سەرچاوەیەک بۆ رووداو: چاوەڕوان دەکرێت سبەی مووچەی مانگی 10 رەوانە بکرێت

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
نەهرۆ محەممەد
نیشانەکردن مووچەی فەرمانبەران
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ
 
بەگوتەی سەرچاوەیەکی بەرپرس لە بەغدا، وەزیری دارایی عێراق رەزامەندی لەسەر خەرجکردنی 763 ملیار دیناری مانگی 10ی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان داوە.
 
سەرچاوەیەکی بەرپرس لە بەغدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رۆژی سێشەممە (26-11-2024) تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق رەزامەندی لەسەر خەرجکردنی بڕی 763 ملیار دینار وەک مووچەی مانگی 10ی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەربڕیوە و چاوەڕوان دەکرێت سبەی چوارشەممە پارەکە رەوانەی هەرێمی کوردستان بکرێت.
 
بەرپرسێکی باڵاش لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەگەر پارەکە لەبەر هەر هۆکارێک سبەی نەنێردرێ، ئەوا دوو سبەی بە دڵنیاییەوە دەگات.
 
هەر ئەمڕۆ سێشەممە، لیستی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە لایەن نوێنەری وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستانەوە رادەستی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کرا.
 
ئەو سەرچاوەیە گوتی، هەر ئەمڕۆ وەزیری دارایی عێراق رەزامەندی دا دەست بە وردبینیی لیستی مانگی 11ی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بکرێت.
 
ئەوە یەکەم جارە دەستبەجێ وەزیری دارایی عێراق رەزامەندی لەسەر وردبینیکردنی لیستی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بدات.
 
بە گوێرەی خەمڵاندن و بڕیاری وەزارەیی دارایی عێراق، دوای ئەوەی گواستنەوەیان بۆ پشکی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجە کردووە، بۆ هەر سێ مانگی 10 و 11 و 12 بۆ هەر مانگێک نزیکەی 760 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان دیاریکراوە. وەزیری دارایی عێراق داوای داهاتی نێوخۆیی هەرێمی کوردستان لە بەرامبەر ناردنی ئەو پارەیەدا دەکات.
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مووچەی هەر مانگێک پێویستی بە 996 ملیار دینارە. 
 
لە عێراق مووچەی مانگی 11 دابەشکراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی 10یان وەرنەگرتووە. 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە