رووداو دیجیتاڵ
هاوڕێیەکی هونەرمەند بەیتۆجان رایگەیاند، بە ئامادەبوونی کوردی دیاسپۆرای سوێد، هونەرمەند و کەسایەتییە سیاسییەکانی هەرچوار پارچەی کوردستان، ئەمڕۆ تەرمی هونەرمەندی نیشتمانپەروەر بەیتۆجان لە سوێد بەخاکسپێردرا.
رۆژی پێنجشەممە 14-09-2023 سەلام کوردە، هاوڕێی هونەرمەند بەیتۆجان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بە ئامادەبوونی کوردانی دیاسپۆرای سوێد هونەرمەند و کەسایەتییە سیاسییەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان ئەمڕۆ کاژێر 10:00ی بەیانی تەرمی هونەرمەندی نیشتمانپەروەر بەیتۆجان لە ئارامگەی ستراندی تیرەسۆ لە ستۆکهۆڵم بەخاکسپێردرا و ماڵئاوایی لێکردین."
بە گوتەی سەلام کوردە، هونەرمەند بەیتۆجان کە قسەیان لەگەڵ کردووە وەسێتی کردووە ئەگەر باش بوو بیبەنەوە کوردستان و ئەگەر مردیش لەوێ بەخاکی بسپێرن، بەڵام لەم دواییانەدا کە تەندروستیی باش نەبوو بە ماڵبات و منداڵەکانی گوتبوو لە نزیکی خۆیان بە خاک بسپێرن. بڕیارە رۆژی یەکشەممەش 17ی ئەم مانگە لە نۆشبۆری ستۆکهۆڵم پرسەی بۆ دابنێن.
رۆژی سێشەممە 12-09-2023 بەیتۆجان، هونەرمەندی کورد و خاوەن گۆرانیی "ئاگر کەتیە دلێ من" لە سوێد بەهۆی نەخۆشیی شێرپەنجەوە کۆچی دواییکرد.
بەیتوڵڵا گونەری، ناسراو بە بەیتۆجان لە ساڵی 1955 لە قەزای فارقینی سەر بە پارێزگای ئامەد لەدایکبووە و لە تەمەنی 8 ساڵییەوە خێزانەکەیان چوونەتە شاری ئامەد و لەوێ نیشتەجێ بوون.
بەیتۆجان بە گۆرانییەکانی "ئاگر کەتیە دلێ من" و "دیاربەکر مالا من" ناوبانگی پەیداکرد، خاوەنی چوار ئەلبوومی گۆرانییە بە ناوەکانی؛ "یان مرن، یان دیاربەکر"، "تە نادەن من"، "21ـی ئادار" و "ئەتونا دلێ من."
هونەرمەند بەیتۆجان یەکەم ئەلبوومی بەناوی "یان مرن یان دیاربەکر" لە ساڵی 1990 بڵاوکردەوە و ساڵێک دوای بڵاوبوونەوەی ئەلبوومەکەی بەرەو ئەوروپا کۆچیکرد و لە سوێد نیشتەجێبوو، دوای 23 ساڵ و لە ساڵی 2014 سەردانی ئامەدی کردەوە و کۆنسێرتێکی لە زێدی خۆی سازکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ