سایلۆی دهۆک: دابەشکردنی پارەی گەنمی جووتیاران تەواو بوو

19-10-2023
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
نیشانەکردن گەنمی جووتیاران
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری سایلۆی دهۆک رایگەیاند، ئەم ساڵ 125 هەزار تۆن لە جووتیارانی پارێزگاکە وەرگیراوە، ئەمڕۆش دوایین گوژمەی پارەی جووتیاران خەرجدەکرێت کە زیاتر لە 38 ملیار دینارە، دەشڵێت، لەسەر ئاستی باڵا لیژنەیەک پێکهێنراوە بۆ چارەسەرکردنی گرفتی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی داهاتوو.
 
نازم محەممەد، بەڕێوەبەری سایلۆی دهۆک، لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو کە محەممەد رەحیم پێشکێشی دەکات رایگەیاند، بۆ ساڵی 2023 لەسنووری پارێزگای دهۆک 125 هەزار تۆن گەنم لە سێ هەزار و 976 جووتیاری سنوورەکە وەرگیراوە.
 
سەبارەت بە بڕی شایستەی دارایی جووتیاران، نازم محەممەد گوتی، "پارەی ئەو گەنمەی ئەم ساڵ لە جووتیاران وەرگیراوە 102 ملیار دینار بووە و بەشەش جار نێردراوە. رۆژی 17ـی تشرینی یەکەمی 2023، پارەکە گەیشتە هەرێمی کوردستان و لە دوێنێوە دەست بە دابەشکردنی کراوە کە کۆتا بەشی ئەو پارەیە 38 ملیار و 963 ملیۆن دینار بووە."
 
ئەم ساڵ لە سێ سایلۆی دهۆک، گەنم لە جووتیاران وەرگیراوە لەوانە، سایلۆی شێخان، سایلۆی زاخۆ و سایلۆی فایدە. نازم محەممەد گوتی، "هەر سایلۆیەک لە بانکێک پارەی جووتیاران خەرج دەکرێت، بانکی گارە تایبەتە بە سایلۆی فائیدە، بانکی خابوور بۆ سایلۆی زاخۆ و بانکی شێخانیش بۆ سایلۆی شێخان."
 
 
لەساڵی 2014 تاوەکو 2016، حکومەتی فیدراڵی عێراق پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی خەرجنەدەکرد نزیکەی 308 ملیار دیناربوو، شوباتی ئەم ساڵ حکومەتی عێراق 272 ملیار و 26 میلۆن دینار پارەی قەرزی گەنمی جوتیاران بۆ ساڵەکانی 2015 و 2016 خەرجکرد.
 
بەڕێوەبەری سایلۆی دهۆک دەڵێت، لە 2014، 2015 و 2016 گرفتێکمان لەگەڵ بەغدا هەبوو، چونکە بەشێک لە گەنمی سنووری موسڵ بە رەزامەندی وەزارەتی بازرگانی عێراق لە دهۆک رادەستکرابوو، ئەوە بووە گرفت، بەڵام دواتر ئەو گرفتە چارەسەرکرا.
 
گوتیشی، ئێستا لیژنەیەکی باڵای هاوئاهەنگی هەیە و لەهەوڵداین بۆ ساڵی داهاتوو، ئەو گرفتەی ئەمساڵ دووبارە نەبێتەوە، ئەو لیژنە باڵایە پێکهێنراوە سەرقاڵی ئەوەن پلانی چاندن لە هەرێمی کوردستان جێگیر بکرێت و گرفتی کەم وەرگرتنی گەنمی جووتیاران دووبارە نەبێتەوە لە ساڵی 2024.
 
سایلۆکانی دهۆک توانای هەڵگرتن و کۆگاکردنی 105 هەزار تۆن گەنمیان هەیە، سایلۆی شێخان 60 هەزار تۆن، سایلۆی فایدە 30 هەزار تۆن و سایلۆی زاخۆ 15 هەزار تۆن.
 
نازم محەممەد، دەڵێت، بێجگە لەو سێ سایلۆیە، ئێستا سایلۆیەکی دیکە لە رۆڤیا تەواوکراوە کە توانای هەڵگرتنی 40 هەزار تۆن گەنمی هەیە، سایلۆکە تەواوبووە، رادەستکردنی سەرەتایی بۆ کراوە و تەنیا رادەستکردنی کۆتایی ماوە، ئەگەر رادەستکردنی کۆتایی بکرێت هەوڵدەدەن بۆ ساڵی داهاتوو گەنم وەربگرێت.
 
بۆ ساڵی 2023، وەزارەتی بازرگانی عێراق 500 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەرگرت، کە 230 هەزار تۆن لە پارێزگای سلێمانی، 145 هەزار تۆن لە پارێزگای هەولێر و 125 هەزار تۆنیش لە پارێزگای دهۆک بوو.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی دیدارەکە.

نێچیرڤان بارزانی سوپاسی ئيسماعيل بێشكچى دەکات

نێچیرڤان بارزانی پێشوازی لە ئيسماعيل بێشكچى کرد و لە دیدارەکەدا "سوپاس و پێزانينى گه‌لى كوردستانى بۆ پشتگيرى و به‌رگريكردنى له‌ مافه‌كانى گه‌لى كورد دووپات كرده‌وه‌".