رووداو دیجیتاڵ
گەڕی دووەمی گفتوگۆی ئێران و ئەمریکا کاریگەری ئەرێنی لەسەر بازاڕەکانی تاران داناوە. ماڵپەری نەڤەسانی تایبەت بە نرخی دراوەکان لە بازاڕی نێوخۆی ئێران دەڵێت، ئەمرۆ یەک دۆلار بە 81 هەزار و 300 تمەن مامەڵەی پێوەدەکرێت.
دوێنێ شەممە پێش ئەوەی دانوستاندنەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە رۆما دەستپێبکات، یەک دۆلار بە 85 هەزار تمەن مامەڵەی پێوەدەکرا.
دوای گفتوگۆکە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران گوتی، "گفتوگۆیەکی بنیاتنەرانەمان" لەگەڵ ئەمریکا کرد. گوتیشی، "لە بەردەوامیی کۆبوونەوەکەی پێشوودا، ئەم جارەش کۆبوونەوەیەکی باش بوو و دەتوانم بڵێم کە دانوستاندنەکە بەرەو پێشەوە هەنگاو دەنێت."
تاوەکو ئێستا ئەمریکا بە ئاشکرا هیچی لەسەر کۆبوونەوەکە نەگوتوە، بەڵام بەرپرسێکی وڵاتەکە قسەی بۆ ئاژانسی فرانس پرێس کردووە و دەڵێت، ئەمریکا و ئێران لە گفتوگۆکەی ئەمجارە، "بەرەوپێشچوونی زۆر باش"یان بەدەستهێناوە.
پێش دەستپێکی یەکەم گەڕی گفتوگۆی نێوان ئەمریکا و ئێران، نرخی یەک دۆلار بەرامبەر بە تمەن بەرزبووەوە بۆ نزیکەی 106 هەزار تمەن.
بەوپێیەش لە ماوەی 8 رۆژی رابردوودا بەهای تمەن بەرامبەر بە دۆلار نزیکەی 23 هەزار تمەن و زیاتر لە 21٪ بەرزبوونەوەی بەخۆوە بینیوە.
بازاڕی بۆرسەی تارانیش کاردانەوەی ئەرێنی بەرامبەر بە دووەم گفتوگۆی وڵاتەکەی و واشنتن پیشاندا.
پێنوێنی سەرەکیی بۆرسەی ئێران رۆژی شەممە 46 هەزار خاڵ بەرزبووەوە و بۆ یەکەمجار توانی ئاستی سێ ملیۆن خاڵ بەدەستبهێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ