داواکاری وەرگرتنی ملیۆنێک و 841 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان دراوەتە عێراق

28-05-2023
سۆران حوسێن
نیشانەکردن گەنم گەنمی جووتیاران
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەگوێرەی پێشبینی بەڕێوەبەرایەتییەکانی کشتوکاڵ لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان، بەرهەمی گەنمی ئەمساڵ ملیۆنێک و 841 هەزار تۆن دەبێت و پێشبینییەکانیش پێشوەختە بۆ بەغدا نێردراون، بەڵام حکومەتی عێراق بڕیاریداوە 375 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەربگرێت.
 
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، لە پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران پێشبینی 450 هەزار تۆن گەنم دەکرێت و لەو بڕە حکومەتی عێراق 115 هەزار تۆن وەردەگیرێت؛ لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی راپەڕین و گەرمیان پێشبینی ملیۆنێک و 9 هەزار تۆن بەرهەمی گەنم هەیە، بەڵام حکومەتی عێراق 160 هەزار تۆنی وەردەگرێت؛ لە دهۆکیش پێشبینی 382 هەزار تۆن گەنم دراوەتە حکومەتی عێراق، بەڵام ئەو، بڕیاریداوە 100هەزار تۆنی وەربگرن.
 
کشتوکاڵی هەولێر: پێشبینی 450 هەزار تۆن گەنم دەکەین
 
لە هەولێر، بەگوێرەی زەویی چێندراو و بارانبارین، گەنم بە نزیکەی سێ هێندە زیاتر لە بەرهەمی ساڵی رابردوو مەزەندە دەکرێ.
 
هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەگوێرەی داتاکانی بەردەستمان کە رەوانەی بەغدامان کردوون، ئەمساڵ نزیکەی 450 هەزار تۆن گەنم لە پارێزگای هەولێر بەرهەمدێت کە ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانیشی لەگەڵدایە".
 
بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر گوتیشی، ساڵی رابردوو چەند ناوچەیەکی هەولێر وەک شەمامک و قوشتەپە بەرهەمی گەنمیان سفر بوو بەهۆی وشکەساڵییەوە، بەڵام ئەمساڵ لە هەموو سنوورەکە بەرهەمی گەنم زۆر باشە؛ گوتیشی: "لەو بڕەی لە سنوورەکەمان بەرهەمدێت، حکومەتی عێراق بڕیاریداوە تەنیا 115 هەزار تۆن گەنم لە جووتیاران وەربگرێت".
 
سلێمانی و هەڵەبجە: بەرهەمی گەنم زیاتر لە ملیۆنێک تۆنە
 
راوێژکارێکی وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێ، بەگوێرەی داتا و زانیارییەکان کە لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی کشتوکاڵی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، هەروەها ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین گەیێندراوەتەوە ئەوان، گەنمی ئەمساڵ لەو سنوورانە ملیۆنێک و 9 هەزار تۆن دەبێ.
 
رزگار حەمەخدر، راوێژکاری وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەوەی بۆ پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی سنوورەکە بۆ ئێمە هاتووە، تەنیا پێشبینییە؛ پێشبینییەکەش لەسەر بنەمای زەوی و بارانبارینی ئەم وەرزەی بارینە".
 
راوێژکارەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ ئاماژەی بەوەشکرد، ساڵی رابردوو کە گەنمی جووتیاران بێسنوور وەرگیراوە، ئەمساڵ جووتیارێکی زۆر زیاتر زەوییەکانیان بە گەنم چاندووە؛ بارانبارینیش باش بووە، ئەوانە هۆکاری زۆریی بەرهەمی ئەمساڵن؛ گوتیشی، "بۆ ئەو ناوچانە، حکومەتی عێراق بڕیاریداوە 160 هەزار تۆن وەربگرێت".
 
کشتوکاڵی دهۆک: داوامانکرد 382 هەزار تۆن گەنممان لێ وەربگیرێت
 
لە دهۆکیش گەنم چەند هێندەی ساڵی رابردووە. ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمساڵ زیاد لەوەی پێشبینیمان دەکرد بەرهەمی گەنم هەیە؛ بەرهەمێک کە کوالێتیی زۆر بەرزە و لەو گەنمەش باشترە کە عێراق لە ئوسترالیا و وڵاتانی دیکەوە هاوردەی دەکات".
 
ئەحمەد جەمیل ئاماژەی بەوەکرد؛ گەنم لە سنووری پارێزگاکەیان بە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆشەوە بەگوێرەی پێشبینی و داتاکانی ئەوان بۆ وەزارەتی بازرگانی عێراق 382 هەزار تۆن بووە؛ گوتیشی "پێشبینییە سەرەتاییەکان بوو بۆ بەغدامان نارد؛ ئێستا دەرکەوتووە بەرهەممان زیاتر لە 400 هەزار تۆن گەنمە؛ لەو بڕە حکومەتی عێراق بڕیاریداوە 100 هەزار تۆنی لە جووتیاران وەربگرێتەوە".
 
کۆمپانیای بەبازاڕکردنی دانەوێڵەی عێراق: بەرهەمی جووتیاران هەمووی وەردەگرین
 
حکومەتی عێراق بڕیاریداوە 375 تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەربگرێت، لەکاتێکدا بۆ پارێزگاکانی دیکەی عێراق وەرگرتنی گەنم بێسنوورە، بەڵام دوێنێ (شەممە، 27-5-2023) حەیدەر گەرعاوی، بەڕێوەبەری کۆمپانیای بەبازاڕکردنی دانەوێڵەی عێراق لە کۆنفراسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، "لە راستیدا لە رێگەی لیژنەیەکی هاوبەش لە بەغدا، بە سەرۆکایەتیی وەزیری کشتوکاڵی عێراق بڕی گەنمی وەرگیراو لە هەرێمی کوردستان دیاریکراوە؛ بڕیاردراوە بۆ ئەم وەرزە 375 هەزار تۆن گەنم وەربگیرێت؛ هەروەها رێککەوتنیش کراوە بۆ وەرگرتنی 175 هەزار تۆنی دیکە لە ئەگەری بوونی بڕێکی دیکەی بەروبوومی جووتیارانی هەرێمی کوردستان".
 
بەرپرسەکەی حکومەتی عێراق گوتیشی، "ئامانج لەم بڕیارە وەرگرتنی کۆی گشتیی بەرهەمی جووتیارانە؛ هەروەها وەک کۆمپانیای دانەوێڵە لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ و لایەنە پەیوەندیدارەکان رێککەوتووین بە وەرگرتنی هەموو بەروبوومەکان. ئەگەر ئەمڕۆش وەرنەگیرێت، سبەی یان دوای مانگێک وەریدەگرین. بۆ ئەمەش بڕیارێکی دیکەی بۆ دەردەکەین و بەپێی ئەو بڕەی ماوەتەوە، دەست بە وەرگرتنی دەکەین".
 
هەروەها وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، نیگەرانیی جووتیارانی گەیاندووەتە وەزارەتی بازرگانی عێراق و رەزامەندی سەرەتایی دراوە بۆ وەرگرتنی گەنمی زیاتری جووتیارانی هەرێمی کوردستان و چاوەڕوانی بڕیاری فەرمین لەوبارەیەوە.
 
بەرهەمی گەنم بە داتا دراوەتە عێراق
 
ساڵی رابردوو لە بەشێکی هەرێمی کوردستان، وشکەساڵی یان کەمبارانی بوو؛ بۆیە حکومەتی عێراق بێسنوور گەنمی جووتیارانی وەرگرت، کە زیاتر بوو لە 300 هەزار تۆن؛ ئەمساڵ پێشوەختە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق فۆرمێکی تایبەتی بۆ هەرێمی کوردستان نارد و تێیدا زانیارییەکانی ناوی جووتیاران، قەبارەی زەوییەکانیان، چەندی دەچێنن و بەرهەمیان چەند دەبێت تۆماری کرد.
 
حکومەتی عێراق تۆنێک گەنم بە 850 هەزار دینار وەردەگرێت و نرخەکە جێگەی رەزامەندی جووتیارانە، بەڵام جووتیارانی هەرێمی کوردستان دەڵێن، بەگوێرەی بڕی دیاریکراو بێت بەشی زۆری گەنمەکەیان دەمێنێتەوە و لێیان وەرناگیرێت.
 
ئەو بڕە گەنمەی حکومەتی عێراق لە جووتیارانی وەرنەگرێت دەبێ جووتیار خۆی لە بازاڕی ئازاددا ساخی بکاتەوە، کە بەگوێرەی جۆری گەنمەکان، تۆنێک گەنم لە بازاڕدا لە نزیکەی 600 بۆ 650 هەزار دینارە، جووتیارانیش نیگەرانن لەوە و دەڵێن بەو نرخە بیفرۆشن لەبری سوومەندبوون رووبەڕووی زیانی مادی دەبنەوە.
 
دوو کۆمپانیای گەورە لە هەرێمی کوردستان هەن کە ساڵی رابردوو بەشێکی گەنمی جووتیارانیان وەردەگرت، ئەویش کۆمپانیاکانی خۆشناو لە سنووری هەولێر و قەیوان لە سنووری سلێمانی. بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، تاوەکو ئەمڕۆ ئەو دوو کۆمپانیایە نرخی نوێیان دانەناوە بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران و بۆ ئەوەش وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان دەیەوێت هاوئاهەنگییان لەگەڵدا بکات بۆ ئەوەی بەنرخێک وەریبگرن جێگەی رەزامەندی جووتیاران بێت.
 
ساڵی رابردوو حکومەتی عێراق لە رێگەی سایلۆکانەوە زیاتر لە 300 هەزار تۆن گەنمی هەرێمی کوردستانی وەرگرتبوو، لە پارێزگای هەولێر 117 هەزار و 773 تۆن، لە سلێمانی 136 هەزار و 500 تۆن گەنم و لە دهۆک 52 هەزار و 195 تۆن.
 
دوێنێ یەکەم رۆژی وەرگرتنی گەنم لە سایلۆکانی هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و دیارنییە تاوەکو کەی بەردەوام دەبێت.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

مەسرور بارزانی دەڵێت وەستانی هەناردەی نەوت بووەتە هۆی دواکەوتنی مووچە

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، وەستانی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکووک لە رێگەی بۆریی نەوتی عێراق – تورکیا، 20 ملیار دۆلار زیانی بە داهاتی هەرێمی کوردستان و عێراق گەیاندووە.