رووداو دیجیتاڵ
جووتیارێک نزیکەی 80 جۆر ترێ و چەندین جۆر هەنجیر بەرهەمدەهێنێت و دەڵێت هەنارەکەشی لە هەناری هەڵەبجە خۆشترە و هەنجیرەکەشی پێشەنگی هەنجیرەکانی کوردستانە.
ماوەی چەند ساڵێکە خەڵکی هەرێمی کوردستان دەستیان بە کشتوکاڵ کردووەتەوە و جیاوازییەکەی لەگەڵ ساڵانی رابردوو ئەوەیە کە جووتیاران وڵاتان دەگەڕێن و لەهەوڵدان بەشێوازی سەردەمیانە بەرهەمەکانیان پێبگەیێنن و بیخەنە بازاڕەوە.
جووتیارێکی خەڵکی رواندز لە پارێزگای هەولێر، دەیان ساڵە کاری کشتوکاڵی دەکات بەڵام چەند ساڵێکە بە گەڕان و بەدواداچوون بۆ پیشەکەی، ئێستا چەندین جۆری هەنجیر، ترێ، هەنار، قۆخ، توو، هەرمێ و جۆرەکانی دیکەی میوە بەرهەمدەهێنێت و ساڵانە دەیان تۆن میوە دەخاتە بازاڕەوە. ئەو دەڵێت، ئەمساڵ 20 تۆن هەنجیر و 20 تۆن ترێی ناردووەتە بازاڕ.
تەحسین ئیبراهیم قادر جووتیار لە رواندز بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، باخەکەم زیاتر لە 20 دۆنمە و دەکەوێتە دۆڵی ئاکۆیان لە رواندز، لەو باخەمدا نزیکەی 25 جۆر هەنجیرم هەیە، نزیکەی 80 جۆر ترێم هەیە کە هەندێکی لە کوردستان هەر نیە و تەنیا من بەرهەمی دەهێنم. هەندێکی دیکەشمان هێناوە تاوەکو ئێستا بەریان نەداوە.
سەبارەت بە جۆرەکانی ترێ و گرانی و هەرزانییان، تەحسین ئیبراهیم گوتی؛ جیاوازی بەرهەمی ترێ لە باخەکەیدا بۆ قەبارە و تام و رەنگ و بۆنیان دەگەڕێتەوە. لە ترێی وردەوە تاوەکو ترێی قەوی و لە تامی شیرەوە تاوەکو گوڵاو. ترێ مان هەیە کە بۆڵەکەی زۆر گەورەیە تامی زۆر خۆشە کیلۆی تاوەکو 7 هەزار دەڕوات. جۆری دیکەشمان هەیە چینی کە زۆر جوانە ئەڵێی بە دەست دروستکراوە، ئەو کیلۆی 5 هەزار دینارە.
ئەگەرچی هەنجیری ئاکرێ و هەناری هەڵەبجە لە باشووری کوردستان ناوبانگیان هەیە، بەڵام تەحسین ئیبراهیم دەڵێت، هەنجیر و هەناری باخەکەی ئەو پێشەنگە و باشترین جۆری هەنجیر و هەناری هەیە. ئەو دەڵێت، هەنارێکم هەیە کە نزیکەی مەتر و نیوێک بەرز دەبێت و بەرێکی زۆر دەگرێ، هەنارەکەشم زۆر لەوەی هەڵەبجە باشترە، هەناری هەڵەبجەمان هەیە لە مەشتەل بە هەزار دینار کەچی ئەوەی من بە 5 هەزار دینارە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ