، ئەمڕۆ سێشەممە 15 تشرینی دووەمی 2022 كە رۆژی لە دایكبوونیەتی، دەیکاتە دیاری بە خۆی و ھەوادارانی، هیوای ئەوەشی خواست، ئەم بەرهەمە بە دڵی ھەموولایەك بێت و ھاوڕێی رۆژی لە دایكبوونی ئازیزانی بێت.
نازدار گوتیشی: "لە ناخی دڵەوە ئاواز و ھۆنراوەم بۆ ئەم بەرهەمە داناوە كە ژیان و ھونەرم پێشان دەدات و پێشكێشی ھەموو ھەوادارە ئازیزەكانم دەكەم، ھیوادارم ھیچ كات بێ ھیوا نەبن و بەردەوام بە ھیواوە لە ژیان بڕوانن و بەردەوام بن، كۆڵنەدەن لە بەدەستھێنانی ئامانجەكانتان".
ئەم بەرھەمە لە دابەشكردنی ئەفشین شوكریە و لە تاران كاری میوزیكی بۆ كراوە، لە توركیا كاری دەرھێنانی لەلایەن یمراھ ئۆزبەلن، كاری گرافیك و دیزاین لەلایەن رەیان فەرسەت و پڕۆدیوسەری لەلایەن رابین بۆی كراوە.
ڤیدیۆکلیپی 'رۆژبوونا من' لەلایەن نازدار پڕۆدەكشن بەرھەمھاتووە و کاژێر 3:00ـی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە کەناڵی تایبەتی ئەو هونەرمەندە لە یوتیوب بڵاودەکرێتەوە.
نازدار، لە نێو هەوادارانیدا بە نازدار جزیری دەناسرێت، لە جزیری باکووری کوردستان لە دایکبووە، لە 1993 لەگەڵ ماڵباتەکەی رووی لە ئەڵمانیا کردووە، خاوەنی پێنج ئەلبوومی گۆرانییە، جگە لە چەندین گۆرانی سینگڵ و ڤیدیۆکلیپ.
یەکەم ئەلبوومی گۆرانیی بەناوی 'هەی دنیایێ' بڵاوکردووەتەوە، دواتر ئەلبوومی 'دڵی من و لەیلۆ'، 'کەیف و شاهی' و 'د تو وەرە' بڵاوکردووەتەو و بەکالۆریۆسی لە دەروونناسی لە ئەڵمانیا بەدەستهێناوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ